خانمە باڵابەرزەکەی جیهان نهێنییەکی نامۆ ئاشکرادەکات

03:42 - 15/11/2021

8061جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

خانمە باڵابەرزەکەی جیهان ئاواتەکانی ئاشکرادەکات و باس لەوە دەکات لەمێژە خەون بەوەوە دەبینێت کە بتوانێت زۆرترین وڵاتی جیهان ببینێت، لەلایەکی دیکەوە چەند نهێنییەک لەسەر بەرزبونی باڵای ئاشکرا دەکات.

ڕومەیسا گەلگی، ئەو خانمەی وەک باڵابەرزترینی جیهان ناوی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکردوە و خەڵکی تورکیایە، ئاماژەی بەوە کردوە کە دوچاری نەخۆشییەکی دەگمەن بوە و بەردەوام جەستەی لە گەشەکردنی نائاساییدایە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ بەشێک لە میدیاکانی تورکیا ڕومەیسا گەلگی ئاماژەی بەوە کردوە کە دوچاری نەخۆشییەکی دەگمەن بوە کە ناوی (وێڤەر)ە، ئەو جۆرە نەخۆشییە بەردەوام لە چالاکییەکانی ناو جەستەی بەردەوامە و کاریگەریی لەسەر هەمو ئەندامەکانی لەشی ئەو خانمە دروستکردوە، بەو هۆیەوە بەردەوام جەستەی لە گەشەی نائاساییدایە و بوەتە مایەی بێزاریی بۆی.

ڕومەیسا تەمەنی 24 ساڵە و لە ویلایەتی (قەرە بوک) لە باکوری تورکیا دەژی، بەرزی باڵای دو مەتر و 15 سانتیمەترە، ئەوەش وایکردوە تائێستا هیچ خانمێک نەیتوانیوە شان لە شانی بدات.

لە پاڵ هەمو ئێشوئازارەکانیدا، ئەو خانمە تەمەن 24 ساڵە باسی لەوە کردوە هەمیشە ئارەزوی ئەوە دەکات زۆرترین وڵاتانی جیهان ببینێت، چونکە مەبەستیەتی بە کەلەپور و کلتوری هەمو نەتەوە جیاوازەکان ئاشنا ببێت، چونکە حەزەکانی دەبنە بەدیهێنانی زۆربونی ئەزمونەکانی.

ڕومەیسا گەلگی لە ساڵی 2014 دەبێتە باڵابەرزترین خانمی جیهان کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بێت، ئەوکاتیش دەبێتە میوانی کتێبی گینس و ناوی بەزێڕ لە ڕیزبەندیی جیاوازەکانی جیهاندا دەنوسێتەوە.

ناوبراو لەئێستادا ئەسپی خۆی لە بوارەکانی دیزاین و گەشەپێدانی ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکاندا تاوداوە و یەکێکە لە کارە دڵخوازەکانی ئەو خانمە باڵابەرزەی جیهان.

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوە کردوە کە لەئێستادا دەناڵێنێت بەدەست گەشە نائاساییەکانی جەستەیەوە، چونکە وایکردوە ڕۆژبەڕۆژ ئەرکەکانی قورستر ببن و ڕێگەڕۆیشتن و جوڵەکانی کەم ببنەوە، هەمو ئەوانە کۆبونەتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی دروستکردوە.