تاوانبارێک بەرلەوەی لەسێدارە بدرێت داوایەکی سەیر لە دادگا دەکات

05:33 - 13/11/2021

19509جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

کەسێک دوای ئەوەی لە کۆتا دانیشتنی دادگادا دادوەر کەیسەکەی یەکلا دەکاتەوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنێت، داوایەکی سەیر ئاڕاستەی دەسەڵاتداران دەکات و دەیەوێت لەو کاتەدا قەشەیەک ئامادەی پرۆسەکە بێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیایی (BBC)دا ئاماژە بەوە کراوە کە زیندانیکراوێک دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا، ڕایگەیاندوە کە نایەوێت لە ژوری لەسێدارەدانەکەدا بەتەنها بێت و ئارەزوی ئەوە دەکات قەشەیەک لەو کاتەدا ئامادەبێت، بەڵام دەستبەجێ داواکەی ڕەتکراوەتەوە.

ئەو تاوانبارە ناوی (جۆن ڕامیرێز)ەو تەمەنی 37 ساڵە، پێشتر سەرباز بوە لە هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا، لە ساڵی 2004دا بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری دزیکردن و کوشتنی کرێکاری کۆگایەک لە ویلایەتی تەکساس دەستگیر دەکرێت، دوای چەندین لێکۆڵینەوە دان بە تاوانەکەیدا دەنێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و کەیسەکەی یەکلاکردەوە. 

ناوبراو لەدوای دەرچونی سزاکەی داوایەکی بەرزکردوەتەوە کە دەیەوێت لەکاتی لەسێدارەدانەکەیدا قەشەیەک ئامادەبێت و نوێژ و نزای بۆ بکات، چونکە نوێژ و نزاکردن بەشێکە لە باوەڕی ئەو کە لەسەر پەیڕەوانی ئایینی مەسیحە.

هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردوە کە دەسەڵاتدارانی تەکساس داواکەی ڕامیرێزیان ڕەتکردوەتەوە، ڕایانگەیاندوە کە ناوبراو بەنیازە بەو هۆکارەوە بێنەوبەردە بەسەر جێبەجێکردنی سزاکەوە بکات و داواکەی جۆرێکە لە فێڵ و تەڵەکەبازی بۆ ئەوەی لەسێدارەدانەکەی دوابکەوێت. 

لە پاش ئەوەی بە داواکەی ڕازی نابن، ڕامیرێز سکاڵایەک بەرزدەکاتەوە بەبیانوی ئەوەی دەسەڵاتدارانی تەکساس پێشێلی دەستوری ئەمریکایان کردوە، چونکە لە مادەی یەکی ئەو دەستورەدا ئاماژە بەوە کراوە هەمو کەس ئازادە لەوەی بەرجەستەی ئایینەکەی خۆی بکات و ئەو ئازادییەی بۆ فەراهەم و دەستەبەر کراوە، هەربۆیە لە ئێستادا دەسەڵاتی دادوەریی لە تەکساس پرۆسەی لەسێدارەدانەکەی ناوبراویان بۆ کاتێکی نادیار دواخستوە.