دامەزراندن لە عێراق؛ سەرابێک لە بەڵێن و قۆستنەوەی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن

10:43 - 23/09/2021

2367جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا

پرسی دامەزراندن لەکەرتی حکومی یەکێکە لەو بەڵێنانەی لەناو بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکانی عێراق کە بڕیارە 10ی مانگی داهاتو بەڕێوەبچێت  زۆرترین ئامادەیی هەیە، لایەنەکان ئەو بابەتە وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بەکاردەهێنن و خەونی زۆرێک لەگەنجانیش کە هەلی کار و دامەزراندنیان لەکەرتی گشتی دەستبکەوێت لە وڵاتێکدا کە دەوڵەمەندە بە سەروەتێکی گەورەی نەوتی و گیرۆدەی بێکارییەکی فراوانە.

بەتێکڕا زیاتر لە 20%ی دەستی کار لە عێراق بێکارن
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی تایبەتمەند بەپرسی گەنجان، رێژەی بێکاری لەنێوان پارێزگاکان جیاوازی هەیە و بەتێکڕاش زیاتر لە 20%ی دەستی کار لە عێراق بێکارن، هەندێک رێکخراوی دیکەش باوەڕیانوایە ئامارەکان زۆر زیاترن لەو ژمارانەی حکومەت بڵاویاندەکاتەوە بەتایبەت لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و پارێزگاکانی دیکەی رۆژئاوای عێراق، بەوپێیەی ئەو ناوچانە بەهۆی بونی جەنگ لەناوچەکانیان و شەڕی داعش، کەمترین دەرفەرتی کاریان دەستدەکەوێت.
دامەزراندنی بەلێشاوی حزبەکان، دامەزراندنی بەشێوەیەکی رێکخراو و بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵانە ئەستەم کردوە
لەچەند ساڵی رابردودا بەشێک لەحزبەکانی عێراق هەژمونی خۆیان بەسەر دەزگا و دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا سەپاندوە و بەدەیان هەزار کەس و لایەنگری خۆیان لەکەرتی گشتی حکومەتدا دامەزراند، ئەوەش سەرەڕای بونی هێزێکی زۆری دەستی کار لەناو وەزارەت و جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق، دەرفەرتی دامەزراندنی بەشێوەیەکی رێکخراو و بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵانە ئەستەم کردوە، بەجۆرێک بەهۆی زۆری بودجەی بەکارخستن بۆ موچەی فەرمانبەران، ئەمساڵ حکومەتی عێراق لەبودجەی 2021 هیچ هەلێکی دامەزراندنی لەکەرتی گشتی جێگە نەکردەوە.
بەڵێنی دامەزراندن لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە هەمو بەڵێنەکانی دیکە زیاتر دەبیسترێت
لەکاتێکدا رۆژ بە رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان و بەڵێنەکانیان بۆ رازیکردنی شەقام زیاتر دەبێت، بەڵێنی دامەزراندن لە هەمو بەڵێنەکانی دیکە زیاتر دەبیسترێت، لەوانەش بەڵێنی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتەکان و دامەزراندنی خەڵکی نوێ، ئەو بەڵێنانەش لەگەڵ دۆخی دارایی عێراق و ئەو قەیرانە داراییەی ساڵی رابردو توشی هات یەکناگرێتەوە، بەتایبەت کە ئامارەکانی حکومەت باس لەوەدەکەن لەم کاتەدا ناتوانرێت هیچ بودجەیەکی نوێ بۆ دامەزراندن تەرخان بکرێت.
بانگەشەی دامەزراندن تەنها بەڵێنی هەڵبژاردنە و هیچ بودجەیەک بۆ دامەزراندن تەرخاننەکراوە
پەیوەست بەم بابەتە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی "العربي الجديد"ـی راگەیاندوە، ئەمساڵ ناتوانن هیچ بودجەیەک تەرخان بکەن بۆ دامەزراندن لە وەزارەتەکانی حکومەت، ئەو بەڵێنانەش کە لایەنەکان بەهاوڵاتیانی دەدەن بۆ دامەزراندن "تەنها بەڵێنی هەڵبژاردنە و هیچ بودجەیەک بۆ دامەزراندن تەرخاننەکراوە".
باسکردن لە دامەزراندن یان بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان کارێکی مەحاڵە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "باسکردن لە دامەزراندن یان بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان کارێکی مەحاڵە و تەنها لەکاتی دابینکردنی بودجەی بۆی لەلایەن پەرلەمان و وەزارەتی داراییەوە دەکرێت، بۆیە هەر لێدوانێک پەیوەست بەم بابەتە بانگەشەی هەڵبژاردنە و داوا دەکەین گەنجان بەو بەڵێنانە باوەڕ نەکەن".
بەڵێنی کاندیدەکان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکی هەژارە
لای خۆیەوە شروق عبایجی، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەڵینی دامەزراندن لە بانگەشەی هەڵبژاردن "بەلاڕێدابردنی" گەلی عێراقە و تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگە، چونکە "بەڵێنی کاندیدەکان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکی هەژارە".
هەمو ئەو دامەرزاندنانەی لەحکومەتەکانی رابردودا کراون لەسەر بنەمای حزبی بوە
باسی لەوەشکردوە، "گەنجە بێکارەکان بێ ئومێدن چونکە پێگەیان لاوازە، هەرچەندە هەمو کەس دەزانێت بودجەی وڵات بەرگەی دامەزراندنی نوێ لەکەرتی گشتی ناگرێت و برگەی یاسای بودجەش هەیە کە ڕێگری لە دامەزراندنی حکومەت دەکات، هەروەها دەبێت بزانین کە هەمو ئەو دامەرزاندنانەی لەحکومەتەکانی رابردودا کراون لەسەر بنەمای حزبی و پشک پشکێنە بوە، ئەمڕۆش دەبینن هەمان حزب و کاندیدەکانیان بەڵینی دامەزراندن دەدەن چونکە باوەڕیانوایە حزبەکانیان دەبێ پشکیان هەبێت لەو دامەزراندنانەی حکومەت رایدەگەیەنێت".
قۆستنەوەی دامەزراندن وەک بانگەشەی هەڵبژاردن وەک بازرگانیکردن وایە بە ئومێدی گەنجانەوە
بەشێک لەپەرلەمانتاران دەڵێن، دەبێت حکومەت بەرپرسیاریەتی خۆی جێبەجێ بکات بەرامبەر ئەو بانگەشانەی بەهاوڵاتیان دەدرێن، عەباس زاملی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، "قۆستنەوەی دامەزراندن وەک بانگەشەی هەڵبژاردن وەک بازرگانیکردن وایە بە ئومێدی گەنجانەوە".
ئەوان گەندەڵن و دەستپێکی بەڵێنەکانیان بەڵێنی گەندەڵکارانەبون
سەبارەت بونی دامەزراندن وەک کارتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن، عەلی عوبێدی چالاکوانی مەدەنی باسی لەوەکردوە، ئەو بەڵێنانە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن، چونکە تێبینی کراوە لە خولەکانی رابردوی پەرلەمانیش ئەو بەڵینانە بۆ دەرچواندنی کاندیدەکان بوە، بۆیە دەبێت "ئێمە رێگری بکەین لەوەی ئەو کاندیدانە بگەنە پەرلەمان، چونکە ئەوان گەندەڵن و دەستپێکی بەڵێنەکانیان بەڵێنی گەندەڵکارانەبون، چونکە بانگەشەکانیان بۆ قۆستنەوەی پێداویستی و خەونێکی گەنجانە بۆ بانگەشەی هەڵبژارن".
داوای سنوردارکردنی بەکارهێنانی کارتی دامەزراندن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەکەین
سەبارەت بە کاریگەری بەڵێنی دامەزراندن لەسەر هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دامەزراندن بەشێوەیەکی فەرمی، مەحمود تەمیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی فیدڕاڵی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، "ئەنجومەنی خزمەتی فیدڕاڵی لەرێگەی پاراستنی سەربەخۆیی خۆی و نەبونی لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێک، داوای سنوردارکردنی بەکارهێنانی کارتی دامەزراندن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەکات".
%10ی دانیشتوانی عێراق فەرمانبەرن 
ناوەڕاستی ئەمساڵیش خالد بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، %10ی دانیشتوانی عێراق فەرمانبەرن و دۆخی عێراق لەتوانایدا نەماوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت.
 ساڵانە زیاتر لە 45 ھەزار کەس لە عێراق زانکۆ و پەیمانگە تەواو دەکەن
بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵانە زیاتر لە 45 ھەزار کەس لە عێراق زانکۆ و پەیمانگە تەواو دەکەن. تەنها لە ساڵی 2019دا نزیکەی 50 ھەزار دەرچو ھەبون، لەو ژمارەیە  نزیکەی دو هەزار دەرچو دامەزراون.
 زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق بونیان هەیە
هەروەها بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانیش کە سەرەتای ئەمساڵ بڵاویکردوەتەوە، زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق بونیان هەیە، لەم کاتەشدا وەزارەتەکە دەیەوێت ناوی سەرجەم ئەو کەسانەش تۆماربکات کە لەتۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی  و سەرجەم کەرتەکانی دیکەی دەرەوەی فەرمانبەری موچە لەحکومەت وەردەگرن.