سەرۆکی پیرۆ بەرپرسانی وڵاتەکەی بەگیرهێناوە

05:07 - 13/11/2021

2315جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر
سەرۆکی پیرۆ سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەی بەگیرهێناوە و داوای لێکردون وەک هاوڵاتیان و هەژارانی وڵاتەکەیان بژین، لەو سەروبەندەدا یەکەم کارێک ئەنجامی دابێت فرۆشتنی فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکایەتییە و هەنگاوەکەی لەخۆیەوە دەستپێکردوە.

پیدرۆ کاستێلۆی سەرۆکی پیرۆ هەڵمەتێکی لە دژی دەسەڵاتداران و سەرجەم بەرپرسانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە، لە یەکەم هەنگاویدا گەشتکردنی بەشێوەی تایبەت (VIP) لێ قەدەغەکردون و ڕێگە نادات هیچ یەکێکیان فڕۆکەی تایبەتی بۆ گەشتکردن بۆ فەراهەم بکرێت، لەو نێوەندەدا لە خۆیەوە دەستی بەو چاکسازیانە کردوە و فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی بۆ فرۆشتن نمایشکردوە و بڕیاریداوە ئەویش وەک هاوڵاتیانی وڵاتەکەی گەشت دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمز، کاستێلۆ لە حوزەیرانی ئەمساڵدا زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانی بردەوە و کورسی سەرۆکایەتی پیرۆی مسۆگەر کرد، هەربۆیە ئامادەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیەتی کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە خەڵکی وڵاتەکەی دابو.

لە نوێترین گوفتارەکانیدا ئەو سەرۆکەی پیرۆ وتویەتی "ئەم کابینەیە حکومەتی گەلەکەمانە.. دەبێت بەرپرسەکان وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی گەشت بۆ وڵاتێکی دیکە ئەنجام بدەن و لە فڕۆکەخانەکاندا سەرجەم ڕێنماییە یاساییەکان وەک خۆی جێبەجێ  بکەن".

بەبۆنەی تێپەڕبونی 100 ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی دەسەڵاتەکەیدا پیدرۆ کاستێلۆ دەڵێت "چیتر نابێت خەڵکی هەژار لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا بونی هەبێت".

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەوە یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەو وڵاتە بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکە تایبەتییەکەی سەرۆکایەتی پیرۆ بدات، ئەو فڕۆکەیە 70 سەرنشین لە خۆی دەگرێت و لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا ئەو سەرۆکەی پیرۆ باسی لەوە کردوە کە حکومەت وەک تەنها هاوڵاتییەکی وڵاتەکەیە، ناکرێت جیاوازی هەبێت لەنێوان هیچ دەسەڵاتدارێک و هاوڵاتییەکی پیرۆدا.