ڤیدیۆ.. پەڵەهەورێک تەنها لەسەر یەک ئۆتۆمبێل باران دەبارێنێت

04:22 - 15/11/2021

5853جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

پەڵەهەورێک لە ئاسماندا هەموان دوچاری شۆکی گەورە دەکات، لەبەرئەوەی ئەو بارانەی هەڵیگرتوە تەنها لەسەر بارستایی یەک ئۆتۆمبێل بەتاڵی دەکاتەوە و وەک ئەوەی تەنها لەو جێگایەدا بۆشایی هەبێت.

بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆییە هاوشێوەی زەمین لەرزە گەورەکانی وەک تسۆنامی و گەردەلولەکەی "کاترینا" سەرنجڕاکێشە و مایەی تێڕامانە، ئەگەرچی دیاردەیەکی ژینگەییە و وەک دەڵێن کارێکی ئاساییە بینینی باران و دیمەنی ژینگەیی لەو جۆرە.

دیمەنەکە لە پێکاسی ریجێنسی لە جاوەی ڕۆژئاوای ئیندۆنیسیا تۆمارکراوە، ئەوەی دەبیندرێت پەڵەهەورێکی ناوازە بارانێکی بەخوڕ بەسەر تەنها یەک ئۆتۆمبێلدا دەبارێنێت، ئەگەرچی چەندین ئۆتۆمبێلی دیکە لە ناو پارکەکەدا بونیان هەیە و بەتەنیشت یەکدیەوە ڕاگیراون، بەڵام دواجار تەنها یەک ئۆتۆمبێل دەبێتە مەیدانی ئەو دیمەنە کە گرتەی ڤیدیۆییەکەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

ئاوریان ڕیانا وەک شایەتحاڵێک بۆ ماڵپەری زە سەنی بریتانی وتویەتی "کاتێک دیمەنەکەم بینی دەستبەجێ بیرم لەوە کردەوە کەسێک لەڕێگەی پرژێنەرێکی بەهێزەوە لە نهۆمە بەرزەکانی هۆتێلەکەوە بە وروژم ئاو هەڵبداتە خوارەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرنجەکانم ورکردنەوە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی لە ئاسمانەوە باران بە بارستایی تەنها ئەو ئۆتۆمبێلە دێتەخوارەوە".

ئیندۆنیسیا وەک هەمو دەوڵەتەکانی دیکەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هاوشێوەی (مالیزیا، فلیپین و تایلاند) وەرزی گەرمەهەوا درێژەدەکێشێت و بەردەوامی دەبێت تاکو کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دوەم، هەربۆیە ئەو بارانەی باریوە بوەتە مایەی سەرسوڕمانی هەمو ئەو کەسانەی دیمەنەکەیان بینیوە.

پلەکانی گەرمای ئیندۆنیسیا بۆ 35 پلەی سەدی بەرزبونەتەوە، جگەلەوە باران و گەردەلولی بەهێز بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە.