مانگ سوپرایزێکی گەورە بە دانیشتوانی سەر زەوی دەدات

03:34 - 13/11/2021

9209جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

زۆرێک لەسەر زەوی ئاگاداری ئەو سوپرایزە گەورەیەی سەر مانگ نین، بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئێستای ماڵپەرێکی ئەلیکترۆنی زانستی توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە لەسەر مانگ ئۆکسجین بۆ ژیانەوەی مرۆڤایەتی بونی هەیە و دەتوانێت پێداویستی 100 هەزار ساڵی دیکە لە ئۆکسجین پڕبکاتەوە.

ئەو ماڵپەرە زانستییە لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئەکادیمیایەکی ئوسترالییەوە بەڕێوەدەبرێت و ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی ئەو کارە زانستیانەن، ماڵپەرەکە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی زانستیی.

لەو توێژینەوەیەدا تەئکید لەوە کراوەتەوە کە لەسەر مانگ ئۆکسجینێکی بێشومار هەیە کە لە توانایدایە پێداویستی هەشت ملیار مرۆڤ بۆ وەرگرتنی ئۆکسجین پڕبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕێژەیە بەرگەی زیاتر لە 100 هەزار ساڵ دەگرێت.

لەسەروبەندی ئەو ئاشكراکردنەدا پڕۆفیسۆرێکی زانکۆیەکی ئوسترالیا بەناوی (جۆن گرانت) ئاماژەی بەوە کردوە کە لەڕێگەی تەکنیکی بەکارهێنانی لیزەر و شیکردنەوە کارەباییەکانەوە، ئۆکسجین لەسەر مانگ بەرهەمهاتوە دوای جیاکردنەوەی بەرد و کانزاکانی سەر مانگ.

ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوە کردوە کە ئاژانسی کەشتیوانی ئوسترالیا لەگەڵ ئاژانسی ناسای ئەمریکیدا گرێبەستێکیان لە ئۆکتۆبەری ڕابردو واژۆ کردوە، بەمەبەستی ناردنی چوارچەرخەیەکی بۆ سەر مانگ کە ئامانجیەتی جەولەیەکی تەواو بەسەر ڕوکاری مانگدا بکات و هەمو ئەو نهێنیانە ئاشکرا بکات کە تائێستا بە شاراوەیی ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بەنیازە لە 2025 چوارچەرخەیەک بنێرێتە سەر مانگ و هەمو ئەو بەردانە کۆبکاتەوە کە دەتوانن ئۆکسجینی پێویست بۆ هەناسەدان بەرهەمبهێنن.