رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت: چاوەڕوان دەکرێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە

01:14 - 20/10/2021

6132جار خوێندراوەتەوە
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق - وێنە: ئەرشیف

خەندان-

دوای دەرکەوتنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەم، لەئێستادا پرسی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پرسێکی گەرمی لایەنەکانە، بەگوێرەی دەستوری عێراقیش سەرۆک کۆمار دەتوانێت بۆ ماوەی دو خول  لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام سەرۆکایەتییەکانی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری هیچ وادەیەکیان بۆ دیارینەکراوە، رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتیش لە راپۆرتێکدا دەڵێت، "چاوەڕێ دەکرێت هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ئێستای عێراق لەپۆستەکانیاندا بمێننەوە".

بەگوێرەی ئەزمونی حکومڕانی عێراق لە دوای ساڵی 2003ەوە کە لەوکاتەدا سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ دو خولی یەک لەدوای یەک (2005 - 2014) وەک سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەهەمانکاتیشدا پۆستی سەرۆک وەزیرانیش بۆ دو خولی یەک لەدوای یەک  (2006 - 2010 - و 2010 - 2014) بۆ نوری مالیکی نوێ کرایەوە، هەروەها مالیکی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی حکومەت لەساڵی 2014دا کاندیدێکی بەهێز و چاوەڕنکراو بو، بەڵام فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان لەنەجەف هاوکێشەکەی هەڵگێڕایەوە و داوای لە حزبی دەعوە کرد کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، دواتریش حەیدەر عەبادی لەساڵانی (2014 - 2018) سەرۆکایەتی حکومەتی کرد.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تاکە پۆستە کە لە دوای ساڵی 2003ەوە هیچ سەرۆکێک خولی دوەمی وەرنەگرتوتەوە، پێدەچێت بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان هاوکێشەکە جیاواز بێت
پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تاکە پۆستە کە لە دوای ساڵی 2003ەوە هیچ سەرۆکێک خولی دوەمی وەرنەگرتوتەوە ئەوانیش (حاجم حوسنی، مەحمود مەشهەدانی، ئوسامە نوجەیفی و سەلیم جبورین)، بەڵام پێدەچێت بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان هاوکێشەکە جیاواز بێت، بەوپێیەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان توانیویەتی لەناو پێکهاتەی سونەدا براوەی یەکەم بێت و چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی ئەگەرێکی کراوە و بەهێزە.
بەگوێرەی عورفی پێکهاتەکان، کە لە دوای ساڵی 2003ەوە لەسەری رێککەوتون سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ پێکهاتەی سونە دەبێت
بەگوێرەی عورفی پێکهاتەکانی عێراق کە لە دوای ساڵی 2003ەوە لەسەری رێککەوتون سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ پێکهاتەی سونە دەبێت، لەو بارەیەوە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت نوسیویەتی، "پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعەکان یەکلایی بوەتەوە"، بەڵام محەمەد حەلبوسی چەند مانگێک پێش ئێستا خواستی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکراکردبو و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە زۆرینەی گەلی عێراق 80%یان لە عەرەب پێکهاتون و پۆستی سەرۆک کۆمار درێژکراوە و رەمزی مانەوەی عێراقە، وەک دەوڵەتێکی عەرەبی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمکاری عەرەبی.
لایەنەکانی هەرێم دەڵێن، هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی خاوەن دەسەڵاتێکی سنوردارە، بەڵام مانەوەی ئەو پۆستە لەلای کورد وەک جۆرێک لە گەرەنتییە بۆ مانەوەیان
ئەم داواکارییەی سونەکان بەشێوەیەکی نیمچە رەها لەلایەن کوردەوە رەتکراوەتەوە، لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، "هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی خاوەن دەسەڵاتێکی سنوردارە، بەڵام مانەوەی ئەو پۆستە لەلای کورد وەک جۆرێک لە گەرەنتییە بۆ مانەوەیان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا".
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن  پارتی 33 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا یەکێتی 16 کورسی بەدەستهێناوە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 16 کورسی بەدەستهێناوە، یەکێتی لەم کاتەدا سەرەڕای کێشەکانی ناوخۆیی بەڵام هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و دەیەوێت خولی دوەمی سەرۆکایەتیدا د.بەرهەم ساڵح بەبێ رکاربەر کاندید بکاتەوە، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە بەڵام دەیەوێت ئەمجارە کورد بەیەک هەڵوێستی بەرەو بەغدا بچێت.

لەسەر ئەو بنەمایانەی پێکهاتەکان داوای دەکەن و لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، پرسی نوێ کردنەوەی پۆستەکانی (د.بەرهەم ساڵح، مستەفا کازمی و محەمەد حەلبوسی) لەکۆبونەوەی لایەنەکاندا تاوتوێ دەکرێت و ئەگەرێکی کراوەیە، لەو چوارچێوەیەشدا 18 ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی و لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە لەبەغدا کۆبونەوە.
پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و هیچ خیلافێکمان نیە لەسەر ئەوە و نەریتێکیش هەیە کە ئەو پۆستە بۆ یەکێتی دەبێت
دوای کۆبونەوەکەی سلێمانی ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی رێککەوتنی حزبەکەی و پارتی لەسەر یەک هەڵوێستی لە بەغدا و پۆستی سەرۆک کۆمار وتی، "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و هیچ خیلافێکمان نیە لەسەر ئەوە و نەریتێکیش هەیە کە ئەو پۆستە بۆ یەکێتی دەبێت و پێشبینی ناکەم کە ببێتە بەربەرستێک لەبەردەم شتە سەرەکییەکان، کە شێوازی نێونەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیەکانی میللەتی کوردە لە بەغدا، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
مستەفا کازمی  وەک یەکێک لەکاندیدە بەهێزەکان بۆ سەرۆکایەتی خولی داهاتوی حکومەت ناو دەبرێت
هەرچی سەبارەت بە لایەنەکانی شیعە و کاندیدەکانیانە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق وەک یەکێک لەکاندیدە بەهێزەکان بۆ سەرۆکایەتی خولی داهاتوی حکومەت ناو دەبرێت، بەو پێیەی کورد، سونە و زۆرێک لەلایەنە شیعەکان لە نزیکەی دو ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتەکەی رازی بون و بێلایەن بونیشی لە هەڵبژاردنەکان و نەبونی جێگیرەوەیەکی دیکە، کە بەئاسانی لایەنەکان لەبارەیەوە بگەنە رێککەوتن، دەرفەتی مانەوەی لە پۆستەکەیدا بۆ جاری دوەم وەک ئەگەرێکی بەهێز و چاوەڕوانکراوە.
هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکانیان هەیە
پەیوەست بەم بابەتەش دکتۆر فازڵ بەدرانی، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی عێراق باوەڕی وایە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکانیان هەیە و لەگەڵ چەندین کەسایەتی دیکەدا ناویان دەهێنرێتەوە.
لە نەریتی سەرۆکایەتی عێراقدا زیاتر لە جارێک پۆستی سەرۆک کۆمار نوێ کراوەتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان لە سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەماندا زیاتر رویانداوە
فازڵ بەدرانی دەڵێت، لە نەریتی سەرۆکایەتی عێراقدا زیاتر لە جارێک پۆستی سەرۆک کۆمار نوێ کراوەتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان لە سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەماندا زیاتر رویانداوە، لەم بابەتەشدا محەممەد حەلبوسی، چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی زیاترە، چونکە کوتلەکەی لەناو پەرلەماندا کورسییەکی زۆری بەدەستهێناوە.