تەمەنی 105 ساڵە و گلەیی هەیە

06:09 - 14/11/2021

5598جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

پاش ئەوەی لە ڕکابەرییەکی ڕاکردنی 100 مەترییدا پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت، ژنێکی ئەمریکی لە تەمەنی 105 ساڵیدا ژمارەیەکی گەورەی پێوانەیی لە جیهاندا بەناوی خۆیەوە تۆماردەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری زە گاردیانی بەریتانیا، جۆلیا هۆکینزی تەمەن 105 ساڵ دەبێتە تاکە ژنی سەردەمەکەی خۆی کە ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ڕاکردنی 100 مەتری بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات، بەڵام ناوبراو گلەیی هەیە و دەیەوێت ئاست و تواناکانی لە ئێستا باشتر دەربکەون.

ئەو ڕکابەرییە لە چوارچێوەی یارییەکانی ڕاکردنی 100 مەتریی بۆ بەساڵاچوان ڕێکخراوە و لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا ئەنجام دراوە، لەو نێوەندەدا جۆلیا میدالی براوەی پلەی یەکەم لە مل دەکات و سەرتۆپی هەمو بەساڵاچوانی بەشدار لەو ڕکابەرییە دەگرێت.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردوە کە جۆلیا هۆکینز بە ماوەی 1:02:95 خولەک ڕاکردنی 100 مەترییەکەی کۆتایی پێدەهێنێت، ئەوەی بۆ ناوبراو مایەی دڵخۆشیی بوە ئامادەبونی کەسوکارەکەی بوە لەکاتی بەڕێوەچونی پاڵەوانێتیەکەدا.

ناوبراو لەدوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیەکە بۆ میدیاکانی ئامادەبو وتویەتی "لە تواناکانی خۆم گلەییم هەیە و دەبو بە کەمتر لە خولەکێک ڕکابەرییەکە کۆتایی پێبهێنم.. دەبێت لە ئێستا باشتر بجەنگم و نازناو و ڕکابەری گەورەتر ببەمەوە".

بۆ یەکەمجار نییە جۆلیا نازناو بەدەستبهێنێت، ئەو کاتەی لە هەشتاکانی تەمەنیدا بوە نازناوی یارییە نیشتمانییەکان بۆ بەساڵاچوان دەباتەوە و یەکەم دەبێت، جگەلەوە لە یارییەکانی پاسکیلسواریدا چەندین میدالی ئاڵتونی بەدەستهێناوە.

لە بەشێکی قسەکانیدا جۆلیای تەمەن 105 ساڵ وتویەتی "من ئارەزوی ڕاکردن دەکەم، ئارەزوی ئەوە دەکەم هەمیشە گڕوتینم بۆی هەبێت، دەمەوێت تاکو ئەو کاتەی دەتوانم بەردەوام بم لە ڕاکردن".

لەکۆتایی قسەکانیدا ژنە بەتەمەنەکەی ئەمریکا ئامۆژگاری هەموان دەکات کە تاکو دەتوانن چالاک بن و ڕاکردن بکەن بە پیشەی سەرەکییان، بۆ ئەوەی بە تەندروستییەکی باشەوە بمێننەوە و تەمەنیان درێژ ببێت.