خه‌ندان دوایین زانیاری و ورده‌كاری گۆڕانكاریه‌كانی ناوخۆی گۆڕان بڵاوده‌كاته‌وه‌

10:52 - 14/10/2021

13010جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دواین زانیاری له‌باره‌ی گۆڕانكاریه‌كانی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، ناوی هیچ كه‌سێك بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی گۆڕان نه‌هێندراوه‌، هه‌مو ئه‌و ناوانه‌ی باسده‌كرێن بۆ چه‌واشه‌كاری و سه‌رلێشێواندنن.

كاردۆ محه‌مه‌د به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ به‌منزیكانه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان پێكبهێندرێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌پرۆسه‌یه‌كی ئاسایی و گفتوگۆی نێوان ئۆرگانه‌كان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌درێت، هه‌رچه‌ند واده‌ی پێكهێنانی لیژنه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بێت و نابێت بۆشایی دروستبكرێت.

ناوی هیچ كه‌سێك نه‌هێندراوه‌، هه‌مو ئه‌و ناوانه‌ی باسده‌كرێن بۆ چه‌واشه‌كاری و سه‌رلێشێواندنن و یان هه‌ندێكیان بۆ خۆده‌رخستن ناویان ده‌هێندرێت

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی له‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی گۆڕان دیاری ده‌كرێن، كاردۆ محه‌مه‌د وتی، "ناوی هیچ كه‌سێك نه‌هێندراوه‌، هه‌مو ئه‌و ناوانه‌ی باسده‌كرێن بۆ چه‌واشه‌كاری و سه‌رلێشێواندنن و یان هه‌ندێكیان بۆ خۆده‌رخستن ناویان ده‌هێندرێت، ئه‌گه‌رنا به‌فه‌رمی ناوی هیچ كه‌سێك نه‌هێندراوه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا رێز له‌ هه‌مو كه‌سێك ده‌گرین كه‌ له‌و ده‌سته‌بژێره‌ بن و له‌توانایاندا هه‌یه‌ و په‌رۆشن بۆ به‌شداریكردن له‌ لیژنه‌كه‌".

یه‌كێك له‌بڕیاره‌كانی جڤاتی نیشتمانیی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ستراتیژی بنیادنان و جۆرێك له‌كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌قۆناغێكدا نوێنه‌رایه‌تی گۆڕانیان كردوه‌

سه‌باره‌ت به‌ عوسمانی حاجی مه‌حمود و ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوی دیار و پێشوی دیكه‌ی گۆڕان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی بزوتنه‌وه‌كه‌، كاردۆ محه‌مه‌د وتی، "یه‌كێك له‌بڕیاره‌كانی جڤاتی نیشتمانیی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ستراتیژی بنیادنان و جۆرێك له‌كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌قۆناغێكدا نوێنه‌رایه‌تی گۆڕانیان كردوه‌ به‌ڵام هیچ كه‌سێك دیارینه‌كراوه‌".

گۆڕان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی خۆی كار له‌سه‌ر ئه‌و پایانه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌كاری رێكخستن و راگه‌یاندن و دیپلۆماسیه‌ت و سلبیاتی كاركردنیه‌وه‌ هه‌یه‌

كاردۆ محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "گۆڕان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی خۆی كار له‌سه‌ر ئه‌و پایانه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌كاری رێكخستن و راگه‌یاندن و دیپلۆماسیه‌ت و سلبیاتی كاركردنیه‌وه‌ هه‌یه‌، پرۆژه‌ی راستكردنه‌وه‌ یاخود چاره‌سه‌ركردن به‌پێی ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئێستا وه‌ڵامگۆی چاره‌سه‌ری بنچینه‌كانی گۆرانه‌ له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستێت". 

كاره‌كانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن كۆتاییان نه‌هاتوه‌، به‌ڵكو تا پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی نوێ به‌رده‌وام ده‌بن

له‌باره‌ی كاره‌كانی خانه‌ی راپه‌ڕاندنیش، كاردۆ محه‌مه‌د رایگه‌یاند، "كاره‌كانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن كۆتاییان نه‌هاتوه‌، به‌ڵكو تا پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی نوێ به‌رده‌وام ده‌بن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ته‌كه‌ی سه‌رشانیان بده‌نه‌ ده‌ست ئۆرگانێكی دیكه‌.

پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ هاوپه‌یمانێتی كردبو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ژێر ناوی هاوپه‌یمانی كوردستان، هیچ كورسیه‌كی به‌ده‌ست نه‌هێنا، ناڕه‌زایه‌تی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و بڕیاریدا گۆڕانكاری بكات.

دوێنێش جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێكی چوار خاڵی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "هه‌ڵه‌كان راست ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئیراده‌ی به‌خۆداچونه‌وه‌ و چاكسازی و گۆڕانكاری خه‌ڵكی كوردستان سه‌رده‌كه‌وێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "وه‌ك دروستكردنی پێشینه‌یه‌كی سیاسی نوێ و ڕچه‌شكێن، ڕێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشكه‌شكرد و به‌رپرسیارێتی ئه‌م قۆناغه‌یان له‌ ژیانی سیاسی له‌ ئه‌ستۆگرت تا دروستكردنی ده‌سته‌یه‌كی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئاماده‌كاری كۆنفرانسی نیشتیمانی، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ جێگای نرخاندنی به‌رزه‌ و وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆی ئیراده‌ی گۆڕانخوازانه‌ بۆ گۆڕانكاری".

نیشانەکردن

گۆڕان