کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پڕۆژەکەی سەرۆک بەرهەم بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بەڕێوەدەچێت

11:08 - 29/09/2021

2988جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی سەرۆک بەرهەم، سەرۆک کۆماری عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردو لەرێگەی پڕۆژەیەکەوە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات دەستپێکرد و لەوتاری 23ی ئەم مانگەشدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی کرد، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتو بەغدا میواندری کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بکات بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق بەهاوکاری وڵاتانی عەرەبی و بیانی.

لەم کاتەدا بنبڕکردنی گەندەڵی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر بونەتە دو ئەرکی لە پێشینەی دەوڵەت

سەرۆک بەرهەم لەوتاری 23ی ئەم مانگەیدا لەبەردەم کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند،  کێشەکانی عێراق پێویستییان بە چارەسەری ریشەیی هەیە و لەم کاتەدا بنبڕکردنی گەندەڵی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر بونەتە دو ئەرکی لە پێشینەی دەوڵەت، بۆیە داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق کە بەگەندەڵی براونەتە دەرەوە.

داوا دەکەن هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی جیهان پێکبهێنرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکەن هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی جیهان پێکبهێنرێت، هاوشێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، چونکە  "وڵاته‌كه‌مان گیرۆده‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و جه‌نگ و ململانێی و توندوتیژییه‌یه‌ كه‌ به‌ میرات بۆمان به‌جێماوه‌ و زۆرێك له‌ خێروبێری وڵاته‌كه‌مانی به‌فیڕۆ داوه‌ و هاوڵاتییه‌كانیشی له‌ سودمه‌ندبون له‌و خێروبێره‌ بێبه‌ش كردوه‌".

پارە دزراوەکانی عێراق لەداهاتویەکی نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵات

پەیوەست بە کۆنگرەکەی ناوەڕاستی مانگی داهاتوش کە لەسەر پێشنیازی سەرۆک بەرهەم بەڕێوەدەچێت، وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیەنێت، پارە دزراوەکانی عێراق کە لەژمارەیەک وڵاتن و بەگەندەڵی براونەتەدەرەوە، لەداهاتویەکی نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵات.

کۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەژمارەیەک راسپاردەی گرنگەوە دەردەچێت

حەنان مونەزر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دادی عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، کۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەژمارەیەک راسپاردەی گرنگەوە دەردەچێت، چونکە شێوازی کارکردن و هەماهەنگی وڵاتان دیاری دەکات، هەروەها بەرەیەکی پێکهاتو لە چەندین وڵات رادەگەیەنێت بۆ گەڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانیان لەوڵاتانی بەشدار لەو بەرەیە، لەگەڵ دروستکردنی فشار لەسەر ئەو وڵاتانەی دەبنە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی پارە دزراوەکان.

 لەچەند رۆژی داهاتودا ژمارەیەک پارە و داهاتی بەتاڵانبراو بۆ بەغدا دەگەڕێنرێتەوە

مونەزر باسی لەوەشکرد، لەم کاتەدا ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی هەماهەنگی تەواویان هەیە لەگەڵ عێراق سەبارەت بەم دۆسیەیە لەوانەش ئوردن و لوبنان، لەسەر ئەو بنەمایەش لەچەند رۆژی داهاتودا ژمارەیەک پارە و داهاتی بەتاڵانبراو بۆ بەغدا دەگەڕێنرێتەوە.

 

بەڵگەنامەی یاسایی

 

ئەمیر کینانی، راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق سەبارە بە پرسی گەڕاندنەوەی پارە  بەتاڵانبراوەکان بە ماڵپەڕی (ئێندیپێندێنت)ی بریتانی راگەیاندوە، عێراق بەڵگەنامەی یاسایی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵبراوەکانی وڵاتەکەی، بەو پێیەی عێراق ساڵی 2002  بوەتە ئەندام لەرێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان تایبەت بە رادەستکردنەوەی تاوانباران بە دزینی سامانی وڵات ئەگەر بەڵگەی یاسایی هەبو.

هەردو رێککەوتنەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراون و بەڵگەنامەیەکی نیشتیمانی گرنگن

رونیشیکردوەتەوە، هەروەها عێراق ئەندامەکە لە رێککەوتنامەی ریاز کە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و بەسەرپەرشتی کۆمکاری عەرەبی واژۆکراوە، بۆ رادەستکردنەوەی تاوانباران یان ئەوانەی تۆمەتبارن بە دزینی سامانی وڵات ئەگەر بەڵگەی یاسایی هەبو، هەردو رێککەوتنەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراون و بەڵگەنامەیەکی نیشتیمانی گرنگن.

 

سپیکردنەوەی پارە

 

پەیوەست بەم بابەتەش مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ماڵپەڕی (ئێندیپێندێنت)ی راگەیاندوە، ئەو پارانەی بەشێوەیەکی نایاسایی بەدەستهێنراون، لەوانەش لەرێگەی سامانی گشتی وڵات کە لەرێگەی بەتاڵانبردن یان بردنەدەرەوەیان بەدەستهاتون، مەترسیدارترن لە سپیکردنەوە پارە و یەکێکن لە بنەما سەرەکییەکانی تاوان لە تاوانە داراییەکاندا، بۆیە دادگای عێراقی توندترین سزای بۆ دیاریکردون و لەسەر بنەمای رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە مامەڵە لەگەڵ تۆمەتباراندا دەکرێت.

کۆنگرەکەی بەغدا نامەیەکی رونە بۆ جیهان کە عێراق پێویستی بەهاوکارییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران وتویەتی، پرسی بردنەوەی دەرەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان پێویستی بەهاوکاری نێودەوڵەتی هەیە لە نێوان وەزارەتی دادگای وڵاتانی ناوچەکە، چونکە باوەڕیانوایە زۆرینەی ئەو پارەیەی لەو رێگەیەوە بەدەستهێنراون لەرێگەی دزینی داهات و سامانی گشتی وڵاتەوە بەدەستهاتون،  بۆیە لەکۆنگرەکەی بەغدا کە ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، وەزیرانی دادی عەرەب و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ئامادەی دەبن نامەیەکی رونە بۆ جیهان لەسەر پێویستی هاوکاری عێراق لەگەڕاندنەوەی ئەو پارانە.

 

ئاستەنگییەکان

 

ئیڤان شاکر، توێژەری ئابوری سەبارەت بەگەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق باس لەوە دەکات، ئەو پارەیەی لەماوەی 18 ساڵی رابردودا براونەتە دەرەوە و بە سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بۆیە گەڕاندنەوەی ئەو پارانە لەم قۆناغەدا روبەڕوی چەند ئاستەنگییەک دەبێتەوە لەوانەش "لاوازی رۆڵی حکومەت لەئاستی نێودەوڵەتی لەوانەیە ببێتە رێگر لە گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی بە گەندەڵی براونەتەدەرەوە".

 150 ملیار دۆلار  بەگەندەڵی براوەتە دەرەوەی عێراق

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق 23ی ئایاری ئەمساڵ دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای "گێرانەوەی پارە و سامانی دزراو و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات" لە وتارێکدا رایگەیاند،  لەدوای ساڵی 2003ەوە عێراق ملیاران دۆلاری لە داهاتی نەوت دەستکەوتوە، لەو بڕەش نزیکەی 150.000.000.000 (سەد و پەنجا) ملیار دۆلار بەگەندەڵی براوەتە دەرەوەی عێراق.

پرۆژەیاساکە رێوشوێنی کردەیی پێشوەختەی کاریگەر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ هەنگاوی دواتر بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان

سەرۆک بەرهەم ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەیاساکە رێوشوێنی کردەیی پێشوەختەی کاریگەر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ هەنگاوی دواتر بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ هەوڵی یاسایی لە سیستەمی یاسایی و دامەزراوە یاساییە پەیوەندیدارەکان هەنگاوێک بێت بۆ بەرنگاربونەوەی ئەم دەردە مەترسیدارە، هەروەها پاڵپشتی بۆ دامەزراوە چاودێری و داراییەکان دابینبکات و چالاککردنی ئامرازەکانی لەپێناو سنوردانان بۆ ئەم دیاردەیە کە هەڕەشە لە ئێستا و ئایندەی ئەم وڵاتە دەکات".

پڕۆژەکەی سەرۆک کۆمار لە چەندین وڵاتی دیکە ئەزمون کراوە لەوانەش فلیپین، پیرۆ و سەنگافورە

شارەزایانی یاسایی دەڵێن، ئەزمونی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی هانی عێراق دەدات بۆ گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان و پڕۆژەکەی سەرۆک کۆماریش لە چەندین وڵاتی دیکە ئەزمون کراوە لەوانەش فلیپین، پیرۆ، سەنگافورە و نایجێریا و لەسەرجەمیاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

ئەزمونی وڵاتی نایجێریا لەم پرسەدا سەرکەوترین ئەزمون بوە 

بەگوێرەی شارەزایانی یاسایی ئەزمونی وڵاتی نایجێریا لەم پرسەدا سەرکەوترین ئەزمون بوە کاتێك ساڵی 2005 لەرێگەی هەوڵێکی چڕوپڕ بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییە دیپلۆماسی و یاساییەکان و بەهاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و بانکی نێودەوڵەتی، توانی نیوەی پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی لەبانکەکانی ئەوروپا بگەڕێنێتەوە دوای ئەوەی لە رێگەی چەندین سکاڵای یاساییەوە سەلماندی کەسەرچاوەی ئەو پارانە گەندەڵی بوە و بەناسایی براونەتە دەرەوە.