پاندۆراس پەیپەر؛ گەورەترین گەندەڵی سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهان

02:43 - 04/10/2021

5156جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا

یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنکۆڵکار (ICIJ) لەرێگەی بڵاوکردنەوەی نزیکەی 12 ملیۆن فایل، سەروەت و سامانی سەدان سەرکردەی سیاسی، ملیاردێر، هونەرمەند و کەسانی بازرگانی بڵاوکردەوە کە تریلیۆنان دۆلار سەروەت و سامانییان لەکڕینی موڵک، خانوی گەشتیاری و یەختدا هەڵگرتوە و پارەکانیان بەشێوەیەکی نهێنی و لەدەرەوەی وڵاتەکانیان شاردوەتەوە.

 بەڵگەنامەکانی پاندۆرا سەروەت و سامانی 35 سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئاشکراکردوە
بەڵگەنامەکانی یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنکۆڵکار (ICIJ) کە بە بەڵگەنامەکانی (پاندۆرا) ناسراون، دۆسیەی سەروەت و سامانی 35 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، زیاتر لە 300 بەرپرسی حکومی وەک وەزیر، دادوەر، جەنەڕاڵە سەربازییەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان لە 90 وڵاتی جیهانی لەخۆگرتوە، لەگەڵ دۆسیەی سەروەت و سامانی زیاتر لە 100 ملياردێری جیهان.
سەروەت و سامانەکانیان لەناو ماڵ و موڵکە نهێنییەکانیان لەسەرتاسەری جیهان شاردوەتەوە
لەراپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، ئەو سەرۆک و کەسایەتیانە بەشێکیان لەم کاتەدا لەدەسەڵاتن و بەشێکی دیکەشیان لەدەسەڵات دورکەوتونەتەوە، بەڵام سەروەت و سامانەکانیان لەناو ماڵ و موڵکە نهێنییەکانیان لەسەرتاسەری جیهان شاردوەتەوە، هەرچەندە بەشێکیان پاساوی ئەوەیان داوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی ئەو موڵکانەیان ئاشکرانەکردوە، بەڵام بەڵگەنامەکان باس لەوەدەکەن کە ئامانج لەو هەنگاوەیان بۆ خۆدزینەوە لەباج و یان کەمکردنەوەی پێدانی باج بوە.
 پادشای ئوردن، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا و کەسانی نزیک لەسەرۆکی روسیا ناویان هاتوە
لەدیارترین ئەو کەسانەی ناویان لەناو لیستەکەدا هاتوە پێکهاتون لە شا عەبدوڵای دوەم پادشای ئوردن، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا، کەسانی نزیک لە ڤیلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی چیک و کینیا و سەرۆکی ئێکوادۆر.
تریلیۆنان دۆلار لەلایەن کەسایەتییە جیهانییەکانەوە بەنهێنی و لەرێگەی کڕینی موڵکەوە شاردراوەتەوە
لەراپۆرتەکەدا نزیکەی 600 رۆژنامەنوس لە 150 دامەزراوەی میدیایی جیهانی و لە 117 وڵاتەوە بەشداریان کردوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بەڵگەنامەکانی پاندۆرا کردوە، لە بەڵگەنامەکاندا دەرکەوتوە کە بەهۆی گەندەڵی و ئیدارەدانی نایاسایییەوە، تریلیۆنان دۆلار لەلایەن کەسایەتییە جیهانییەکانەوە بەنهێنی و لەرێگەی کڕینی موڵکەوە شاردراوەتەوە.
پادشای ئوردن لەڕێی کۆمپانیای نهێنییەوە 95 ملیۆن دۆلاری ناردوەتە دەرەوە
لەراپۆرتەکەدا هاتوە، ئوردن بەشێکی گرنگی ئابورییەکەی پەیوەستە بەو کۆمەکە دارایی و مرۆیییانەی وڵاتانی رۆژئاوا پێیدەبەخشن، بەڵام شا عەبدوڵا لەڕێی کۆمپانیای نهێنییەوە 95 ملیۆن دۆلاری ناردوەتە دەرەوە بۆ کڕینی خانوی گرانبەها. هەروەها پادشا 14 خانوی گرانبەهای لە ئەمریکا و بریتانیا  لەنێوان ساڵی 2003 و 2017 کڕیوە.
پوتین لە ناوچەیەکی دەوڵەمەندنشینی فڕەنسا، چەندین کۆشک و تەلاری کڕیوە
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا لە لەندەن 422 هەزار دۆلاری گلداوەتەوە و لەدەرەوەی  کۆمپانیایەکی پێکڕیوە، هەروەها ڤیلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاش لەرێگەی ژنێکەوە کە باس لەوەدەکرێت پەیوەندی سۆزداری لەگەڵیدا هەیە لەمۆناکۆ کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندنشینی فڕەنسایە، چەندین کۆشک و تەلاری کڕیوە.
زێلینسکى 25٪ پشکی خۆی لە کۆمپانیایەکی دەرەوەدا خستوەتەسەر ناوی هاوڕێیەکی 
لەبەڵگەنامەیەکی دیکەی پاندۆرادا هاتوە،  ڤۆلۆدیمیر زێلینسکى کە ساڵی 2019 وەک سەرۆکى ئۆکرانیا هەڵبژێردرا، بەڵێنی ئەوەیدا وڵاتەکەی لە گەندەڵی پاک بکاتەوە، بەڵام لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا 25٪ پشکی خۆی لە کۆمپانیایەکی دەرەوەدا خستوەتەسەر ناوی هاوڕێیەکی کەلە ئێستادا راوێژکارییەتی لەسەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەیدا، لەم بارەیەوە زێلینسکی ڕەتیکردەوە کە لێدوان بدات.
بەڵگەنامەکان لەرێگەی  14 کۆمپانیای داراییەوە کۆکراونەتەوە
بۆیەکەمجار رۆژنامەی واشنتن پۆست بەڵگەنامەکانی پاندۆرای بڵاوکردەوە، هەروەها ئاژانسی BBC و گاردیانیش بەهاوکاری چەندین دامەزراوەیی میدیایی دیکە لەرێگەی 14 کۆمپانیای داراییەوە بەڵگەنامەکانیان لە سویسڕا، بریتانیا، قوبرس، سەنگاپورە، پەنەما و چەند وڵاتێکی دیکەش دەستکەتوە.
بەڵگەنامەکانی پاندۆرا پێکهاتون لە نزیکەی 12 ملیۆن فایل
بەڵگەنامەکانی پاندۆرا کە پێکهاتون لە نزیکەی 12 ملیۆن فایل، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 6.4 ملیۆن فایلیان بەڵگەنامەن، هەروەها زیاتر لە 2.9 ملیۆن فایلی دیکەیان وێنەن و 1.2 ملیۆن فایلی دیکەشیان ئیمەیڵن، هەروەها فایلەکانی دیکەش لەدۆسیە و بابەتی دیکە پێکهاتون.