نرخی نەوت بەرزبوەوە و بەربەستی 86 دۆلاری شکاند

11:34 - 25/10/2021

3952جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ دوشەممە بەهۆی نیگەرانییەکان لە کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی خەڵوز و گازی سروشتی لە هەر یەک لە وڵاتانی چین، هیندستان و ئەوروپا زیاتر بەرزبوەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمڕۆ لە بۆرسەی جیهانی نرخی یەک بەرملیل نەوتی برێنت 47 سەنت کە دەکات رێژەی 0.55% بەرزبوەوە گەیشتە 86 دۆلار، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 56 سەنت کە دەکات 67% بەرزبوەوە و نرخی یەک بەرمیل گەیشتە 84.32 دۆلار.  

خواست لەسەر بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی سوتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەیشتوەتە بەرزترین ئاست
دوای زیاتر لە ساڵێک لە کەمبونەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی، لە ئێستادا خواست لەسەر بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی سوتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەیشتوەتە بەرزترین ئاست لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا، کە  گەورەترین بەکارهێنەری سوتەمەنیە لە جیهاندا.
یەکێک دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بریتییە لەوەی کە لە هەفتەی رابردو کۆمپانیاکانی ئەمریکا ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانیان کەمکردوەتەوە
بەپێی وتەی شارەزایانی ئابوری، یەکێک دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بریتییە لەوەی کە لە هەفتەی رابردو کۆمپانیاکانی ئەمریکا ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانیان کەمکردوەتەوە. 
 پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زیاتربێت و دەگاتە بەرزترین ئاست
کارۆلین باین، راوێژکاری ئابوری لەدامەزراوەی ئیکۆنومیکس رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زیاتربێت و دەگاتە بەرزترین ئاست، بەڵام لەسەرەتای ساڵی 2022ەوە جارێکی دیکە خواست لەسەر ئەو وزەیە رو لەدابەزین دەکات.

نیشانەکردن

نەوت