سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر: ئه‌و بانگه‌وازه‌ له‌گه‌له‌وه‌ نه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌.

09:52 - 25/09/2021

21376جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر و داواكاریه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و وڵاته‌كه‌ی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و بانگه‌وازه‌ له‌گه‌له‌وه‌یه‌ نه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.

نافتالی بێنێت سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌تویتێكدا له‌هه‌ژماری خۆی نوسیویه‌تی، "زیاتر له‌ سه‌دان كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سوننه‌ و شیعه‌ی عێراق دوێنێ كۆبونه‌وه‌ و بانگه‌وازی ئاشتیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرد، ئه‌م بانگه‌وازه‌ له‌خواره‌وه‌یه‌ نه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌گه‌له‌وه‌ نه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌".

دانپێدانان به‌و زوڵمه‌ مێژوییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر جوله‌كه‌كانی عێراق هات، گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌

وتیشی، "دانپێدانان به‌و زوڵمه‌ مێژوییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر جوله‌كه‌كانی عێراق هات، گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌".

ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌ستی بۆ ئێوه‌ و بۆ ئاشتی درێژكردوه‌

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئیسرائیلیش، له‌په‌یامێكدا بۆ رێكخه‌رانی كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت، "ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌ستی بۆ ئێوه‌ و بۆ ئاشتی درێژكردوه‌".

عێراق به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی عێراقی و كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌

دوێنێ هه‌ینی 24ی (ئه‌یلول/9)ی 2021 ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی عه‌ره‌بی عێراقی له‌سوننه‌ و شیعه‌ له‌شاری هه‌ولێر له‌ژێر ناوی "السلام  والاسترداد" كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ داوایانكرد، عێراق به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی عێراقی و كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌م كارانه‌ ھه‌ستاون، دورده‌خرێنه‌وه‌ و جێگه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان نابێته‌وه‌

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای عێراق ناڕه‌زایه‌تیان له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌ربڕی، پاشانیش به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یاندا و داوای ئارامیان كرد،   له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا ناده‌ن كه‌سانێك كه‌شی ئازادی و دیموكراسی كه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌رقه‌راره‌، بۆ مه‌رامی دیكه‌ی سیاسی به‌كاربهێنن و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌م كارانه‌ ھه‌ستاون، دورده‌خرێنه‌وه‌ و جێگه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان نابێته‌وه‌".

هه‌ر بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و گومانه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "داوا له‌ هه‌مو لایه‌ن و هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین بابه‌ته‌كه‌ ئارامتر وه‌رگرن و هه‌مومان چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ بین كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".