کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

02:08 - 14/11/2021

1895جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی رایگەیاند، داهاتی کۆمپانیاکە لە ماوەی راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 27% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 334 ملیۆن دۆلار. 

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتە لە کەرتی گازی سروشتیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات، ئەمڕۆ راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " کۆی گشتیی داهاتی کۆمپانیاکە بە رێژەی 27% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 334 ملیۆن دۆلار".

ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 9 مانگدا بە رێژەی 7% بەرزبوەتەوە 
ئاماژەی بەوششکردوە، "ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 9 مانگدا بە رێژەی 7% بەرزبوەتەوە و قەبارەی بەرهەمهێنانیش بەرزبوەتەوە بۆ رۆژانە 34 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت".
 حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە قەرزی کۆمپانیاکەی بۆ ساڵانی 2019 و 2020 لەسەر نەماوە
لەبارەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە قەرزی کۆمپانیاکەی بۆ ساڵانی 2019 و 2020 لەسەر نەماوە". 
تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرزبوەتەوە بۆ 63.200 بەرمیل هاوتای نەوت
کۆمپانیای دانەگاز باسی لەوەشکردوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرزبوەتەوە بۆ 63.200 (شەست و سێ هەزار و دوسەد) بەرمیل هاوتای نەوت، لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دانەگاز 256 ملیۆن دۆلاری وەک شایستەی دارایی وەرگرتوە، جگە لە شایستە داراییەکان و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی داهاتی دیکەی هەبوە.
  هەنگاوەکانی دانەغاز بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بونەتە پێشکەوتنێکی بەرچاو
دکتۆر پاترین ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاندوە، "هەنگاوەکانی دانەغاز بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بونەتە پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ کۆکردنەوەی پارەی نەقدی و بەرزبونەوەی توانای کۆمپانیاکە".

ئەوەشی خستەڕو، پرۆژەی پەرەپێدانی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و زیادکردنی رۆژانە 250 ملیۆن پێی سێجا لە مانگی (نیسان/4)ی ساڵی 2023 دەستبەکاردەبێت و دەگاتە قۆناخی بەرهەمهێنانی گاز.