عوسمان كاروانی، كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتو لە دیداری خەندان راشکاوانە هەڵوێستی نوێی حزبەکەی ئاشکرا دەکات

12:37 - 03/11/2021

3446جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عوسمان كاروانی، كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتو راشکاوانە هەڵوێستی نوێی حزبەکەی ئاشکرا دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان به‌شداری هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكه‌ن كه‌ باسبێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، ده‌شڵێت، "ئه‌م یه‌كڕزییه‌ی كه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ (پارتی و یه‌كێتی) باسی ده‌كه‌ن یه‌كڕیزی نیشتمانی نیه‌ به‌ڵكو حزبییه‌، باس له‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كان هه‌مویان یه‌كڕیزبن له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان بتوانن كۆمه‌ڵێك پۆستی حزبی له‌ به‌غدا وه‌ربگرن بۆ خۆیان".

عوسمان كاروانی لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، له‌باره‌ی زیادبونی ژماره‌ی كورسی و ده‌نگه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "ئه‌مجاره‌ له‌ كورسیدا له‌ 100% یه‌كگرتو زیادیكرد، له‌ ده‌نگیشدا كه‌ له‌ شه‌ش بازنه‌دا به‌شداریمان كردوه‌ و نزیكه‌ی 15 هه‌زار ده‌نگمان زیادكردوه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌وه‌ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بوین و هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ یه‌كگرتو هێزێك بوه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكدا بوه‌، كه‌ له‌روی سیاسی، په‌روه‌ده‌كردنی تاك و خێرخوازییه‌وه‌ كاریكردوه‌، به‌پێی تێپه‌ڕبونی كات هه‌ندێك له‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كگرتو له‌ رابردودا ئه‌كرا له‌سه‌ر هه‌نگاو هه‌ڵوێسته‌كانی ورده‌ ورده‌ خه‌ڵكی كوردستان هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و تێده‌گات، بۆیه‌ هۆشیاربونه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ بینینی روی راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م روداوه‌كان وه‌ك خۆی یه‌كێك بو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زیادبونی ده‌نگه‌كان و كورسییه‌كانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان".

هۆشیاربونه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ بینینی روی راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م روداوه‌كان وه‌ك خۆی یه‌كێك بو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زیادبونی ده‌نگه‌كان و كورسییه‌كانی یه‌كگرتو
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌رنامه‌یان هه‌بوه‌ كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێریش كورسییه‌ك ببنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ده‌ستیان هێناوه‌ ده‌توانن بڵێن به‌ره‌وپێچونێكی باشه‌ و ئه‌مه‌ وای له‌ یه‌كگرتوه‌كان كردوه‌، كه‌ "به‌رنامه‌ی باشتر و جوانتریان هه‌بێت بۆ داهاتو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی دیكه‌ به‌ده‌ستبهێنین، ئه‌وه‌شی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جێبه‌جێمان كرد پلانی خۆمان بو قۆناغ به‌ قۆناغ جێبه‌جێمان كرد".  
 خه‌ڵك چیتر ئاماده‌نیه‌ به‌ده‌ست حزبه‌ حوكمڕانه‌كانه‌وه‌ رۆبۆت بێت
عوسمان كاروانی له‌باره‌ی زیادبونی ده‌نگه‌كانیان له‌ بادینان باسی له‌وه‌كرد، "هۆكاری یه‌كه‌م هۆشیاربونه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌، خه‌ڵك چیتر ئاماده‌نیه‌ به‌ده‌ست حزبه‌ حوكمڕانه‌كانه‌وه‌ رۆبۆت بێت، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بو له‌ناو ده‌نگدانی تایبه‌تدا له‌ شوێنێكی وه‌كو دهۆكدا زیاتر له‌ دو هه‌زار ده‌نگمان به‌ده‌ستهێنا و له‌ شوێنێكی وه‌كو زاخۆدا زیاتر له‌ 700 ده‌نگمان به‌ده‌ستهێنا له‌كاتێكدا خۆت ده‌زانیت ئێمه‌ یه‌ك پۆلیس و پێشمه‌رگه‌مان له‌ بادینان نیه‌، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستبونی هۆشیاری و به‌راستی ئه‌م سیستمی حكومڕانیه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ فاشله‌ و سه‌ركه‌وتو نیه‌ خه‌ڵكیش ئه‌م سیستمه‌ ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت له‌ ماوه‌ی رابردو له‌سه‌ر نه‌كشانه‌وه‌ی واژۆكانمان له‌ په‌رله‌مان بۆ بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت پارتی 17 پۆستی له‌ یه‌كگرتو وه‌رگرته‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر ناته‌ندروست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان له‌ ده‌ڤه‌ری باردنیان كرا كه‌ ببو به‌ ده‌ربه‌ندێكی داخراو له‌روی ئازادی فیكری و رۆژنامه‌نوسی، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان پێی وتن هه‌ڵوێسته‌كانتان هه‌ڵه‌ن و له‌ كاره‌كانتان نه‌تان پێكاوه‌ و ئه‌و فشاره‌ی كه‌ كرتان له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌مه‌ واناكات خه‌ڵك ببێته‌ كۆیله‌ی حزبێكی دیاریكراو".
حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان باڵه‌خانه‌یه‌كه‌ و لێی نوسراوه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌گینا له‌ ئه‌رزی واقعدا دو حزبی حوكمڕانن و له‌مدیوی دێگه‌ڵه‌و له‌ودیوی دێگه‌ڵه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن
له‌باره‌ی بۆچونی یه‌كگرتو له‌سه‌ر كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، عوسمان كاروانی وتی، "كابینه‌ی نۆیه‌م سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌ و ده‌بێت به‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر بیپێویین، بۆ نمونه‌ له‌روی گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م كابینه‌یه‌ چی لێبه‌سه‌رهاتوه‌؟ كوا باشبونی دۆخی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان؟ مامۆستا هه‌یه‌ حه‌وت دانه‌ ساڵه‌ وانه‌بێژی پێده‌ڵێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ سیستمێكی نوێیه‌ دایان هێناوه‌، كوا دروستكردنی به‌نداو و گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان؟ ئه‌و هه‌مو بارانه‌ ده‌بارێت كوا دروستكردنی به‌نداو هه‌تاوه‌كو بۆ ساڵانی داهاتو تینمان بۆ نه‌یه‌ت له‌ وشكه‌ساڵیدا؟ كوا كاره‌بای به‌رده‌وام له‌ كوردستاندا كه‌ ئه‌مانه‌ شتی زۆر سه‌ره‌تایین؟ كوا دادپه‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت له‌ سه‌روه‌ت و سامانی كوردستاندا؟ به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان باڵه‌خانه‌یه‌كه‌ و لێی نوسراوه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌گینا له‌ ئه‌رزی واقعدا دو حزبی حوكمڕانن و له‌مدیوی دێگه‌ڵه‌و له‌ودیوی دێگه‌ڵه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌مدیوی دێگه‌ڵه‌ ناتوانێت پۆلیسَكی دابمه‌زرێنێت، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش له‌ودیو ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌روایه‌". 
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵك په‌یامیدا به‌ دو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ ئێوه‌ شكستخواردون چونكه‌ لانیكه‌م نیو ملیۆن ده‌نگ كه‌میانكرد
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو،  "له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵك په‌یامیدا به‌ دو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ ئێوه‌ شكستخواردون چونكه‌ لانیكه‌م نیو ملیۆن ده‌نگ كه‌میانكرد، كه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پاكبو مه‌جالی ته‌زویری كه‌متر تێدابو، ئه‌مه‌ روی راسته‌قینه‌ی حزبه‌ حوكمڕانه‌كانی تاڕاده‌یه‌ك ده‌رخست، كه‌واتا ئه‌م سیستمی حوكمڕانیه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئارامی، ئاوه‌دانی، خۆشگوزه‌رانی، ساڕێژكرنی برینه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی به‌دیبهێنێت، ئه‌م هه‌مو گه‌نجه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ریان بێمنه‌تن و هه‌زاران كه‌س مانگانه‌ كۆچ ده‌كه‌ن و هه‌زارانیش ته‌خه‌روج ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌مو بندیواره‌یان هه‌یه‌ ئاماده‌نین چاكسازی تێدابكه‌ن، كوا حكومه‌ت هێشتی په‌رله‌مان قیبله‌ نمای بێت و هه‌ڵه‌كانی بۆ راست بكاته‌وه‌؟ هه‌مو ئه‌مانه‌ پێمان ده‌ڵێن ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌راستی شكستخواردوبوه‌".
ئه‌و داهاته‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ نایه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌م داهاته‌ی داهاتێكی حزبیه‌، ئێستا حزبه‌ حوكمڕانه‌كان له‌ حكومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندترن
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌وان متمانه‌ ناكه‌ن كه‌ حكومه‌ت ده‌ڵێت روبه‌ڕوی قه‌یرانی دارایی و كۆرۆنا بوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها هه‌ڵه‌كان ده‌بینن؟ عوسمان كاروانی وتی، "باشه‌ خۆئه‌مان ئیدیعای ئابوری سه‌ربه‌خۆیان كرد و ئیدیعای ده‌وڵه‌تداری ده‌كه‌ن، ئیدیعای بونی داهات ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ نه‌وت و گومرگه‌كان و داهاتی ناوخۆمان هه‌یه‌، باشه‌ ئه‌بێت ده‌وڵه‌وت له‌كاتی نه‌هامه‌تیه‌كاندا كه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یدا دێت داوا له‌ خه‌ڵك بكات بێت نه‌خۆشخانه‌ بكاته‌وه‌ و بڵێ من موچه‌م نیه‌ و نه‌یدات؟ یان وه‌كو وڵاتانی دونیا كه‌ له‌هیچ وڵاتێكدا بۆ سه‌عاتێك موچه‌ دوانه‌كه‌وتوه‌، ئه‌و داهاته‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ نایه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌م داهاته‌ی داهاتێكی حزبیه‌، ئێستا حزبه‌ حوكمڕانه‌كان له‌ حكومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندترن، چ مه‌نتیقی تێدایه‌ له‌ وڵاتێكدا بژین حزب له‌ حكومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندتربێت؟، ئه‌و هه‌مو داهاته‌مان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمدا توخوا شه‌رم نیه‌ ئێستاش ئه‌گه‌ر ده‌رمان له‌ به‌غداوه‌ نه‌یه‌ت نیه‌ دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر 200 ملیاره‌كه‌ نه‌یه‌ت ئه‌ڵێن موچه‌ی كامل نیه‌ دابه‌شی بكه‌ین، باشه‌ 30 ساڵه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌م هه‌مو داهاته‌ی هه‌بوه‌ و ئه‌م هه‌مو ژێرخانه‌ی له‌به‌رده‌ستدابوه‌ ئه‌ی نابێت یه‌ده‌گێكت بۆ رۆژانی ته‌نگانه‌ بتوانیت سودی لێوه‌ربگریت؟، من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوام به‌ نه‌بون نیه‌ له‌ هه‌رێمدا، بونێكی زۆر هه‌یه‌ به‌ڵام گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و ئیستغلال هه‌یه‌ و به‌كارهێنانی داهاتی گشتیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حزب و بنه‌ماڵه‌ و كه‌سه‌ تایبه‌ته‌كان".
ئه‌و وه‌فده‌ی كه‌له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دانیشت كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنیان پێداین، له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ره‌و گه‌شه‌كردن بڕوات، به‌هۆی ناڕاستگۆبونی ئه‌وان وه‌زاره‌ته‌كه‌مان راده‌ستكرده‌وه‌
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ گله‌ییه‌كان له‌ كه‌رتی تایبه‌ته‌ و له‌ كابینه‌ی پێشو یه‌كگرتو وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌بوه‌، بۆچی نه‌یتوانیوه‌ چاكی بكات؟ عوسمان كاروانی وتی، "ئێمه‌ به‌ پڕۆژه‌یه‌ك چوینه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌و وه‌فده‌ی كه‌له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دانیشت كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنیان پێداین، له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ره‌و گه‌شه‌كردن بڕوات، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ حكومه‌ت و لیژنه‌كه‌ به‌ئێمه‌یان دابو رێك پێچه‌وانه‌یان جێبه‌جێكرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌ده‌ست هێزێكی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌یه‌ ئه‌وان وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بۆ ئه‌وان خراپه‌، بۆیه‌ ده‌یان گرێكوێره‌و ئه‌رقه‌له‌یان دروستكرد، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته‌ شكستبخوات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك بده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنه‌ و وه‌زاره‌ته‌كه‌ شكستی خواردوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ سه‌ربازانه‌ بڕیارمانداو وه‌زیره‌كه‌مان كه‌ د. سه‌ڵاح بابه‌كر بو ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌، بۆ زانیاری جه‌نابیشت له‌ هه‌رشوێنێك كه‌ وه‌زیرێك یان به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی هه‌بێت ته‌حه‌دا ده‌كه‌ین كه‌ یه‌ك گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر به‌رپرسێكی یه‌كگرتو هه‌بێت، یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كرابێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت، ئێمه‌ هه‌مو شته‌كانمان وه‌كو خۆی جێبه‌جێكرد و به‌هۆی ناڕاستگۆبونی ئه‌وان وه‌زاره‌ته‌كه‌مان راده‌ستكرده‌وه‌".
ئه‌م براده‌رانه‌ باسی ده‌كه‌ن یه‌كڕیزی نیشتمانی نیه‌ به‌ڵكو حزبییه‌، باس له‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كان هه‌مویان یه‌كڕیز بن له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان بتوانن كۆمه‌ڵێك پۆستی حزبی وه‌ربگرن 
په‌یوه‌ست به‌ كۆنه‌بونه‌وه‌ی یه‌كگرتو له‌گه‌ڵ شاندی پارتی، كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتو ده‌ڵێت، "ئێمه‌ جوابی وه‌فدی پارتیمان دایه‌وه‌ كه‌ هێشتا كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنمان نه‌كردوه‌، ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ش بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌ و ئه‌وه‌بو كۆبونه‌وه‌مان كرد و رامانگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ به‌شداری هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكه‌ین كه‌ باسبێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق،  ئه‌م یه‌كڕزییه‌ی كه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ باسی ده‌كه‌ن یه‌كڕیزی نیشتمانی نیه‌ به‌ڵكو حزبییه‌، باس له‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كان هه‌مویان یه‌كڕیز بن له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان بتوانن كۆمه‌ڵێك پۆستی حزبی له‌ به‌غدا وه‌ربگرن بۆ خۆیان، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ستراتیژی نین و شه‌خسین، ده‌بێت پلانی نزیك و دورمه‌ودا هه‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌قابیله‌تی ئه‌وه‌ی نازانین كه‌ خۆمان پێ مه‌شغوڵ بكه‌ین، ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ سه‌رقاڵی خه‌مه‌كانی خه‌ڵك ده‌بین و له‌ به‌غدا پارێزه‌ری غه‌مه‌كانیان ده‌بین".