لەکاتی دەنگداندا، ژنێک کارتی دەنگدانەکەی خواردوە

03:01 - 15/11/2021

3284جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بولگاریا، پێشێلکارییەک لەشێوەی ساختەکارییەکی سەرسوڕهێنەر و تاڕادەیەک کۆمیدیی تۆماردەکرێت، دوای ئەوەی ئاشکرا دەبێت کە ژنێک بەڵگەنامەی دەنگدانەکەی خواردوە.

سەرەتای چیرۆکەکە..
ژنێکی بولگاریی دەچێتە بنکەیەکی دەنگدان و بەڵگەنامەی دەنگدانەکەی پڕ دەکاتەوە و لەڕێگەی ئامێری ئەلیکترۆنییەوە ناوەکەی تۆماردەکات، بەڵام لە پاش ئەو ڕێککارانە داوای بەڵگەنامەی کاغەزیی دەنگدان دەکات بۆ ئەوەی ناوی نوێنەرەکەی پڕ بکاتەوە (پرۆسەکە لە بولگاریا بەو جۆرەیە)، لەو کاتەدا ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوچاری شڵەژانێکی بێشومار دەبن، چونکە کەسەی دەنگدەر بەرلەوەی لەڕێگەی ئامێرەکەوە ناوی تۆماربکات، دەبێت بەڵگەنامە کاغەزییەکە وەربگرێت.

ئامانج و مەبەستی ئەو ژنە کارێکی ساختەکاریی بوە بۆ ئەوەی دوجار دەنگ بە نوێنەر و دڵخوازەکەی بدات، مەبەستی بوە دوجار بەڵگەنامەی کاغەزیی پڕبکاتەوە و لە دەرفەتێکدا هەردوکیان بکاتە نێو یەک سندوقی دەنگدانەوە، بەڵام مەرامەکانی کورت دەهێنن و ناتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری ڕوسیا تودەی، سنیجیانا ئەنگیلۆڤای سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی سۆفیای پایتەختی بولگاریا ڕایگەیاندوە "ژنێکی تەمەن 74 ساڵ ساختەکارییەکی گەورەی ئەنجامداوە و بەڵگەنامە کاغەزییەکانی دەنگدانەکەی خواردوە، بۆ ئەوەی دوجار دەنگبدات و زۆرترین دەنگی نادروست بۆ نوێنەرەکەی کۆبکاتەوە".

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی چاودێر ئاگاداری خواردنی کاغەزەکە بوە لەلایەن ژنەکەوە، هەربۆیە دواتر کارەکەی ئاشکرا دەکات، بەو هۆیەوە دەنگدانەکەی ڕەتدەکرێتەوە و مافی هەڵبژاردنی نوێنەرەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسا کاری ساختەکاریی کردوە و ناتوانێت دەنگەکەی بگەیەنێتە ئەو لایەنەی هەڵیبژاردوە.

تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکانی بولگاریا وێنەی ئەو کاغەزەیان بڵاوکردوەتەوە کە ژنە تەمەن 74 ساڵەکە خواردویەتی، بەو هۆیەوە بوەتە بابەتی گەرمی ڕۆژ و سەردێڕی هەمو میدیاکانی ئەو وڵاتە.

ڕۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بولگاریا ئەنجام درا و ئەمە سێیەم هەڵبژاردنە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەنجام دەدرێت، وابڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوشدا هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی کورسی سەرۆکایەتی وڵات دەستپێبکات.