دوای 52 ساڵ، ئەنجامدەری دزییەکی گەورە ئاشکرادەبێت

04:56 - 14/11/2021

13512جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

لە یەکێک لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دزییەکی گەورە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە مایەی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە ونبونی بکەری دزییەکەیە، کە بۆ زیاتر لە نیو سەدە بەدوایدا دەگەڕێن.

بەگوێرەی هەواڵی بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا، ماوەی 52 ساڵە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە دزییەکی گەورە لە بانکێکدا دەکات، بەڵام کاتێک بکەرەکە دەدۆزنەوە بۆ ماوەی شەش مانگە مردوە.

سەرەتای چیرۆکەکە..
لە ساڵی 1969 لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا، چالاکییەکی دزیکردن ڕو لە بانکێک دەکات و کەسێکی نەناسراو بڕی 215 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەدزێت و بەهەر کلۆجێک بێت خۆی لەدەستی هێزەکانی پۆلیس قوتار دەکات، هێزە ئەمنییەکانی ئەو ویلایەتە هەرچی دەکەن سەرەداوێکی کارەکەیان چنگ ناکەوێت و دزەکە و جانتا پارەکە بەبێ کێشە ڕزگاریان دەبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی، ئەو کەسەی کارەکەی ئەنجامداوە بەناوی خوازراوەوە کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێدەکات و شوێنی مانەوە و نیشتەجێبونی جێدەهێڵێت، بەو هۆیەوە ئەرکی هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کردەوەیە قورستر دەکات.

ئەو کەسە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا دەچێتە کەناراوەکانی ماسوچستی و لەوێدا ژیان بەسەردەبات، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە لێکۆڵەرەوە ئەمریکاییەکان هەفتەی ڕابردو درکیان بەوە کردوە بکەری دزییەکە لەو ناوچەیە دەژی.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایە کاتێک گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی بکەری دزییەکەیان دۆزیوەتەوە، ئاشکرا بوە کە ئەو کەسە بەر لە شەش مانگ بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە تەمەنی 71 ساڵیدا مردوە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە هەندێک لە خەڵكی ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو پیاوە کاتێک نەخۆشیی زۆری بۆ هێناوە و درکی بەوە کردوە ژیان بۆ ئەو لە کۆتاییەکانیدایە، بە چەند کەسێکی ڕاگەیاندوە کە لە ساڵی 1969دا، 215 هەزار دۆلاری لە بانکێکی ویلایەتی ئۆهایۆدا بردوە.