بۆ یەکەمجار لە کوردستان؛ بەشی گەشەپێدانی مرۆیی لە کۆلێژی پەروەردەی شارەزور دەکرێتەوە

11:30 - 28/10/2021

4929جار خوێندراوەتەوە
دیمەنی بەشێک لەخوێندکارانی زانکۆیەکی هەرێمی کودستان

خەندان- هێمن عەبدوڵا 

دوای چەندین ساڵ لە پێگەیاندنی راهێنەر و شارەزا لەبواری گەشەپێدانی مرۆیی لەلایەن بەشێک لە رێکخراو و پەیمانگاکانی بواری راهێنانی مرۆیی، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان ئەم بوارە دەخرێتەچوارچێوەیەکی ئەکادیمییەوە و بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 بەشی گەشەپێدانی مرۆیی لە (کۆلێژی پەروەردەی شارەزور- زانکۆی هەڵەبجە) دەکرێتەوە، بەرپرسانی زانکۆی هەڵەبجەش رایدەگەیەنن، ئەم بوارە تائێستا بە "هەرەمەکی" کاری لەسەر کراوە و ئەوان ئامانجیانە لەرێگەی ئەم بەشەوە کارەکتەری زانستی دروستبکەن کە کار لەسەر هۆشیاری تاک و لێهاتوییە کەسییەکانی خوێندکار دەکەن.

دەمانەوێت زۆرترین بەشی زانستی کە لەگەڵ بازاری کاردا دەگونجێت بکەینەوە
د. ئەحمەد میرە، ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی شارەزور بە خەندان-ی راگەیاند، کردنەوەی ئەم بەشە پەیوەندی بە چەند لایەنێکەوە هەیە، یەکەم پەیوەندی بە پلانی زانکۆی هەڵەبجەوە هەیە کە دەمانەوێت زۆرترین بەشی زانستی کە لەگەڵ بازاری کاردا دەگونجێت بکەینەوە، دوەم پەیوەندی بە گەشەسەندن و گەورەبونی کۆلێژەکەمانەوە هەیە، کە دەکەوێتە قەزایەکی گرنگی وەک شارەزورەوە کە دەبێت دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکارانی و خەڵکی ناوچەکە برەخسێنێت، سێیەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگا.
بواری گەشەپێدانی مرۆیی لە ئێستادا بوەتە بوارێکی هەرەمەکی، هەمو کەس پێیوایە لەم بوارەدا شارەزایە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەشە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، "بەوەی تۆ پەیوەست بە کادری گەشەپێدانی توانای هۆشیاری تاک و لێهاتوییە کەسییەکانی خوێندکار کار دەکەیت، لەناو کۆمەڵگادا هەوڵدەدەیت کارەکتەری زانستی دروستبکەیت، بەتایبەت بواری گەشەپێدانی مرۆیی لە ئێستادا بوەتە بوارێکی هەرەمەکی، هەمو کەس بەویستی خۆی پێیوایە  بروانامەی هەیە پێیوایە شارەزایە".
 ئەم بەشە زانستێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ناکرێت کوردستانیش بێبەش بێت لەم بوارە
ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی شارەزور باس لەوەدەکات، بەشی گەشەپێدانی مرۆیی زانستێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لەئێستادا لە جیهان و لەزانکۆ پێشکەتوەکاندا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت هەربۆیە ناکرێت کۆڵگای کوردستانیش بێبەش بێت لەم بوارە.
ئەمساڵ بۆ قۆناغی یەکەمی بەشی گەشەپێدانی مرۆیی 40 خوێندکار وەردەگرین
کۆلێژی پەروەردەی شارەزور پلانی ئەوەی داناوە ئەمساڵ بۆ قۆناغی یەکەمی بەشی گەشەپێدانی مرۆیی 40 خوێندکار وەربگرێت، هەروەها زمانی خوێندن لەم بەشەدا نیوەی بە ئینگلیزی دەبێت، بەرپرسانی کۆلێژەکەش باس لەوە دەکەن پلانیان هەیە لەهەردو خوێندنی بەیانیان ئێواران خوێندکار بەشێوەی پارالێڵ وەربگرن، بڕی پارەی تەرخانکراویش لەم بەشە (بەشێوەی پارالێڵ) بریتی دەبێت لە ملیۆنێک و 900 هەزار دینار، بە رێژەی لێبرینی لەسەدا 45% کە خوێندنی باڵا بڕیاری لێداوە.
پلانمان هەیە بەشی نوێی تریش بکەینەوە بەتایبەت بەشی زانستی وەرگێڕان
لەبارەی پلانیان بۆ کردنەوەی بەشی نوێی دیکە و فراوانکردنی کۆلێژەکەشیان، د.ئەحمەد میرە وتی، "بەڵێ پلانمان بۆ گەشەپێدانی کۆلێژەکەمان هەیە لە زانکۆی هەڵەبجە، پلانمان هەیە بەشی نوێی تریش بکەینەوە بەتایبەت بەشی زانستی وەرگێڕان، بەڵام توانای بیناکەمان زۆر گونجاو و رەخساو نییە، بۆیە لە چەند مانگی داهاتودا دوای دابینکردنی زەوی تەرخانکراو لەلایەن شارەوانی شارەزورەوە، دیزاینی کەمپێکی تازە بۆ کۆلێژ دەکەین، بەهاوکاری هەمو لایەک بەتایبەت سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پارێزگاری سلێمانی، قائیمقامیەتی شارەزور و شارەوانی قەزای شارەزور، بۆ ئەوەی کە بتوانین کەمپێکی شایستە بۆ خوێندنی باڵا لەناوچەکە بکەینەوە".
بەدڵنیاییەوە بۆ دروستکردنی دۆخێکی تەندروست، گەشەپێدانی ئەقڵییەتێکی تەندروست کاردەکەین
سەبارەت بە گرنگی کردنەوەی ئەم بەشە لەسەر دروستبونی پەروەردەکارێکی دروست و کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسیستمی پەروەردەدا رونیشیکردەوە، "هەمو بەشێک پسپۆڕی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەم بەشە واتا ئەم زانستە کار لەسەر فراوانکردنی هۆشیاری تاک دەکات، کێشەی گەورەی توندوتیژی ئەوەیە هۆشیاری کەم بێت یان ڕۆشنبیری کەم بێت، کەسێک کە خاوەنی هۆشیارییەکی بەرفراوان بێت دیارە توندوتیژی لەئاستێکی کەمتر دەبێت، بەدڵنیاییەوە بۆ دروستکردنی دۆخێکی تەندروست، گەشەپێدانی ئەقڵییەتێکی تەندروست کاردەکەین، ئومێدیش دەکەین ئەنجامێکی زۆر باش و ئەرێنی بەدەست بهێنین".
 ئەم بەشە دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەپێگەیاندنی تاکی هۆشیار 
پەیوەست بەم بابەتەش خوێندکارێکی کۆلێژی پەروەردەی شارەزور باوەڕیوایە کردنەوەی بەشی گەشەپێدانی مرۆیی وەک ناوەندێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و تاک بە پێویستە، بەتایبەت بۆ تێپەراندنی دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان ئەم بەشە دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەپێگەیاندنی تاکی هۆشیار و بەرەوپێشبردنی لایەنی پەروەردە لە کوردستان.
کردنەوەی بەشی گەشەپێدانی مرۆیی وەک ناوەندێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا بە پێویست دەزانم
عەزیز ئیبراهیم، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی کوردی بە خەندان-ی راگەیاند، "پێموایە کۆمەڵگای کوردی لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە کە هەمومان درکمان پێکردوە، بۆیە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار ئەرکە کۆمەڵگاکەمان لەم دۆخە رزگار بکەن، لەم روانگەیەشەوە پێموایە کردنەوەی بەشی گەشەپێدانی مرۆیی وەک ناوەندێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا بە پێویست دەزانم".
ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ بنیاتنانەوە و دروستکردنی پەروەردەیەکی هاوچەرخ
ئەوەشی خستەڕو، باوەڕیانوایە کردنەوەی ئەم بەشە "دەبێتە هاندەرێک بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی لە کۆمەڵدا و هەبونی ڕۆڵی بنیاتنانەوە و دروستکردنەوەی پەروەردەیەکی هاوچەرخ، بەشێوەیەکی دیکەی جیاواز لە پەروەردەی دوبارە".
زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵی 2010دا لەلایەن کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزراوە

زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ یەکێکە لە زانکۆ حکومیەكانى ھەرێمی کوردستان کە له‌به‌رواری 8ی (تەموز/7)ی 2010دا لەلایەن کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی بۆ ده‌رچوه‌.

 

زانکۆی ھەڵەبجە له‌ ئێستادا  لە شەش كۆلێج  و یەك بەش پێكهاتوه‌ كه‌ بریتین له‌:

 

– كۆلێجى پەروەردەی بنەڕەت
– کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان
– كۆلێجى په‌روه‌رده‌ى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان
– كۆلێجى زانست
– بەشی ئەندازیاری
– کۆلێجی پەروەردەی شارەزور
– کۆلێجی یاساو کارگێڕی
کۆی گشتی پلانی وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگاکان 45 هەزار و 218 قوتابیی بوە 
25ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2021-2022 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆی گشتیی دەرچوان کە لە وەزارەتی پەروەردەوە رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراون 63 هەزار و 324 دەرچو بون، هەروەها  کۆی گشتی پلانی وەرگرتن 45 هەزار و 218 قوتابیی بوە بەم شێوەیە، 26 هەزار و 33 قوتابی پلانی زانکۆ لاین، 10 هەزار و 834 قوتابی پلانی پارالێڵ و هەشت هەزار و 351 قوتابی پلانی ئێواران.