فەیسبوک دەیەوێت ناوی کۆمپانیاکەی بگۆڕێت

10:35 - 20/10/2021

6626جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەمەبەستی فراوانکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی و بەکارهێنانیان لەئاڵوگۆڕی ئابوری و بونیادنانی جیهانێکی گریمانەیی بە تەکنەلۆژیای نوێ، کۆمپانیای فەیسبوک دەیەوێت  ناوی کۆمپانیاکەی بگۆڕێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت 28ی ئەم مانگە ناوە نوێیەکە لەلایەن خاوەنی کۆمپانیای فەیسبوکەوە ئاشکرابکرێت.

28ی ئەم مانگە ناوی نوێی کۆمپانیەکەی ئاشکرادەکات
بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆمپانیای فەیسبوک، مارک زوکەربێرگ لەکۆنگرەی کۆنێکت کە بڕیارە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ناوی نوێی کۆمپانیەکەی ئاشکرادەکات و پلانی فراوانکردنی پرۆژەکە وەک  گەورەترین تۆڕی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا دەخاتەڕو.
دەبێت بە ناوەندێکی گریمانەیی بۆ ئاڵوگۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە تەکنەلۆژیای نوێ
بەرپرسانی فەیسبوک دەڵێن، ناوە نوێیەکەی فەیسبوک رەنگەدانەوەی خواستی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە دەبێت بۆ ئەوەی فەیسبوک وەک زیاتر لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت و ببێت بە ناوەندێکی گریمانەیی بۆ ئاڵوگۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە تەکنەلۆژیای نوێ.
 لەچوارچێوەی راگەیاندنی پرۆژە نوێیەکەیدا  10 هەزار فەرمانبەری نوێ لە ئەوروپادا دادەمەزرێنێت
کۆمپانیای فەیسبوک لەچوارچێوەی راگەیاندنی پرۆژە نوێیەکەیدا  10 هەزار فەرمانبەری نوێ لە ئەوروپادا دادەمەزرێنێت و رەتیشیدەکاتەوە گۆڕینی ناوەکەی پەیوەندی هەبێت بەو تۆمەتانەی لەماوەی رابردودا روبەڕوی کۆمپانیاکەی کراونەتەوە.