بەهۆی هەڵەشەیی زاوایەکەوە، بوک لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە

03:16 - 14/11/2021

11401جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

بەهۆی هەڵەشەیی و بێباکی زاوایەکەوە، ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی تێکدەچێت و بوک بە تارا و جلی ڕازاوەی خۆشترین ساتی ژیانییەوە، لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە و پاش ئەوەی دوچاری ڕوداوێکی قورسی هاتوچۆ دەبن، کۆتاییەکی جوان چاوەڕوانیان ناکات.

بوک و زاوایەک لە بەریتانیا ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها لە جۆری لامبۆرگینی بۆ ڕۆژی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان دەڕازێننەوە، بەڵام کاتێک بە شەقامەکاندا گوزەر دەکەن، زاوا دەکەوێتە ژینگەیەکی جیاوازەوە و هەمو خۆشییەکانی ئەو ڕۆژەی لە خێرا لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەدا بەرجەستە دەکات، بەو هۆیەوە دوچاری ڕوداوێکی گەورەی هاتوچۆ دەبن و لەگەڵ دڵخوازەکەیدا لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن خۆیان دەبیننەوە.

ماڵپەری دەیلی مەیلی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە زاواکە ناوی عەلی زەمانە و تەمەنی 26 ساڵە، بەهۆی هەڵەشەیی و بێباکییەوە ژیانی خۆی و بوک دەخاتە مەترسییەوە و دو ئۆتۆمبێلیش هەپرون هەپرون دەکات.

لامبۆرگینییەکە یەکێک لە گرانبەهاترینەکانی جیهانە و نرخەکەی 268 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، کاتێک لەگەڵ بوکدا بەسەر شەقامەکانی ناوچەی برادفۆرد لە هەرێمی یۆرکشایەر خۆشترین کاتەکانیان بەسەربردوە، دەکەوێتە هەوای خۆیەوە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا ڕکابەرییەکی گەورە دروست دەکەن، بەو هۆیەوە عەلی پشتگوێی هەمو یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ دەکات و هاوشێوەی فۆرمولا وەن ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت.

هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردوە ناوبراو تەماشای چرای ترافیک لایتەکانی نەکردوە و لەسەر خێراییەکەی بەردەوام دەبێت، لە دواساتەکاندا خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و ڕوداوێکی گەورەی هاتوچۆ دروست دەکات و هەردولایان گڕ دەگرن، لە پاش چەند خولەکێک تیمەکانی فریاگوزاریی دەگەنە شوێنی ڕوداوەکە و بوک و زاوا بە برینداریی دەگەیەننە نەخۆشخانە.

دوای چەند ڕۆژێک بوک و زاوا لە نەخۆشخانە دێنە دەرەوە و چارەسەرە پێویستەکان باری تەندروستیان جێگیر دەکەن، بەڵام لایەنە یاساییەکەی ڕوداوەکە عەلی تەمەن 26 ساڵ بەگیردەهێنێت.

خاوەنی لامبۆرگینییەکە کەسێکە بەناوی ریچارد ڕایت، لەبەردەم دادگادا ئاماژەی بەوە کردوە کە بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نەبوە کە عەلی بەو جۆرە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، چونکە کەسێک لە ڕۆژی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیدا دەکەوێتە لوتکەی میهرەبانی و لەسەرخۆییەوە.

دەیلی مەیل ئەوەی ئاشكراکردوە کە ڕایتی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە کێشەی گەورەی بۆ دروستبوە، لەبەرئەوەی ناتوانێت هیچ قەرەبویەکی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەبەرانبەر لەناوچونی لامبۆرگینییەکەی وەربگرێت، چونکە لە بەندێکی نێو گرێبەستەکەیدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو شۆفێرەی دوچاری ڕوداوەکان دەبێت ئەگەر تەمەنی لە خوار 30 ساڵەوە بێت هیچ قەرەبویەک نایگرێتەوە.

لەکاتی دادگاییەکەدا ریچارد ڕایت بۆ دادوەر ئەوەی وتوە کە زاواکە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەی لەبیر نەکردوە، بەڵام بەهۆی بێباکییەکەیەوە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی خۆی بکات و بەشێوەیەکی خێرا و نابەجێ شەقامەکانی برادفۆردی بڕیوە.

دەیلی مەیل ئەوە ئاشکراکردوە کە بەگوێرەی بەندە یاساییەکان، ئەو زاوایە دەبو ڕوبەڕوی زیندانیکردن ببێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو هەڵەشەیی و خێرا لێخوڕینەکەی بەردەوامی نییە، هەربۆیە دەرفەتێکی پێدەدەن و زیندانیی ناکەن.

لەدوای بەڕێوەچونی دانیشتنەکانی دادگا، دادوەر بڕیاریدا بۆ ماوەی یەک ساڵ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە عەلی زەمان قەدەغە بکات و قەرەبوی زیانلێکەوتوانیش بکاتەوە، جگەلەوە بۆ 18 مانگ دەبێت بەبێ بەرانبەر کاری کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەی خۆیدا ئەنجام بدات کە لە 180 سەعات کەمتر نەبێت.