هەواڵی ئەمڕۆ

هۆكاری "خۆكوشتنی ئه‌فسه‌رێكی باڵا"ی عێراق ئاشكراده‌كرێت

11:11 - 15/11/2021

12972جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ "خۆكوشتن" ی عه‌قید حه‌یده‌ر حه‌سناوی فه‌رمانده‌ی لیوای 33ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ربه‌لا، بۆ مردنی ژنێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی، لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌خۆكوشتنی عه‌قید حه‌یده‌ر حه‌سناوی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ دو ڕۆژ پێش ئێستا عه‌قید حه‌یده‌ر حه‌سناوی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی ملازم و سه‌ربازێك چونه‌ته‌ سه‌ر روبارێك له‌سنوری پارێزگای كه‌ربه‌لا و مادده‌ی كحولیان خواردوه‌ته‌وه‌ و سه‌رخۆش بون، به‌بیانوی گاڵته‌كردنه‌وه‌ عه‌قید حه‌یده‌ر پاڵی به‌ژنێكه‌وه‌ ناوه‌ و خستویه‌تیه‌ ناو روباره‌كه‌وه‌ و پاشانیش هه‌ر له‌و شوێنه‌ به‌جێیان هێشتوه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆناو فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌ربه‌لا.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ی عه‌قید حه‌یده‌ر پاڵی پێوه‌ی نا و خستیه‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، دۆزرایه‌وه‌

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ی عه‌قید حه‌یده‌ر پاڵی پێوه‌ی نا و خستیه‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، دۆزرایه‌وه‌ و هه‌واڵه‌كه‌ش گه‌یشته‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ربه‌لا.

كاتێك عه‌قید حه‌یده‌ر هه‌واڵی مردنی ئه‌و ژنه‌ی پێگه‌یشتوه‌، راسته‌وخۆ ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رهێناوه‌ و گولله‌یه‌كی ناوه‌ به‌سه‌ری خۆیه‌وه‌

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، به‌پێی دانپێدانانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ عه‌قید حه‌یده‌ر بوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كه‌، "كاتێك عه‌قید حه‌یده‌ر هه‌واڵی مردنی ئه‌و ژنه‌ی پێگه‌یشتوه‌، له‌به‌رده‌م باره‌گای فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كان راسته‌وخۆ ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌رهێناوه‌ و گولله‌یه‌كی ناوه‌ به‌سه‌ری خۆیه‌وه‌". 

ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، هه‌واڵی مردنی عه‌قید حه‌یده‌ر حه‌سناوی فه‌رمانده‌ی لیوای 33ی ئۆپراسۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ربه‌لا بڵاوكرایه‌وه‌ و فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ش رایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و روداوه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئاشكراكردنی ورده‌كاریه‌كه‌ی، رایگشتیش له‌ ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌.

 

نیشانەکردن

كوشتن