لە یەک ڕۆژدا 425 کەس دوپشک پێوەی داون

02:54 - 13/11/2021

7268جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

لە یەکێک لە شارەکانی میسر بەهۆی خراپی کەشوهەوا و گەردەلولێکی خۆڵینەوە، ژیانی سەدان کەس دەکەوێتە مەترسییەوە، بەو هۆیەوە تەنها لە یەک ڕۆژدا 425 کەس دوپشک پێوەی داون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری سکای نیوزی عەرەبی، بەهۆی خراپی کەشوهەوا و گەردەلولێکی خۆڵینەوە لە پارێزگای ئەسوان لە باشوری میسر، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گەستنی دوپشکەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ 425 کەس بەرزبونەتەوە و سێ کەسیش بەو هۆیەوە مردون.

لە هەمانکاتدا ئیهاب حەنەفی بریکاری وەزارەتی تەندروستی لە ئەسوان بۆ سکای نیوز وتویەتی "بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و گەردەلولی خۆڵینەوە، وایکردوە کە گەلە دوپشکێکی زۆر بکەونە ناو ماڵەکانەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەو هۆیەوە پێکراون کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە و سێ کەسیش لە خەڵکی ناوچەکە مردون".

هەمو ئەو کەسانەی دوپشکەکان گەستونیان ڕەوانەی دو نەخۆشخانەی گەورەی شاری ئەسوان کراون و لە ژێر چارەسەری پزیشکیدان.

سروشتی دوپشکەکان بەجۆرێکە لەکاتی بونی بای بەهێز دێنە دەرەوەی شوێنەکانی خۆیان، لەبەرئەوەی کێشیان سوکە، با-یە بەهێزەکان هەڵیاندەدەن و بەشێکیان دەکەونە ناوچەی چڕی دانیشتوانەوە کە ئەگەری مەترسیداری لەو جۆرەی لێدەکەوێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەنەفی بریکار ئاماژەی بەوە کردوە کە بەهۆی زۆبونی حاڵەتەکانی پێوەدانی دوپشکەکانەوە، ناچاربون هەمو ئەو پزیشک و کارمەندانەی لە مۆڵەتدا بون یان دەوامی ڕەسمیان نەبوە، بانگبکرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان و بەهانای ئەو کەسانەوە بچن کە دوپشکەکان گەستونیان و ژمارەیان لە کۆنترۆڵکردن دەرچوە.

لەدوای ئەو حاڵەتە، تیمێکی گەورە و چەندین پێداویستی پزیشکی گەیەندراوەتە شار و گوندەکانی دیکەی نزیک لە پارێزگای ئەسوان، چونکە بڵاوبونەوەی دوپشکەکان بەهۆی ئەو گەردەلولەوە زۆرتر بون و ئەگەری ئەوە لە ئاردایە چەندین کەسی دیکە بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی دوپشکەوە ڕو لە نەخۆشخانەکان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری ئاماژەی بەوە کردوە کە بەهۆی باوبۆران و گەردەلولە بەهێزەکەی ڕۆژی هەینییەوە، زۆرێک لە ڕێگاکانی هاتوچۆ لەو ناوچەیە دوچاری ئیفلیجیی بون.