خەندان زانیاری لەبارەی ئەو ژنە بڵاودەكاتەوە كە "بەمردویی نێردرا بۆ پزیشكی دادی و لەكاتی شوشتنی تەرمەكەیدا جوڵایه‌وه‌"

09:54 - 10/11/2021

84261جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ته‌رمی ژنێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌وه‌ و به‌نوسراوی مردو ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی سلێمانی كرا، خانه‌واده‌كه‌ی ته‌رمه‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه‌، به‌ڵام پاش دو كاتژمێر و له‌كاتی شوشتنی ته‌رمه‌كه‌یدا، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی جوڵایه‌وه‌ و له‌ئێستاشدا ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار كراوه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشكنین.
 
به‌رزان عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادی سلێمانی، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌ژنێكی ته‌مه‌ن 41 ساڵه‌ داوه‌ و زیانێكی كه‌می پێگه‌یاندوه‌ كه‌ شتێكی ئه‌وتۆ نه‌بوه‌، به‌ڵام دۆخی ته‌ندروستی ئه‌و ژنه‌ جێگیربوه‌، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌هۆی تێكچونی دۆخی ته‌ندروستیه‌وه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار، پاش پشكنین و هێڵكاری دڵ ده‌ركه‌وتوه‌ به‌هۆی جه‌ڵته‌وه‌ مردوه‌".

ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ به‌نوسراوی فه‌رمی نه‌خۆشخانه‌ی شار و وه‌ك مردو ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كرا

وتیشی، "ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ به‌نوسراوی فه‌رمی نه‌خۆشخانه‌ی شار و وه‌ك مردو ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كرا، ئێمه‌ به‌كه‌سوكاره‌كه‌یمان وت، ده‌بێت توێكاری بۆ ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی رازی نه‌بون كه‌ ده‌ستكاری ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌ین، ته‌نها توانیمان سرنجێك خوێنی لێوه‌ربگرین تا هۆكاری مردنه‌كه‌ی دیاری بكه‌ین، پاش دیاریكردنی هۆكاره‌كه‌شی ده‌ركه‌وت كه‌ به‌جه‌ڵته‌ی دڵ مردوه‌".

له‌كاتی شوشتنیدا تێبینی ئه‌وه‌یان كردوه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی وه‌ك ده‌ست و قاچی جوڵاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌په‌له‌ داوای به‌هاناوه‌هاتنیان كردوه‌ و رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ زیندوه‌ و نه‌مردوه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كه‌سوكاره‌كه‌ی ته‌رمی ئه‌و ژنه‌یان وه‌رگرته‌وه‌ و پاشان بردویانه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بیشۆن، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ژنه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، له‌كاتی شوشتنیدا تێبینی ئه‌وه‌یان كردوه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی وه‌ك ده‌ست و قاچی جوڵاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌په‌له‌ داوای به‌هاناوه‌هاتنیان كردوه‌ و رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ زیندوه‌ و نه‌مردوه‌".

هه‌ندێك حاڵه‌تی ماسوڵكه‌ جوڵانه‌وه‌ زۆرجار روده‌دات و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تا شه‌ش كاتژمێریش دوای له‌كاركه‌وتنی دڵ و مێشك كاربكه‌ن

به‌رزان عه‌لی ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و ته‌رمی ئه‌و ژنه‌ دوباره‌ گه‌یه‌ندرایه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار، پاش پشكنینه‌كان مردنه‌كه‌ی پشتڕاستكرایه‌وه‌ و زیندو نییه‌، "هه‌ندێك حاڵه‌تی ماسوڵكه‌ جوڵانه‌وه‌ زۆرجار روده‌دات و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تا شه‌ش كاتژمێریش دوای له‌كاركه‌وتنی دڵ و مێشك كاربكه‌ن، ئه‌و ژنانه‌شی كه‌ ته‌رمه‌كه‌یان شوشتوه‌ هیچ شاره‌زایه‌كیان نه‌بوه‌ بۆیه‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ زیندوبوه‌ته‌وه‌". 

نیشانەکردن

سلێمانی