کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق؟ کاندیدە چاوەڕوانکراوەکانی رەوتی سەدر

05:48 - 12/10/2021

32823جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا

دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم، رەوتی سەدر بە بەدەستهێنانی 73 کورسی و بەجیاوازییەکی گەورە پێش لیستەکانی دیکە کەوت و بوە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، بەوەش چاوەڕێ دەکرێت رەوتەکە رۆڵی یەکلاییکەرەوە لەدیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراقدا بگێڕێت، بۆیە جگە لە مستەفا کازمی کە چانسێکی بەهێزی مانەوەی لە  پۆستەکەیدا هەیە بە پشتیوانی سەدرییەکان، لەهەمانکاتیشدا رەوتەکە ژمارەیەک ناوی دیکە بۆ ئەو پۆستە لەناو خۆیاندا تاوتوێ دەکات.

شیعەکان پێویستییان بە مەرجەعیەتێکی ئاینی عەرەبی هەیە کە بارەگەکەی لە نەجەف بێت

رەوتی سەدر بیرۆکەی دروستبونی بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە کە سەید محەمەد سەدر باوەڕی وابو، شیعەکان پێویستییان بە مەرجەعیەتێکی ئاینی عەرەبی هەیە کە بارەگەکەی لە نەجەف بێت، لەو پێناوەشدا خەباتی ئاینی رەوتەکە لە چوار دەیەی رابردودا چەندین راپەڕینی بەرپاکرد کە بەشێک لە داواکارییەکانیان سیاسی و ڕو لە حکومەتی بەعس بون لەبەغدا.

جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەت و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی عێراق دەکاتەوە

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی رەوتی سەدر لە حزب و لایەنەکانی دیکەی شیعە جیا دەکاتەوە پەیوەندی هەیە بە دەرکەوتنی محمەد سەدر وەک یەکەمین زانای شیعەکان لە عێراق، بەوپێیەی مەرجەعێکی ئاینی عێراقی بوە و زیاتر جەخت لە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەت و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی عێراق دەکاتەوە، تایبەتمەندییەک کە موقتەدا سەدرییش هەمان پڕۆژەی بەگوێی شەقامدا داوە، ئەوەش لە هەمو وتارەکانی دیکە زیاتر لەناو شەقامدا پێشوازی لێدەکرێت، بەتایبەت کە بەشێک لەلایەنەکانی دیکە وەک رێکخراوی بەدر، حزبی دەعوە و رەوتی حیکمە وەک درێژکراوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئێران لەعێراق ناو دەبرێن.

 

کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق؟

 

دوای دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەشێک لە چاودێرانی عێراقی و عەرەبی باوەڕیانوایە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق یەکێک دەبێت لە ئەندامانی رەوتی سەدر، لە هەموشیان زیاتر ناوی جەعفەر سەدر ئامۆزای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەکە دێت کە لەئێستادا باڵیۆزی عێراقە لە بریتانیا، هەروەها حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەخولی رابردو و نەسار روبەیعی، سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدریش ناویان دەهێنرێت.

رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای دیاریکردنی کاندیدێک کە کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەر بێت 

چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری رازینەبونی لایەنەکان بە یەکێک لەو کاندیدانە، رەوتی سەدر بگەڕێتەوە بۆ بنەمای دیاریکردنی کاندیدێک کە کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەر بێت و بەتایبەتی هاوپەیمانی فەتح و هێزەکانی حەشدی لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیراندا قسەی خۆیان دەبێت.

 

کاری رێکخراوەیی رەوتی سەدر لەنێوان حزبێکی سیاسی و سەربازیدا  

 

لە مێژوی کاری خۆیدا رەوتی سەدر هەمیشە پارێزگاری لە بونی باڵی سەربازی رەوتەکەی کردوە و لەسەرەتاوە لیوای "الیوم الموعود" و سەرایا سەلامی دروستکردوە، هەردو هێزەکەش وەک هێزێکی حەشدی شەعبی سەر بە موقتەدا سەدر ناودەبرێن، کە لەئێستادا پارێزگاری لە شوێنە ئاینییەکانی شاری سامەڕا دەکەن دوای ئەوەی ساڵی 2006 بەشێکیان تەقێنرانەوە، هەروەها هێزی سێیەمی رەوتەکەش بەناوی سوپای مەهدی لەئێستادا سڕکراون و راستەوخۆ فەرمان لە سەدر وەردەگرن.

سەرەڕای ئەنجامەکان و بردنەوەی سەدر، بەڵام مستەفا کازمی وەک یەکێک لەکاندیدە بەهێزەکان بۆ سەرۆکایەتی حکومەت ناو دەبرێت

سەرەڕای هەمو ئەگەرە پێشنیازکراوەکان بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لەبەر رۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وەک یەکێک لەکاندیدە بەهێزەکان بۆ سەرۆکایەتی خولی داهاتوی حکومەت دەمێنێتەوە، بەو پێیەی کورد، سونە و زۆرێک لەلایەنە شیعەکان لە نزیکەی دو ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتەکەی رازی بون و بێلایەن بونیشی لە هەڵبژاردنەکان و نەبونی جێگیرەوەیەکی دیکە، کە بەئاسانی لایەنەکان لەبارەیەوە بگەنە رێککەوتن، دەرفەتی مانەوەی لە پۆستەکەیدا بۆ جاری دوەم وەک ئەگەرێکی بەهێز و چاوەڕوانکراو ناودەبرێت.