کچی ئیمپراتۆرەکە ژیانی ناو کۆشک لەپێناو کوڕێکدا بەجێدەهێڵێت

05:38 - 14/11/2021

3780جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

شازادەی پێشوی کۆشکی ئیمپراتۆری ژاپۆن بۆ هەتایە ژیانە پڕ لە ناز و نیعمەتەکی جێهێشت و لەگەڵ دڵخوازەکەیدا بۆ کیشوەرێکی دیکە گەشتیان کرد، بەو هۆیەوە هەواڵەکەیان بوە باسی گەرمی میدیاکانی جیهان.

ماوەی سێ ساڵە ماکۆ لەگەڵ ئەو کوڕەدا پەیوەندیی سۆزداری بەیەکەوە گرێیداون، بەڵام یاساکانی بنەماڵەی ئیمپراتۆر بەجۆرێکە کە ڕێگەنادرێت کوڕ و کچیان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی ئەو بنەماڵەیەدا هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو یاسایە بشکێنن ئەوکات نازناوی شازادەی ئیمپراتۆریان لێ وەردەگیرێتەوە و لە هەمو ئەرک و مافەکان بێبەش دەکرێن و ناوی بنەماڵەکەشیان لەسەر ناسنامە لێ وەردەگیرێتەوە.

دواجار ماکۆ هەمو بەربەستە نەریتییەکان دەشکێنێت و مانگی ڕابردو لەگەڵ کی کۆمرۆ دور لە ئامادەبونی کەسانی نێو بنەماڵەی کۆشکی ئیمپراتۆر، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی ئەنجام دا و بەیەکجاری لە هەمو ناز و نیعمەت و تایبەتمەندییەکانی بنەماڵەی ئیمپراتۆر بێبەشکرا.

لەئێستادا ماکۆ ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ ماکۆ کی کۆمرۆ، بە واتایەکی دیکە ڕاستەوخۆ ناوی مێردەکەی دەچێتە سەر ناسنامەکەی.

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ژاپۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە ماکۆ و کی کۆمرۆی هاوسەری لەڕێگەی فڕۆکەخانەی تۆکیۆوە ژاپۆنیان بەرەو ویلایەتی نیویۆرک جێهێشتوە، بەنیازن ژیانێکی نوێ لە کیشوەرێکی دیکە دەستپێدەکەن.

ماکۆ و کی کۆمرۆ تەمەنیان 30 ساڵە و کاتێک خوێندکاری زانکۆ بون لە بەشی یاسا و ڕامیاری، پەیوەندی سۆزداریی دروست دەکەن، هەربۆیە ڕێگەیان نەداوە کە نەریتە باوەکانی ناو کۆشکی ئیمپراتۆر کاریگەریی لەسەر ئەوینەکەیان دروست بکات و دواجار شازادەکەی پێشو ژیانی پێکەوەیی هەڵبژارد و کوڕێکی ئاسایی وڵاتەکەی کردە هاوسەری خۆی.