ڤیدیۆ.. بەفربارینە بەهێزەکە نزیکە لەوەی ژیان بوەستێنێت

12:04 - 11/11/2021

45358جار خوێندراوەتەوە

خەندان- جۆراوجۆر

بەفربارینەکەی چین لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتەدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردوە، بەو هۆیەوە نزیکە لەوەی ژیان لە چەند شوێنێکدا بوەستێنێت و ڕێگریی لە هاتنە دەرەوەی هاوڵاتیان بکات.

بەگوێرەی دیمەنەکانی ناو گرتە ڤیدیۆییەکە، لە هەندێک ناوچەی باکوری چین هاتوچۆکردن ئەستەم بوە تاکو ڕادەی ڕێگرییکردن و مانەوە لە ماڵەکاندا، جگەلەوە هەندێک لە دانیشتوانی ناوچەکە کاتێک دەرگای ماڵەکانیان دەکەنەوە تەماشا دەکەن تەنها بەفر و سەهۆڵبەندان هەیە و وەک ئەوەی قاڵبێکی بۆ دەرگاکە دروستکردبێت.

ماڵپەری (South China Morning Post)، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەفربارینەکەی چینی بڵاوکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە کە بەفربارینەکە بەردەوامی هەیە و نزیکەوە لەوەی بەشێوەیەکی ڕەها هاتوچۆکردن بوەستێنێت، چونکە ڕەوشی کەشوهەوا تاکو دێت نالەبار دەبێت.

هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردوە کە لە ناوچەیەکی وەک مەنگۆلیا 46 سەعاتی بەردەوام بەفر باریوە، بەو هۆیەوە ڕێگای هاتۆچکردنی لە تاکسی و پاس و شەمەندۆفێرەکان گرتوە، لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیان نەیانتواتیوە لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، چونکە کاتێک دەرگاکانیان کردوەتەوە بەفر دیوارێکی لەبەردەمیدا دروستکردوە و ڕێگای چونە دەرەوەی گرتوە.

لەلایەکی دیکەوە لە هەندێک ناوچەی دیکە پاسەکان لەکارکەوتون بەهۆی بەربەستی زۆری بەفرەکەوە، وەک دەبیندرێت هاوڵاتیان یاریدەی شۆفێرەکە دەدەن و دەیانەوێت بەهەر کلۆجێک بێت جوڵە بە پاسەکان بکەن، بەڵام وادیارە کە هەوڵەکانیان سەرجەمیان نەزۆکن و هێزی بارینی بەفرەکە هەمو تەقەللاکانی پوچەڵ کردونەتەوە.

وەرزی سەرما و سۆڵە لە دەستپێکیدایە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەهۆی زۆری بەفر و بارانی زۆرەوە ناچار دەبن ڕێگای دیکە بۆ هاتوچۆکردن و بەڕێکردنی ژیان بگرنەبەر، جگەلەوەی چەندین ڕێنمایی تایبەت و چارەسەری کاتی بۆ دۆخەکە بەیان دەکەن.