وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف لەبارەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی رونکردنەوە دەدات

10:35 - 06/11/2021

55822جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئاینی هەرێم رایگەیاند، دوای ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە گوایە هەرێمی کوردستانە و دوعا بۆ کەسێکی دیاریکراو دەکرێت، بۆ رایگشتی رونی دەکەنەوە ئەو ڤیدیۆیە هەرێمی کوردستان نیە و "بۆنەیەکی ئایینیە و پەیوەندی بەئێمەوە نییە".

پاڕانه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیاریكراو ده‌كەن، ئه‌مه‌ش بوەته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئاینی لەرونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، "پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی ڕابردودا گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ له‌و گرته‌ ڤیدۆییه‌دا مامۆستایه‌كی ئاینی له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی سنوری هه‌رێمی كوردستان، پاڕانه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیاریكراو ده‌كەن، ئه‌مه‌ش بوەته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی".

ئه‌و كه‌سه‌ نه‌ مامۆستایه‌ و ئه‌وشوێنه‌ش هه‌رێمی كوردستان نییه‌

ئەوەش هاتوە، "بۆ ڕایگشتی ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌ مامۆستایه‌ و ئه‌وشوێنه‌ش هه‌رێمی كوردستان نییه‌، بۆنه‌یه‌كی ئاینییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌."

 هه‌ر كه‌ناڵ و ناوه‌ندێكی ڕاگه‌یاندن ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ ڕێكاری یاسای به‌رامبه‌ری ده‌گرینه‌ به‌ر

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئاینی دەڵێت، "ئه‌و لایه‌ن و كه‌نه‌ڵه‌ ڕاگه‌یاندنانه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێت به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ نانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی نا دروست، هه‌ر كه‌ناڵ و ناوه‌ندێكی ڕاگه‌یاندن ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ ڕێكاری یاسای به‌رامبه‌ری ده‌گرینه‌ به‌ر."

دوعا بۆ چاکبونەوەی دۆخی تەندروستی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە و دەنگۆی ئەوە هەبو کە ڤیدیۆکە دیمەنی مزگەوتێکی هەرێمی کوردستانە، لەڤیدیۆکەدا کۆمەڵێک نوێژخوێن وەستاون و مامۆستایەکی ئاینی دوعا بۆ چاکبونەوەی دۆخی تەندروستی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.