د. سەباحی غالب: هه‌ڵوێستی پارتی ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی كرده‌یی زۆر چاك و ره‌چه‌شكێن

05:17 - 17/10/2021

6811جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. سەباحی غالب، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە وتارێکدا بەوردی باسی دۆخی لایەنەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و رایدەگەیەنێت، په‌یامی پارتی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق، هاوكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بن، دیاره‌ هه‌ڵوێستی له‌و شێوه‌ی پارتی ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی كرده‌یی زۆر چاك و ڕه‌چه‌شكێن بۆ یه‌كڕیزی كورد، به‌ تایبه‌تی نیاز پاكی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی، كه‌ مه‌رجێكی گه‌وره‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێویسته‌ له‌ به‌رچاو بگیرێ.

د. سەباحی غالب لە وتارێکدا کە لە بەشی بژاردەی خەندان بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوەکردوە، "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌مو بارو دۆخه‌ نا ئاساییه‌ كه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ دوای 2003 كه‌ له‌ عێراقدا درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ كاریگه‌ری و هه‌ژمونی خۆپیشاندانه‌كانی گه‌نجانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق، له‌ تشرینی دوه‌می 2019، حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ناچاركرا ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌ و حكومه‌تێكی تازه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی بێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بو كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت سازبكا، دوای ململانێیه‌كی زۆر و بگره‌ و به‌رده‌، كازمی توانی به‌ڵێنی خۆی به‌رێته‌ سه‌ر و له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چو، ئه‌نجامه‌كه‌ی وا هاتوەته‌وه‌ كه‌ جیا بێ له‌ گشت هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشو، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هه‌ندێك سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێ".

دۆخی ناوخۆی كورد
د. سەباحی غالب دەڵێت، "به‌پێی ژماره‌ی كورسی سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ر حزبێك بوه‌ مایه‌ی باس و لێكۆڵینه‌وه‌ و دیاریكردنی بۆچون لایان، یه‌كێتیی ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زۆر گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ وای كردبێت، كه‌ ده‌ربڕینی توند و ناڕازییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بو، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌ كورسییه‌كان پارتی نیگه‌ران نه‌بن، له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یامی یه‌كێتی له‌ نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، پێویستمان به‌ ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی نێوخۆی یه‌كێتی و قوڵكردنه‌وه‌ و فراوانكردنیانه‌".
هۆکارەکانی دەرنەچونی کاندیدەکانی گۆڕان چی بون؟
لەبارەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نوسیویەتی، "گۆڕان كه‌ برا هاوبه‌ش بون له‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت كورسییه‌كیان به‌ ده‌ستنه‌هێنا، له‌و ڕوه‌وه‌ هۆكار زۆرن، له‌وانه‌: یه‌كه‌م، هێرشی توند و نوسینی به‌رده‌وامی گۆڕانخوازه‌ تۆراوه‌كان و دوركه‌وتوه‌كان، بوه‌ خاڵێكی گه‌وره‌ بۆ كه‌نارگیری جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان، تا وای لێهات گۆڕانخوازان گه‌یشتنه‌ ئاستێكی یه‌كجار كه‌م و ناچالاك، دوه‌م، به‌ هه‌ندێك حیساب، دوركه‌وتنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ رێبازی خۆی و ئامانجی دروستكردنی، ڕه‌خنه‌یه‌كی دیكه‌ بو، سێیه‌م، مردنی رێكخه‌ری گشتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كی چه‌قبه‌ستو، بێ توانا له‌ ده‌ستپێشكه‌ری به‌رنامه‌ی سیاسی، هۆكارێكی به‌رجه‌سته‌ بو، بۆ پاشه‌كشه‌یان".

بەبڕوای د. سەباحی غالب، هۆکارێکی دیکەی دەرنەچونی کاندیدانی گۆڕان، "هه‌ڵوێستی یه‌كجار توندڕه‌وی نابه‌رپرسیاری ئه‌ندامانی پێشوی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا كه‌ به‌ هه‌مو توانایه‌كیانه‌وه‌ دژی قه‌واره‌ی هه‌رێم بون، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆی بۆچونی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ دروستكردبو، هه‌روه‌ها خاڵی دیكه‌ش هه‌ن، له‌ناو هه‌مو حزبه‌كاندا، سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له‌ هه‌موان ئازاتر به‌رپرسیارێتی شكستیان خسته‌ ئه‌ستۆی خۆیان و ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌، حه‌ق وایه‌ زیاتر له‌سه‌ر خۆ بن و به‌ عه‌قڵێكی كراوه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌، نه‌ك تۆڵه‌ له‌ یه‌كدی".
"كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ له‌ هه‌موان توڕه‌تر بو"
پەیوەست بە كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، د. سەباحی غالب دەڵێت، "كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ له‌ هه‌موان توڕه‌تر بو، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر زاری كاندیدی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ده‌رنوچویان كه‌ عه‌بدولستار مه‌جید بو، تۆماركرا، ئه‌و چ په‌رۆشی بۆ خودی خۆی ئه‌وجا بۆ حزبه‌كه‌ی، وه‌ك قوربانییه‌ك ته‌ماشای مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌كا، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا هێند ناڕازی بو ته‌نانه‌ت ده‌یوت، ئه‌نجامی بازنه‌ی سێ و چواری هه‌ولێر ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و قبوڵمان نییه‌، له‌ دادگای فیدرالی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین، هه‌مو ڕێگایه‌كی یاسایی و مه‌ده‌نی ده‌گرینه‌به‌ر و ده‌نگده‌رانمان ده‌هێنینه‌ سه‌ر شه‌قام، ڕێگا ناده‌ین مافمان بفه‌وتێت، دڵنیابن سه‌ری خۆمانی له‌سه‌ر داده‌نێین".
"هه‌ڵوێستی پارتی له‌ په‌یامی سه‌رۆكی پارتی نه‌خشه‌كێشرا"
رونیشیکردوەتەو، "هه‌ڵوێستی پارتی له‌ په‌یامی سه‌رۆكی پارتی نه‌خشه‌كێشرا بو كه‌ ده‌ڵێ، هیوادارم له‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كڕیز و ته‌واوكاری یه‌كتری بن، هیوادارم هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ و بۆ یه‌ك ئاماجی هاوبه‌ش و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كوردستان و به‌رگریكردن له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان كاربكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدڕال بنیات بنێنه‌وه‌، له‌ په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتیش به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و تێگه‌یشتنه‌وه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌، وه‌ختێك كاك مه‌سعود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی، داوای یه‌ك ڕیزی و یه‌ك به‌رنامه‌یی كورد ده‌كه‌ن، یه‌كێكی وه‌ك دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی غه‌در ده‌كا قسه‌ به‌ خۆڕایی به‌ خه‌رج بدا". 
"په‌یامی پارتی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن لە هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی د. به‌رهه‌م هاوكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بن"
د. سەباحی غالب نوسیویەتی، "دو په‌یامی سه‌ره‌وه‌ی پارتی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق، هاوكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بن، دیاره‌ هه‌ڵوێستی له‌و شێوه‌ی پارتی ده‌شبێته‌ هه‌نگاوێكی كرده‌یی زۆر چاك و ڕه‌چه‌شكێن بۆ یه‌كڕیزی كورد، به‌ تایبه‌تی نیاز پاكی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی، كه‌ مه‌رجێكی گه‌وره‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێویسته‌ له‌ به‌رچاو بگیرێ، گومانی تێدا نییه‌ پارتی به‌ تایبه‌تی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ پاراستنی هاوكێشه‌ی ناوچه‌یی و پێكهاته‌ی كورد له‌ باشوری كوردستان، ناكرێ و نابێ یه‌كێك له‌ پارتی جا هه‌ر كه‌سێك بێ، بكرێته‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، من به‌ش به‌حاڵی خۆم جگه‌ له‌وه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ له‌ براده‌رانی پارتی چاوه‌ڕوان ناكه‌م".
"مانه‌وه‌ی دكتۆر وه‌ك سه‌رۆك كۆمار پێویستییه‌كی مێژوییه‌"
د. سەباحی غالب لەبارەی مانەوەی سەرۆک بەرهەم لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەڵێت، "له‌ ئێستادا مانه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق پێویستییه‌كی مێژوییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا سیمبوڵی پاراستنی یه‌ك ڕیزی كورده‌، باوه‌ڕیش ناكرێ هه‌ر كوردێكی له‌ جیاتی ئه‌و له‌ هه‌ر حیزبێكی دیكه‌ دابنرێ، نه‌ خزمه‌تی چاكتر ده‌كا، نه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و شاره‌زایی كارگێڕی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی كوردستان و حزبه‌ عێراقییه‌كان هه‌یه‌، تا ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م چاكی هێناوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لێی تێكنه‌ده‌ن و كه‌سێكی دیكه‌ نه‌كه‌نه‌ ڕكابه‌ری، ئه‌و كات هه‌موو حیزب و ئه‌ندامانی كورد له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا، به‌ یه‌ك ده‌نگ و به‌ یه‌ك هه‌ڵوێست و به‌ یه‌ك به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه‌ له‌ به‌غدا له‌ كاردا ده‌بن".
شكستی لایه‌نگرانی ئێران دیارترین گۆڕانكارییه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا
د. سەباحی غالب پێیوایە، "شكستی لایه‌نگرانی ئێران دیارترین گۆڕانكارییه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراقدا، له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ند خاڵێكی گه‌وره‌ی جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوتردا هه‌یه‌، یه‌كه‌م، ناڕازی بون به‌ ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ به‌ تایبه‌تی ئێران و توركیا، له‌وه‌دا كه‌م هێزی و سنوردانان بۆ ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك، به‌ قازانجی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقیشه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌، دو حكومه‌تی ناوبراو، هێنده‌ له‌ كێشه‌ و له‌ ناحه‌زی سیاسیی ناوخۆیی، پێكه‌وه‌یی، ئابوری، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئیسرائیل ئاڵاون، سه‌رەتای گڕۆڵه‌ لێژی هه‌ردوكیانه‌، به‌ كورتی ده‌رهێنانی عێراق له‌ چنگی ئێران و توركیا، له‌ خاڵه‌ ستراتیژییه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمه‌".