کاوە مەحمود لە دیداری خەندان: وروژاندن، تەپڵلێدان و فیکەکێشان یەک هەنگاو پڕۆسەی گۆڕانکاری نابەنە پێشەوە

11:47 - 28/09/2021

4479جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، پێیوانیە وروژاندن، تەپڵلێدان و فیکە کێشان و پێڵاوتێگرتن کاری پەرلەمانی بێت، بەڵکو نوێنەری گەل بەرنامە پێکەش دەکات و زەمینە خۆش دەکات بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێکی دیموکراتی، "ئەم حاڵەتانە ئەگەر ئەندام پەرلەمانی دەسەڵات بیکات یان ئەندام پەرلەمانی بەناوی ئۆپۆزسیۆن بیکات یەک هەنگاو پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ناباتە پێشەوە، ئەوەی پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەباتە پێشەوە ئەوەیە کە بەرنامەت هەبێت".

د. کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "لە جیهاندا هەلومەرجێک هاتوەتە کایەوە بەتایبەتی دوای هەرەسهێنانی ئەزمونێکی گەورە کە بنەمایەک بو لە بنەماکانی جەنگی ساردیش کە ئەزمونی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بو، وایکردوە کە بەشێکی زۆری حزبە کۆمۆنیستەکان لە جیهاندا توشی شۆکێک بن و هەندێک لەو حزبانە نەیانتوانی بەرگەی ئەو شۆکە بگرن و وازیان لە ئایدۆلۆژیای خۆیان و بیروباوەڕی خۆیان هێنا و گۆڕانکاریان بەسەردا هات و زیاتر بەرەو لیبڕاڵ رۆشتن، هەندێکی دیکەیان بیریان لەوەکردوە کە بەناو گۆڕینی خۆیان ئەو شۆکە چارەسەر بکەن، لەراستیدا ئێمە بەشێوەیەکی واقعی چارەسەرمان کردوە، راستە ئەزمونێک هەرەسیهێناوە، بەڵام بنەمای کارکردن بۆ یەکسانی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ جیهانێک کە چەوساندنەوەی تێدا نەمێنێت، ئەم بیروباوەڕانە تا ئێستا مەشروعیەتی خۆی لەدەستنەداوە".

 ئەگەر سەیری لایەنەکانی دیکەی کوردستان بکرێت بەهۆی دو شتەوە توانیویانە پێگەیان خۆیان بەهێز بکەن، ئەوانیش هێز و پارەیە
لەبارەی شکستی حزبەکانی چەپ لە کوردستان، بەتایبەت کە لە دوای ساڵی 1991ەوە نەیانتوانیوە کێبڕکێی حزبەکانی دیکە بکەن، ئاماژەی بەوەکرد، "بۆچی حزبەکانی دیکە بە بەرنامە توانیویانە خەڵک لە خۆیان کۆبکەنەوە و بەردەوام بن، ئەگەر سەیری لایەنەکانی دیکەی کوردستان بکرێت بەهۆی دو شتەوە توانیویانە پێگەیان خۆیان بەهێز بکەن، ئەوانیش هێز و پارەیە، ئەوە وایکردوە دەسەڵاتیان هەبێت، حزبێکی شیوعی بیر لەوە ناکاتەوە کە هێزێکی سەربازی هەبێت".
ئێمە مامەڵە لەگەڵ هۆشمەندی دەکەین، لەم هەلومەرجەی کوردستان ئەوەی مامەڵە لەگەڵ روداوەکاندا دەکات مامەڵە لەگەڵ وروژاندن دەکات
لەبارەی کێشەکانی کوردستانەوە، کاوە مەحمود وتی، "ئێستا لە کوردستان کێشەی بێکاری هەیە، کە هۆکارەکەی تەنها ئەوە نیە کە کەسێک گەندەڵە بەڵکو پەیوەندی بە سیاسەتی ئابوریەوە هەیە، لەم حاڵەتەدا ئەڵتەرناتیڤێک نیە تەنها ئەوە نەبێت کە حزبی شیوعی باسی دەکات و دەیخاتەڕو لەم کاتەدا دەبێت کارێکی زۆر بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ هۆشمەندی بکات، ئێمە مامەڵە لەگەڵ هۆشمەندی دەکەین، لەم هەلومەرجەی کوردستان ئەوەی مامەڵە لەگەڵ روداوەکاندا دەکات مامەڵە لەگەڵ وروژاندن دەکات، ئێمە پەنا بۆ ئەڵتەرناتیڤ دەبەین و ئەساسی کاری پەرلەمانی ئێمە لەوەیەش لەوەدانیە کە فیشە بکێشێت".
 پێمانوانیە وروژاندن، تەپڵلێدان و فیکە کێشان و پێڵاوتێگرتن کاری پەرلەمانی بێت، نوێنەری گەل بەرنامە پێکەش دەکات و زەمینە خۆش دەکات بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ
کاوە مەحمود لەبارەی کاری پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەشرد، "ئێمە پێمانوانیە وروژاندن، تەپڵلێدان و فیکە کێشان و پێڵاوتێگرتن کاری پەرلەمانی بێت، نوێنەری گەل بەرنامە پێکەش دەکات و زەمینە خۆش دەکات بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێکی دیموکراتی، ئەم حاڵەتانە ئەگەر ئەندام پەرلەمانی دەسەڵات بیکات یان ئەندام پەرلەمانی بەناوی ئۆپۆزسیۆن بیکات یەک هەنگاو پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ناباتە پێشەوە، ئەوەی پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەباتە پێشەوە ئەوەیە کە بەرنامەت هەبێت و خەڵک داوای بکات، بە نمونە خەڵک داوای دڵنیایی تەندروستی بکات، کە داوا ناکرێت پەیوەندی بە هۆشمەندییەکی باوی سیاسییەوە هەیە کە ئێستا شێوێنراوە هەم لەلایەن بەشێکی ئۆپۆزسیۆنەوە و هەم لەلایەن دەسەڵاتەوە کە خزمەتی خودی دەسەڵات دەکات".
لەگەڵ کەرتێکی تایبەتی بەرهەمهێنەرین کە بەشداربێت لە بابەتی گەشەپێدان، بەڵام ئەمەی ئێستا پێموانیە لەبەرژەوەندی خەڵک بێت
لەبارەی بە کەرتی تایبەتکردنی خزمەتگوزاریەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کاوە مەحمود وتی، "ئەو هەنگاوانەی حکومەت لە چوارچێوەیەکدا کە پێی دەوترێت بازاڕی بەربەڵڵا، ئێمە بابەتی کەرتی تایبەت دەبەستینەوە بە گەشەپێدانی مرۆیی کە وامان لێدەکات نەک خەت بەسەر کەرتی تایبەتدا بهێنین، ئێمە لەگەڵ کەرتێکی تایبەتی بەرهەمهێنەرین کە بەشداربێت لە بابەتی گەشەپێدان، بەڵام ئەمەی ئێستا پێموانیە لەبەرژەوەندی خەڵک بێت".
حکومەت خۆی زەمینەیەک خۆش دەکات بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەم خزمەتگوزاریە پێشکەش بکات
لەبارەی ئەوەی ئایا چ کێشەیەک دەبێت لەکاتێکدا حکومەت ناتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکات بەڵام کۆمپانیایەک دەڵێت بە هەمان ئەو نرخەی حکومەت کارەبا دەدات بە هاوڵاتیان دەتوانێت کارەبا دابین بکات، سکرتێری حزبی شیوعی دەڵێت، "کێشەکە ئەوەیە حکومەت خۆی زەمینەیەک خۆش دەکات بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەم خزمەتگوزاریە پێشکەش بکات، دواتریش کەرتی تایبەت بواری بۆ دەڕه‌خسێت کە بەئارەزوی خۆی دەستکاری هەمو نرخەکان بکات، هەروەها بونی ئەم بابەتانە بۆ کەرتی گشتی لەوەدا نیە کە خەڵک چەند پارە دەدات، بەڵکو لەوەدایە ئەو قازانجەی کەرتی تایبەت دەیکات بۆ کێ دەگەڕێتەوە؟ ئەگەر بۆ کەرتی تایبەت بگەڕێتەوە دەچێتە گیرفانی کەرتی تایبەتەوە بەڵام ئەگەر بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە دەبێت داهاتێک بۆ حکومەت، دەتوانێت ئەو پارەیە لە پڕۆسەکانی گەشەپێدان لە کەرتەکانی دیکە بەکاربێنێت".
هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەمو خزمەتگوزاریەکان بدرێت بە کەرتی تایبەت، دەیانەوێت دەوڵەت تەنها چەکی بەدەستەوە بێت، ئەم نمونەیە جیاوازی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات
رونیشیکردەوە، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەمو خزمەتگوزاریەکان بدرێت بە کەرتی تایبەت، دەیانەوێت دەوڵەت تەنها چەکی بەدەستەوە بێت، ئەم نمونەیە جیاوازی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات، کە من پێموایە بە نەزانین ئەمە ناکات، بەڵکو ئەم نمونەیەی هەڵبژاردوە و دەیەوێت بە ئەوروپا بڵێ کە نمونەی لیبڕاڵییەتی ئێوەمان وەرگرتوە، پێشموایە ئەم نمونەیە بێکاری و هەژاری و بارگرژی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات و ناسەقامگیرییەک دروست دەبێت".
عێراق نابێت بە شامی شەریف چونکە عێراق قەیرانی دەوڵەتی هەیە، ئەم عەقڵیەتەی کە هەیە لە عێراق فیدڕاڵیەت بە مەترسی دەزانێت لەسەر سنوری عێراق
لەبارەی ئەوەی ئایا پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە عێراق دەباتە قۆناغێکی دیکەوە، سکرتێری حزبی شیوعی دەڵێت، "عێراق نابێت بە شامی شەریف چونکە عێراق قەیرانی دەوڵەتی هەیە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی دەوڵەتی هەیە، ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی قەومییە، دەوڵەتی نەتەوەیی باڵادەستە و دەوڵەتی هەمو عێراقییەکان نیە، بۆیە مەفهومی دەوڵەتی قەومی کە لەعێراقدا هەیە بە دەوڵەتی قەومی عەرەبی دروستبوە، مەفهومی ئەمنی قەومی دەوڵەت لە عەقڵیەتی باڵادەستەوەیە وە مەفهومی نیشتیمانپەروەری لە عێراقدا دیسان مەفهومی نەتەوەی باڵا دەست و تائیفەی باڵادەستەوەیە، ئەم مەفهومە ناکۆکە لەگەڵ چەمکی عەدالەت، چەمکی عەدالەت دانپێدانانێکە کە گەلان مافی چارەنوسی خۆیان هەبێت بەگەلی کوردستانیشەوە، تەنانەت ئەم عەقڵیەتەی کە هەیە لە عێراق فیدڕاڵیەت بە مەترسی دەزانێت لەسەر سنوری عێراق".