بەهۆی کۆرۆناوە یەکێک لەمامۆستایانی قوتابخانەی ئاکۆ لەرانیە بانگەوازێکی بەپەلە بڵاودەکاتەوە

01:14 - 30/09/2021

41936جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مامۆستا رەهێڵە جەمال ڕەشید، مامۆستای قوتابخانەی ئاکۆ لەرانیە  رایگەیاند، (٩) نۆ مامۆستای قوتابخانەکەیان توشی کۆرۆنا بون و چەندین مامۆستای دیکەش نیشانەی توشبون بە پەتاکەیان هەیە و تائێستاش پرۆسەی خوێندن بەردەوامی هەیە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەنیدارەکان دەکەن هاوکاری پێویستی تەندروستی پێشکەش بکەن چونکە قوتابخانەی ئاکۆ زیاتر لە 800 خوێندکاری هەیە و کەمترین پێداویستی بۆ دابیننەکراوە.

نۆ مامۆستای قوتابخانەکەمان توشی کۆرۆنا بون و چەندین مامۆستای دیکەش نیشانەی پەتاکەیان تێدا دەرکەوتوە

مامۆستا رەهێڵە جەمال ڕەشید بە خەندان-ی راگەیاند، "نۆ مامۆستای قوتابخانەکەمان توشی کۆرۆنا بون و چەندین مامۆستای دیکەش نیشانەی پەتاکەیان تێدا دەرکەوتوە، قوتابخانەکەمان زیاتر لە 30 مامۆستای تێدایە و دەوام بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامی هەیە، هەروەها ئەو مامۆستایانەی نیشانەکانیان هەیە پشکنینیان ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا ئەنجامەکانی دەرنەچوە".

بەڕێوەبەری پەروەردە ئاگادارە و دەبوایە ئەوان زوتر رێکار بگرنەبەر

ئاماژەی بەوشکرد، "دوای ئەوەی بانگەوازێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە پەیوەندی پێوەکردم و وتی دەبوایە رێکاری یاسایی و ئیداریت بگرتبوایەبەر، بەڵام من وتم کە بەڕێوەبەری پەروەردە ئاگادارە و دەبوایە ئەوان زوتر رێکارەکان بگرنەبەر".

قوتابخانەکەمان قەرەباڵغترین خوێنگەیە لەرانیە و زیاتر لە 800 خوێندکاری هەیە

مامۆستا رەهێڵە جەمال ئەوەشی خستەڕو، "ساڵێک لەمەوبەر باوکم بە کۆرۆنا کۆچی دواییکردوە، ئایا دەکرێت دیسان ئێمە ببینە قوربانی چونکە ئێستا من و هاوسەرەکەم کۆرۆنامان گرتوە و منداڵەکانمان نەخۆشن و دۆخی هەمو مامۆستایانیش هاوشێوەیە، ئێمە داوامانکردبو گۆڕەپانێک بۆ ئەو مەکتەبە بکرێتەوە یان بکرێت بە دو دەوام، چونکە قەرەباڵغترین خوێنگەیە لەرانیە و زیاتر لە 800 خوێندکاری هەیە".

 

دەقی بانگەوازەکەی مامۆستا رەهێڵە جەمال ڕەشید بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان:

‎نامەیکی کراوە بۆ وەزیری پەروەردە و وەزیری تەندروستی وبەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە  و هەرکەسێک خۆی بە بەرپرس دەزانێ .

فریای قوتابخانەی ئاکۆ بکەون لەڕانیە  ماوەی هەفتەیەکە پەتای کۆڕۆنا لە خوێندگاکەمان بڵاو بۆتەوە  9 نۆ مامۆستا لەناویان یاریدەدەرو توێژەری تێدایە کەئەوان لەڕەگەزی نێرن باقی مامۆستاکان هەمووی ئافرەتین   هەمووشمان پشکنینمان کردوە ئی هەرهەموومان پۆزەتیف دەرچووە یەک دوومامۆستای تریش هەرپەتایانەو نایەنەوە بۆ قوتابخانە  ،مامۆستا ساغەکانیشمان نیوەیان هەنێ نیشانەیان لێ دەرکەوتووە کەهەریەکەو شوێنێکی ئازاری هەیە یان بێتاقەتن  ئاخر لەوە کارەسات تر چیە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا یەک خێزان تووش بوبا هەموو گەڕەکەکەیان دەڕشاندو ئاسایش وتیمی تەندروستی دەیانکردە فەوزا خێرە ئێمە نیوەی مامۆستا توش بووی کۆڕۆناین  نیوەی خوێندکارەکانمان نەخۆشن کەس.

ڕێکارێکی تەندرووستیەنەگرتۆتەبەر یان بێن قوتابخانەکەمان بۆ تەعقیم بکەن یان دایخەن بەڕێوەبەری پەروەردەش ئاگادارە بەڵام خەم ساردیەکەیان لەڕادە بەدەرە  ئاخرقوتابخانەیەکی ٨٥٠ قوتابی هەبێ  بەبێ  گۆڕەپا ن  چۆن لەوە خراپتر نابی بەدووسێ قوتابی لەسەر یەک کورسی دانیشتوون هەندێک هەر جێگای نیە داش بنیشێ ژوری مامۆستا ئافرەتەکان ٣بە٣یە بیست مامۆستای تێدا دادەنیشێ بێ  ئەوەی سیستەمی هەواکێشی هەبێ بەڵکو w.cبەرامبەرە 

‎کارگوزار خۆمان گرتومانە بەڵام لەوەتەی ئەو پەتایە بڵاوبۆتەوە بێ کارگوزارین چونکە کارگوزارەکەمان دایکی کۆچی دوایی کردوە ،سەرەڕای ئەوەش تاکە قوتابخانەیە کە ژوری سەرچاوەکانی هەبێ لەدەڤەرەکە خاوەن ٢١ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتە ومن بەتەنها وانەیان پێ دەڵێم کە پێنجیان توش بوی ئۆتیزمن چۆن دەبێ لەقوتابخانەیەک 21 منداڵی خاوەن پێداویستی تێدابێت بەڵام گۆڕەپانێکی نەبێ لەکاتی پشوویاری تیدا بکا  هەشت ساڵە ئەو قوتابخانەیە وانەی تێدا دەخوێندرێ ،بەڵام قوتابیەکان نازانن ڕێوڕەسمی ئاڵا هەڵکردن چیە چونک ڕیز نەکراون

قوتابخانەی ئاکۆ یەکێکە لەهەرە قوتابخانە کۆنەکانی ڕانیە کەچەندەها کەسی تێدا فێری خۆیندن ونوسین بوە  ئێستا کەسی دیارن لە شارەکە کوان دەوڵەمەندەکانی شار کوان دڵسۆزەکانی شار  ئەگەر ئاوڕێکی جدی لەو قوتەبخانەیە نەدەنەوە بەڕاستی کارەسات دەقەومێ چونکە هەریەک لەئێمەی مامۆستایان پەتاکەمان گواستۆتەوە ناوخێزانەکانمان وهاوسەرو خێزانیشمان تووش بوون ،هەرکەسێکیش بڕوا بەقسەکانم ناکا باخۆی سەردانی قوتابخانەکەبکاو بەچاوی خۆی بیبینێ ،تێبینی من وەک مامۆستایەکی دڵسۆز وخەم خۆر ئەم پۆستەم کردوە بێ ئاگاداری بەڕیوەبەرو مامۆستاکانیش  ٣٠ ساڵە خزمەت بە قوتابیانی شارەکەم دەکەم  لەهەموو بوارێک هەرخۆشم بەرپرسیاریەتی ئەو پۆستە هەڵدەگرم لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموولایەکتان دووبارە دەڵێم فریای قوتابخانەی ئاکۆی بنەڕەتی بکەون لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین 

‎ڕەهێڵە جمال ڕەشید  حەوێزی 
٣٠/٩/٢٠٢١
‎پینج شەمممە