کۆبونەوەکانی سەدر لە بەغدا؛ پرۆژەی "زۆرینەی نیشتیمانی" و گرەوی پشکەکان

10:07 - 06/11/2021

3936جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە سەردانێکی دەگمەنی بۆ لایەنەکان دەستپێکردوە، تا ئێستا هیچ کام لەلایەنەکانی نزیک لە ئێرانی نەبینیوە، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەدر، ئاماژەیە بۆ شێوەی حکومەتی داهاتوی عێراق.

سەدر بە دانیشتنی لەگەڵ براوەی دوەمی هەڵبژاردنەکان دەستی بە کۆبونەوەکان کرد و لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی هەڵوەشاوە کۆبوەوە کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی تەقەدوم دەکات و بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە مانگی ڕابردو لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندرا نزیکەی 40 کورسی بەدەستهێناوە.

سەدر بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 73 کورسی پەرلەمانی داهاتوی عێراق لە کۆی 329 کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندوە، سەدر بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 73 کورسی پەرلەمانی داهاتوی عێراق لە کۆی 329 کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە.
سەدر دو کۆبونەوەی جیای لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئەنجامدا

ڕۆژی هەینی سەدر دو کۆبونەوەی جیای لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئەنجامدا، هاوکات شاندێکی سەدر لەگەڵ نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی کۆبوەتەوە کە خاوەنی نزیکەی 33 کورسی پەرلەمانییە.

تا ئێستا بەشداربوانی ئەو کۆبونەوانە تەنها لێدوانی گشتیان بڵاوکردوەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی ئەو کۆبونەوانە باس بکەن.

 

حکومەتی زۆرینە
عیسام حسێن، ئەندامی رەوتی سەدر بە "الحرە"ی راگەیاندوە، "لە کۆبونەوەکانی سەدر لە بەغدا تایبەتمەندییەکانی هاوپەیمانێتیی داهاتو خراوەتەڕو بە جەختکردنەوە لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە نیشتمانی".
قۆناغی داهاتو قۆناغی تەوافوق نییە، بەڵکو قۆناغی زۆرینەی نیشتمانی
ئەو ئەندامەی رەوتی سەدر جەختی لەوەکردوە کە "قۆناغی داهاتو قۆناغی تەوافوق نییە، بەڵکو قۆناغی زۆرینەی نیشتمانیە، سەدریش هات بۆ بەغدا بۆ جەختکردنەوە لەو پەیامە".
ئەو هێزانەی لەگەڵ سەرکردەی ڕەوتی سەدردا کۆبونەوە کاردانەوەی ئەرێنیان بەرامبەر بە پرۆژەی سەدر هەبو
وتیشی، ئەو هێزانەی لەگەڵ سەرکردەی ڕەوتی سەدردا کۆبونەوە "کاردانەوەی ئەرێنیان بەرامبەر بە پرۆژەی سەدر هەبو، جگە لە هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە هەوڵ دەدەن حکومەتێکی تەوافوق پێکبهێنن کە هەموان تیایدا بەشداربن".

"چوارچێوەی هەماهەنگی" لە هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران پێکهاتوە، کە زۆربەیان هێزی چەکداریان هەیە، لەوانە ڕێکخراوی بەدر کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، هەروەها لیواکانی حزبوڵا و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشو و عەبادی و هاوپەیمانی حەکیم.
لایەنەکانی نزیک لە ئێران خاوەنی نزیکەی 20 کورسی پەرلەمانی عێراقن، کە دیارترین هاوپەیمانی فەتحە و زۆرترین کورسی لەناو ئەو بەرەیەدا بەدەستهێناوە
لایەنەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" خاوەنی نزیکەی 20 کورسی پەرلەمانی عێراقن، کە دیارترین هاوپەیمانی فەتحە و زۆرترین کورسی لەناو ئەو بەرەیەدا بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، دوای ئەوەی ساڵی 2018 توانی 48 کورسی پەرلەمان بباتەوە. 

هاوپەیمانی مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە، کە بۆ دو خولی یەک لەدوای یەک (2006-2014) پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەڕێوەبردوە، هەروەها بە "دڵخوازی ئێرانیش" دادەنرێت نزیکەی 37 کورسی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا خولی رابردو خاوەنی 24 کورسی پەرلەمانی بو.
بەپێی دەستوری عێراق گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی مافی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کوتلەیە ناتوانێت بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت

بەپێی دەستوری عێراق گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی مافی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کوتلەیە ناتوانێت بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت، دەبێت لەگەڵ کوتلەکانی تردا هاوپەیمانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت.

لە ماوەی پێکهێنانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ساڵی 2005ەوە، هێزە سیاسییەکانی عێراق بەردەوام بە دابەشکردنی پۆست و وەزارەتە سیادییەکان "بنەمای تەوافوق" یان گرتوەتە بەر، هەمو هێزە براوەکانیش لە هەڵبژاردنەکانی حکومەتدا بەشداربون.

 

گونجان و پشکەکان
"پشک پشکێنە" نەریتێکی سیاسیە لە عێراقدا، چەمکی گونجانە لەنێوان پێکهاتە سیاسییەکاندا بەستراوەتەوە بە بیرۆکەی "پشکەکان"ی مەزهەبی و حزبییەوە، کە لە دوای ساڵی 2003ەوە سیاسەتی عێراقی داڕشتوە و تێیدا عێراقییەکان وەک هۆکاری گەندەڵی دارایی و ئیداری دەیبینن.

لەکاتی خۆپیشاندانەکانی جەماوەریدا لە ساڵی 2019 کۆتاییهێنان بە "پشک پشکێنە" و گۆڕینی چینی سیاسی تۆمەتبار بە گەندەڵی داخوازییەکی سەرەکی بو.
مالیکی، خەزعەلی و حەکیم
عیسام حوسێن، ئەندامی هاوپەیمانی سەدر جەختی لەوەکردەوە کە "مالیکی و خەزعەلی لە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر لە قۆناغی داهاتودا دورن" و هاوکات متمانەی خۆی دەربڕی کە هەریەکە لە "پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی هاوپەیمانی سەدرن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە".
دەبێت یەک کەس یان لایەنێک هەبێت کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرپرسیارێتی حکومەت بگرێتە ئەستۆ
ئەوەشی خستەڕو، رەوتی سەدر پێیوایە "دەبێت یەک کەس یان لایەنێک هەبێت کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرپرسیارێتی حکومەت بگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە ئۆپۆزسیۆندا وەستاون".
رەوتی حیکمە هەوڵ دەدات بۆچونی لایەنە جیاوازەکان لێکنزیک بکاتەوە 
هاوکات فادی ئەلشەمەری، سەرکردە لە رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، لە دیدارەکەی سەدر لەگەڵ حەکیم گفتوگۆی جیاواز لەبارەی پۆستەکانی هێزە شیعییەکان لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتو کرا، "رەوتی حیکمە هەوڵ دەدات بۆچونی لایەنە جیاوازەکان لێکنزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر".
رەوتی حیکمە بڕیاری داوە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا نەکات

ئەلشماری وتیشی، "رەوتی حیکمە بڕیاری داوە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا نەکات، مەگەر وەڵامدانەوەیەکی ڕون بۆ داواکارییەکانی ژماردنەوەی دەستی دەنگی سندوقەکانی دەنگدان هەبێت و گۆڕانکاریش لە ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانی هێزەکان روبدات".

 

پێگەی کورد
دو پارتی سەرەکی کوردی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی کوڕانی سەرۆک کۆماری کۆچکردوی عێراق سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەردەوامن لە زاڵبونی هەیمەنەی سیاسی کورد لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کورستان بەتایبەتی.
پارتی کە نزیکەی 33 کورسی هەیە و نزیکەی حەوت کورسی بەراورد بە خولی پێشو زیادکردوە
پارتی کە نزیکەی 33 کورسی هەیە و نزیکەی حەوت کورسی بەراورد بە خولی پێشو زیادکردوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش 16 کورسی لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بردوەتەوە.
کوتلە شیعەکان، بە ڕەوتی سەدریشەوە پێویستە لەسەر کاندیدێکی سەرۆک وەزیران لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون
شێرزاد قاسم، کادیری پێشکەوتوی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندوە، "حزبەکەی پێیوایە کە کوتلە شیعەکان، بە ڕەوتی سەدریشەوە پێویستە لەسەر کاندیدێکی سەرۆک وەزیران لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون".
کاتی پێویستیان هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە
قاسم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەلحورە" رایگەیاند، شاندی پارتی دیموکراتی کە دوێنێ سەردانی سەدرییەکانیان کردوە، پێیان راگەیاندون کە "کاتی پێویستیان هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە" ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە پارتی دیموکراتی "لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی بەهێزدایە لەگەڵ بونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی".

وتیشی، "سەدرییەکان دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ هەرکام لەو لایەنە شیعیانە بکەن کە ئێستا قورساییان لە شەقامدا هەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیان لەگەڵدا بکەن، سیناریۆیەکی تر دەبێت بۆ ئەوەی هەمو هێزە شیعییەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسایەتیەکی بێلایەن رێکبکەون، هەروەک لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشودا رویدا".

نیشانەکردن

عێراق