بابه‌كر دڕه‌یی له‌ دیداری خەندان: هه‌یئه‌تێكی حه‌وت یاخود نۆ كه‌سی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان پێکدەهێنرێت

11:33 - 19/10/2021

5828جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بابه‌كر دڕه‌یی، هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی كردویانه‌ له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری كۆتایی پێهاتوه‌، "خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئێمه‌ی وت ستۆپ، كۆتایی پێبهێنن، به‌ڵام له‌ ئاستی فه‌رمیدا ماوه‌ و پێشبینی ده‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بكرێت، یاخود وه‌ك باس ده‌كرێت هه‌یئه‌تێكی حه‌وت كه‌سی یاخود نۆ كه‌سی دابنرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان، ئه‌و گروپه‌ بڕیار ده‌دات كه‌ چی ده‌كات ئایا له‌ حكومه‌ته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان نا". ده‌شڵێت، "خواستێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ كاك عوسمانی حاجی مه‌حمود له‌ناو گۆڕاندا ده‌ستبه‌كار بكاته‌وه‌".

بابه‌كر دڕه‌یی، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ران و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، له‌باره‌ی شكستی  گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "شكستی گۆڕان په‌یوه‌ندی به‌ دو بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ یاخود په‌یوه‌ندی به‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت له‌ كوردستان هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك حزبی كاری تێدا ده‌كه‌ن له‌وانه‌، پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی دیكه‌ كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تیان گرته‌به‌ر دژی حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تیان گرته‌به‌ر دژی حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ زۆر كاریگه‌ری هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ ئیراده‌ی بشكێنن یاخود لاوازی بكه‌ن له‌به‌رچاوی خه‌ڵك له‌وانه‌، پارتی ئه‌وكاته‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ حكومه‌تدا به‌شداربوین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بو به‌ كێشه‌مان، ئه‌وان زۆر هه‌وڵیاندا كه‌ ده‌نگبدرێت به‌ كاك مه‌سعود بارزانی و هه‌ڵبژێرینه‌وه‌، ئێمه‌ رازی نه‌بوین، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ كه‌ هه‌ڵوێستێكی زۆر یاسایی و عادیلانه‌ بو ئه‌وان سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان ده‌ركرد له‌ په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانیشان ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كرده‌وه‌".

ئه‌و كاره‌ی پارتی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان پڕۆسه‌ی سیاسی تێكدا و رێسای گه‌مه‌كه‌ی گۆڕی
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌و كاره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان پڕۆسه‌ی سیاسی تێكدا و رێسای گه‌مه‌كه‌ی گۆڕی، وه‌ختێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ی تۆ ریعایه‌تی دیموكراسی ناكات و تۆش هێزێكت نیه‌ جگه‌ له‌ هێزی لۆجیك و مه‌نتیق به‌رامبه‌ری بوه‌ستیت و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی تۆ توندوتیژی به‌كارده‌هێنێت تۆ حه‌تمه‌ن لاواز ده‌بیت و ناتوانیت، له‌كاتێكدا تۆ ده‌توانیت گه‌مه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ دیموكراسییه‌ت حاكم بێت، وه‌ختێك دیموكراسییه‌ت سه‌روه‌ر نیه‌ لاوازده‌بیت بۆیه‌ یان ده‌بێت ده‌ستبه‌ری بۆ چه‌ك یان ده‌بێت بچیته‌ ماڵه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌نگاوی دوه‌مان هه‌ڵبژارد و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شكستمان هێنا و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ی لاوازكرد و له‌ڕوی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ پاشه‌كشه‌كمان كرد".
هه‌ردو حزبه‌كه‌ی كوردستان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ و جه‌ماوه‌ری و هه‌ڵقوڵاوی خه‌ڵكه‌ و ده‌بێت لێی بدرێت
بابه‌كر دڕه‌یی باسی له‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دواتردا له‌ ساڵی 2018 ده‌نگمان هێنا له‌ سلێمانی و كوردستاندا یه‌كێتی په‌لاماری باره‌گاكه‌ی ئێمه‌یدا له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌، هه‌ردو حزبه‌كه‌ی كوردستان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ و جه‌ماوه‌ری و هه‌ڵقوڵاوی خه‌ڵكه‌ و ده‌بێت لێی بدرێت، ئه‌میان به‌ ده‌ركردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان و ئه‌میان به‌ هاتنه‌ سه‌ر باره‌گاكه‌ت و لێدانی كه‌سایه‌تیه‌كانت و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و كوشتنی فیعلیش، هه‌روه‌ها حزبی دیكه‌ش دروستبون له‌ كوردستان ئه‌وه‌ی بۆیان كرا له‌ڕوی ته‌بلیغات، یاخود ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر هاوپه‌یمانمان بون له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوش په‌لاماری ئێمه‌یاندا تا دوا پله‌ بۆ لاوازكردنی ئێمه‌، چونكه‌ پێیانوابو ئێمه‌ ئه‌وانمان به‌جێهێشتوه‌ كه‌ چوینه‌ته‌ حكومه‌ته‌وه‌".
دوای كۆچی كاك نه‌وشیروان به‌داخه‌وه‌ گۆڕان له‌باریا نه‌بو كه‌ رابه‌رییه‌كی تۆكمه‌ و به‌توانا بهێنێته‌ پێشه‌وه‌
له‌باره‌ی هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كانی شكستی گۆڕان، بابه‌كر دڕه‌یی ده‌ڵێت، "دوای كۆچی كاك نه‌وشیروان به‌داخه‌وه‌ گۆڕان له‌باریا نه‌بو كه‌ رابه‌رییه‌كی تۆكمه‌ و به‌توانا بهێنێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ له‌ دو ئاست بێت، هه‌م خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ری كوردستان تێبگات و رابه‌ری بكات هه‌م بتوانێت له‌ ئاستی نوخبه‌ بێت، جه‌ماوه‌ر توند و رادیكاڵ بو به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ توند و رادیكاڵ نه‌بوین، نوخبه‌ی سیاسی رادیكاڵیش به‌شێوه‌یه‌ك حه‌زی ئه‌كرد له‌ بڕیارداندا به‌شداربێت به‌ڵام ئه‌و گروپه‌ی كه‌ ئێمه‌ داماننا بۆ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان نه‌یتوانی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی كه‌ هه‌مان بو به‌شدارپێبكات له‌ بڕیاری سیاسی، به‌شێكی زۆری ئه‌و نوخبه‌یه‌ ئێمه‌ و گرده‌كه‌یان به‌جێهێشت".
كاك نه‌وشیروان كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ت بو ده‌یتوانی قوڵترین بابه‌تی فكری و فه‌لسه‌فی مناقه‌شه‌ بكات به‌پێی حوكمی رۆشنبیری خۆی و له‌گه‌ڵ ساده‌ترین كه‌سی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌شدا قسه‌ بكات
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان سه‌رده‌می كاك نه‌وشیروان و سه‌رده‌می دوای كاك نه‌وشیروان، كاك نه‌وشیروان كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ت بو ده‌یتوانی قوڵترین بابه‌تی فكری و فه‌لسه‌فی مناقه‌شه‌ بكات به‌پێی حوكمی رۆشنبیری خۆی و له‌گه‌ڵ ساده‌ترین كه‌سی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌شدا قسه‌ بكات واتا هه‌م كه‌سێكی نوخبه‌ویی بو هه‌م كه‌سێكی جه‌ماوه‌ری بو، هه‌ردو سیفه‌ته‌كه‌ی تیابو، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ردو گروپه‌كه‌ی له‌ خۆی كۆكردبوه‌وه‌، ئه‌م ساده‌یی و دیموكراسیه‌ته‌ی كاك نه‌وشیروان وایكردبو خه‌ڵكێكی زۆر رومان تێبكات، دوای ئه‌و ئه‌مه‌ وانه‌ما، نوخبه‌یه‌ك هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ توانای نه‌بو له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر تێكه‌ڵ ببێت، سیاسه‌تی ئه‌سڵی جوڵانه‌وه‌كه‌ به‌جۆرێك بو بۆ جه‌ماوه‌ر رون بو كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌ نیه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، جیاواز بو له‌و شته‌ی كه‌ خه‌ڵك ده‌یویست، له‌به‌رئه‌وه‌ قیاده‌ی گۆڕان په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی هه‌م له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر پچڕاند چونكه‌ خواسته‌كانی ئه‌وانی داوا نه‌ده‌كرد هه‌م له‌گه‌ڵ نوخبه‌شدا پچڕا چونكه‌ نوخبه‌ ده‌یویست به‌شداری بكات له‌ بڕیاری سیاسیدا".
 سه‌دان راپۆرت هه‌ن له‌ میدیاكانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ت و كه‌موكوڕییه‌كان و سیاسه‌تی ناڕۆشنی حكومه‌ت
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ژوه‌ره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاریان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ رێگه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تی ئێستای گۆڕان بگرن، بابه‌كر دڕه‌یی وتی، "من دڵنیام ئه‌و ژورانه‌ هه‌مویان كاری باشیان كردوه‌، به‌ڵام كه‌ رێگاكه‌ دروست نه‌بێت هه‌رچی بكه‌یت ناگه‌یت به‌هیچ كوێ، وه‌ختێك ده‌ته‌وێت ئه‌م حكومه‌ت چاكسازی تیا بكه‌یت به‌ڵام له‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌شداریت كردوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ئه‌وه‌ی نه‌كردوه‌ و رۆژانه‌ سه‌دان راپۆرت هه‌ن له‌ میدیاكانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ت و كه‌موكوڕییه‌كان و سیاسه‌تی ناڕۆشنی حكومه‌ت، ئیتر ژوره‌كان چی بكه‌ن".
حزبه‌كانی تر له‌ كوردستاندا وه‌كو پارتی و یه‌كێتی خه‌ڵك پێیوایه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ داگیریان كردوه‌،  ئه‌گه‌ر گۆڕانیش ئه‌م خه‌ته‌ بگرێت بێگومان خه‌ڵك و هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان قبوڵ ناكات
په‌یوه‌ست به‌ زه‌قكردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی گردی زه‌رگه‌ته‌ی گۆڕان كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا له‌ناو هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕاندا باس ده‌كرا،  بابه‌كر دڕه‌یی رونیكرده‌وه‌، "راسته‌ له‌دوای كاك نه‌وشیروان ئێمه‌ كه‌وتینه‌ قه‌یرانه‌وه‌، به‌شه‌كه‌ی تریشی بابه‌تی گردی زه‌رگه‌ته‌ تاوه‌كو كاك نه‌وشیروان خۆی مابو كێشه‌یه‌كی تێدا نه‌بو، خاڵی گرنگ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كانی تر له‌ كوردستاندا وه‌كو پارتی و یه‌كێتی خه‌ڵك پێیوایه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ داگیریان كردوه‌، خه‌ڵكی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی ئه‌م وڵاته‌ پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردویانه‌ ده‌بێت رۆژێك بێته‌وه‌ بۆ ناو موڵكی گشتی، خه‌ڵك تا ئێستا شه‌رعییه‌تی نه‌داوه‌ به‌مه‌ و خه‌ڵك ناڵێت فڵان شوێن هی ئه‌وه‌ حه‌قی خۆیه‌تی، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌ تانه‌و ته‌شه‌ر باسی ده‌كات، بۆیه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وان حزبی ده‌سه‌ڵاتداری ستمه‌كارن، ئه‌گه‌ر گۆڕانیش ئه‌م خه‌ته‌ بگرێت بێگومان خه‌ڵك و هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان قبوڵ ناكات".
هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان پێیوایه‌ ده‌بێت گردی زه‌رگه‌ته‌ به‌كاربهێنرێت بۆ ئامانجه‌كانی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ دو شت بوه‌
وتیشی، "هه‌ڵسوڕاوی گۆڕان پێیوایه‌ ده‌بێت گردی زه‌رگه‌ته‌ به‌كاربهێنرێت بۆ ئامانجه‌كانی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ دو شت بوه‌، یه‌كه‌میان ئامانجێكی سیاسی بوه‌ كه‌ گۆڕانكاری ریشه‌یی و چاكسازی بوه‌، ئه‌وی تریشیان دانانی سه‌نته‌ر و بنكه‌ی رۆشنبیری و میدیاییه‌ كه‌ بتوانێت كاری رۆشنگه‌ری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت هیچ كه‌س پێموانیه‌ گله‌یی و قسه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر بۆ ئامانجی سیاسیش به‌كاربهێنرێت شتێكی ئاساییه‌ چونكه‌ ئامانجی سیاسی هه‌ر ئامانجێكی گشتییه‌ و بۆ خێری گشتی كارده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئامانجه‌كانی كاك نه‌وشیروان به‌كاربهێنرێت بێگومان خه‌ڵك قسه‌ ده‌كات و هه‌ڵسوڕاوه‌كانیش ده‌نگ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌".
گۆڕان له‌ دوڕیانێكدایه‌، یان ده‌نگه‌ره‌كانی خۆی ئاشتده‌كاته‌وه‌ یان لە حکومەت دەمێنێتەوە
له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ی گۆڕان وتی، "گۆڕان له‌ دوڕیانێكدایه‌، یان ده‌نگه‌ره‌كانی خۆی ئاشتده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ت زۆر ره‌خنه‌ و گله‌ییان هه‌یه‌ چونكه‌ خه‌ڵك كاره‌با و ئاوی نیه‌ و نه‌وت گرانه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ ناژمێردرێن، 30 ساڵه‌ نه‌توانراوه‌ كاره‌بایه‌كی رێك و پێك دروستبكرێت، رێگای دوه‌میش مانه‌وه‌ی له‌ حكومه‌ت، ده‌ریشكه‌وتوه‌ حكومه‌ته‌كه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌، حكومه‌ته‌كه‌ به‌پێی خواستی ده‌نگده‌ری گۆڕان و خواستی گشتی خه‌ڵكیش نه‌بوه‌، كه‌واتا ئه‌گه‌ر گۆڕان ده‌یه‌وێت جه‌ماوه‌ری بێته‌وه‌ كه‌واتا ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ بوه‌ستێت نه‌ك له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ بوه‌ستێت". 
ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ی لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەمانە له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری و له‌ ئاستی ئه‌م شكسته‌ی كه‌ به‌سه‌رمان هاتوه‌ كۆتایی پێهاتوه‌
په‌یوه‌ست به‌ هاوپه‌یمانێتی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، بابه‌كر دڕه‌یی ده‌ڵێت، "ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری و له‌ ئاستی ئه‌م شكسته‌ی كه‌ به‌سه‌رمان هاتوه‌ كۆتایی پێهاتوه‌، خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئێمه‌ی وت ستۆپ، كۆتایی پێبهێنن، به‌ڵام له‌ ئاستی فه‌رمیدا ماوه‌ و پێشبینی ده‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بكرێت یاخود وه‌ك باس ده‌كرێت هه‌یئه‌تێكی حه‌وت كه‌سی یاخود نۆ كه‌سی دابنرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان، ئه‌و گروپه‌ بڕیار ده‌دات كه‌ چی ده‌كات ئایا له‌ حكومه‌ته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان نا، ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكرێت و بڕیار بدرێت، بێگومان شكستی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ به‌شداریمان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌ك و رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌".

په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانكاری له‌ هه‌یكه‌لیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕاندا، بابه‌كر دڕه‌یی ده‌ڵێت، "پێشبینی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ میكانزمه‌كانی ناو گۆڕان خۆی، له‌ناو گۆڕاندا هه‌م له‌ ئاستی فه‌رمی جڤاته‌كان هه‌م له‌ ئاستی نافه‌رمی هه‌ڵسوڕاوه‌كان قسه‌ ده‌كه‌ن و گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ سیغه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بگه‌ن بێگومان گۆڕان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ن هه‌ڵناستێته‌وه‌".
كاك عوسمانی حاجی مه‌حمود هه‌ر گۆڕان بوه‌، خواستێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستبه‌كار بكاته‌وه‌
په‌یوه‌ست به‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕاوه‌ ناڕازییه‌كانی گۆڕان له‌ناویاندا عوسمانی حاجی مه‌حمود كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ران و سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی گۆڕان،  بابه‌كر دڕه‌یی ئاشكرایكرد، "كاك عوسمان هه‌ر گۆڕان بوه‌، بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ كاركردن و خواستێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ كاك عوسمانی حاجی مه‌حمود ده‌ستبه‌كار بكاته‌وه‌، كاك عوسمان فیعله‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی شایسته‌ و گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت رۆڵی هه‌بێت له‌ بابه‌ته‌كاندا".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا عوسمانی حاجی مه‌حمود ده‌كرێته‌ رێكخه‌ری گشتی گۆڕان، بابه‌كر دڕه‌یی ده‌ڵێت، "ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر رێكخه‌ری گشتی نیه‌، قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌یه‌كی حه‌وت كه‌سی یان نۆ كه‌سی هه‌بێت، كۆتا بڕیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دراوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ كێ ده‌بێت به‌ رێكخه‌ری گشتی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ جڤاتی نیشتیمانییه‌وه‌".