ئازاد تۆفیق دوایین هەنگاوەکانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە و ئامانجی سەردانی پارێزگارەکان بۆ بەغدا دەخاتەڕو

09:33 - 15/09/2021

2440جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، لەمیانی سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لەگەڵ پارێزگارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆبونەتەوە و بەڵێنی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ زستانی ئەمساڵ پێداون، دەشڵێت، "لە بەغدا سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح-مان بینی، کە لەمانگی پێنجەوە نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق داوای مەلەفی هەڵەبجەی لێکردوین و ئێمە مەلەفەکەمان بەتەواوەتی پێداون لەبارەی سنور و ژمارەی ناحیە و مەرکەزی قەزاکەوە، ئەوەی کە پێویست بو بۆمان رەوانە کردون، مەلەفی ئێمە وەکو هەڵەبجە لای سەرۆکایەتی کۆمار کۆتایی پێهاتوە".

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردودا هەر چوار پارێزگارەکەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە سەردانی بەغدامان کرد و بۆ ماوەی سەعات و نیوێک لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوینەوە کە سەرجەم پارێزگارەکانی عێراق و هەندێک لە وەزیرەکان وەک وەزیری دەرەوە و بازرگانی و پیشەسازی تیایدا بەشداربون، کۆبونەوەکە بە پلەی یەکەم تایبەت بو بە هەڵبژاردن و دابینکردنی پێداویستی ماددی بو بۆ کۆمسیۆنی باڵا و ئامادەکردنی کەسێکی دیموکراسیانە بو بۆ هەڵبژاردن، بەجۆرێک کە دور لە فرت و فێڵ بێت و رێکاری پێویستی ئەمنی بگیرێتەبەر لە هەمو بازنە و ناحیە و شارو  شارۆچکەکان کە سندوقی هەڵبژاردنی تیادایە، بەشداربونی هەڵەبجە لەو کۆبونەوەیە دانپێدانانێکی باشە وەک پارێزگایەکی فەرمی، تا ئێستا هەڵەبجە لای دەوڵەتی عێراق بەفەرمی پارێزگا نیە 100%، بەڵکو 50% پارێزگایە".    

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆیەکی باش هەیە لە نێوانیاندا و ئەو کەیسە روبەڕوی ئەوان دەکەینەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ کازمی کۆبونەتەوە و بە ئامادەبونی د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، کۆبونەوەکە زیاتر تایبەت بو بە دو تەوەر، یەکەمیان، کوردستان بەرەو وەرزی سەرما دەڕوات و ناکرێت نەوتی سپی مانگی 11 و 12ی خەڵک مانگی 1 و 2ی ساڵی ئایندە دابەشبکرێت، بۆیە بەراستی خەڵک بۆ مانگی 10 و 11  نەوتی سپی ئەوێت، وەڵامی ئەوان ئەوەبو، "وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆیەکی باش هەیە لە نێوانیاندا و ئەو کەیسە روبەڕوی ئەوان دەکەینەوە، هەروەها داوامانکرد گرنگی بە بودجەی پارێزگاکان بدرێن بۆ ئەوەش کازمی وتی لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسە دەکەین". 
تایبەت بە هەڵەبجە یاداشتێکم پێشکەش کرد و باسی قەزیەی هەڵەبجەم کرد، پێش ئەوەی من باسی هەڵەبجە بکەم کازمی خۆی خوا هەڵناگرێت باسی کرد
پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەشکرد، "تایبەت بە هەڵەبجە یاداشتێکم پێشکەش کرد و باسی قەزیەی هەڵەبجەم کرد، پێش ئەوەی من باسی هەڵەبجە بکەم کازمی خۆی خوا هەڵناگرێت باسی کرد و وتی، ئێمە ساڵی پار لەوێ بوین و دەبێت رێکارەکانی بۆ بگرینەبەر بەتایبەتی لەم خولەدا بەرەو کۆتایی بێت، دواتریش چوین فەخامەتی سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵحمان بینی، کە لە مانگی پێنجەوە لە مەکتەبی بەڕێزیانەوە داوای مەلەفی هەڵەبجەیان لێکردوین و ئێمە مەلەفەکەمان بەتەواوەتی پێداون لەبارەی سنور و ژمارەی ناحیە و مەرکەزی قەزاکە و ئەوەی کە پێویست بو بۆمان رەوانە کردون، مەلەفی ئێمە وەکو هەڵەبجە لای بەڕێز سەرۆکایەتی کۆمار کۆتایی پێهاتوە، بڕیاروایە شاندێکی وەزارەتی پلاندانان کە ئێستا وەکو شاندێک لە میسرن بێن بۆ هەڵەبجە بۆ تەواوکردنی کارەکان". 
کاتێک حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە لەسەر بودجە یان لەسەر موچە و ریفراندۆم کۆی دۆسییەکانی دیکە پەکیان دەکەوێت

لەبارەی هۆکاری تەواونەبونی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان، ئازاد تۆفیق رونیکردەوە، "کاتێک حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە لەسەر بودجە یان لەسەر موچە و ریفراندۆم کۆی دۆسییەکانی دیکە پەکیان دەکەوێت، لە 2017ەوە لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم، عێراقی فیدڕاڵ کێشەی هەیە بەرامبەرمان، عێراق وڵاتێکی دامەزراوەیی نیە چۆن کارەکان لە فڕەنسا بەڕێوەدەچێت بە نمونە سەرۆک کۆمارێک دێت و سەرۆک کۆمارێکی تر دەڕوات و کارەکانیش وەکو خۆیان دەڕۆن، بۆیە کاتێک پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا خراپە زەرەر لە هەڵەبجە و دهۆک و تەنانەت مەلەفی ماددەی 140یش دەدات".

لەوکاتەوی کە عێراق روخاوە تاوەکو ئەمڕۆ بێجگە لە کیمیابارانی هەڵەبجە چەکی کۆکوژ لە عێراقدا نەدۆزراوەتەوە

ئەوەشی خستەڕو، "من بەدەسەڵاتی سیاسی عێراقیم وتوە، وتومانە ئەم وەزعەی کە ئێستا بەڕێزتان لەسەر حوکمن هی هەڵەبجەیە، لە مەجلیسی ئەمن کۆڵن پاوەڵ دەڵێت دەوڵەتی عێراقی سەدام خاوەنی چەکی کۆکوژە و چەکی کۆکوژیش لای سەدام مایەی مەترسیە بۆ سەلامەتی ناوچەکە و ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە دەبێت سەدام نەمێنێت، ئەم رستەیە پڕۆسە جەنگی ئازادی عێراقی دەستپێکرد، لەوکاتەوی کە عێراق روخاوە تاوەکو ئەمڕۆ بێجگە لە کیمیابارانی هەڵەبجە چەکی کۆکوژ لە عێراقدا نەدۆزراوەتەوە، واتا هاتنی مالیکی، عەبادی، جەعفەری، عەبدولمەهدی و کازمی لەسەر ئەساسی ئەم رستەیەیە، ناکرێت هەڵەبجە لە پاڵ ئەهوارەکان و نەجەف، ساڵانە بودجەیەکی رەمزیمان بۆ دابنێن".     

حەقە دەوڵەتی عێراق لە پاڵ ئەو بودجەیەی هەیەتی ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵەبجە تەرخانک بکات

لەبارەی ئەوەی ئایا نیەتێک هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە هەڵەبجە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق جیابکاتەوە، پارێزگاری هەڵەبجە وتی، "ئەو جارێ بە فەرمی نەیکردوم بە پارێزگا تاوەکو جیامان بکاتەوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، حەقە دەوڵەتی عێراق لە پاڵ ئەو بودجەیەی هەیەتی ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵەبجە تەرخانک بکات، کە پارەی چوار خانوە لە گاردن سیتی، یان گوندی ئەڵمانی یان شوێنێکی دیکە، ئەوکات من پارەی هەر ساڵێک دەدەمە ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ".    

ئەوە لایەنە سیاسیەکانن کە دەبێت رێکبکەون و چاو لە هەندێک ئیستحقاقی خۆیان بپۆشن، بەڵام رێکناکەون

لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق وتی، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە دروست ببێت، چونکە لە قازانجی کارە ئیداریەکاندایە، بەڵام لەبەرئەوەی کە لێرە هەڵبژاردنێکی نەکراوە هاوشێوەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەناچاری دەبێت پشت ببەسترێت بە هەڵبژاردنی پێشو کە ئەنجامدراون، وەک هەڵبژاردنی ساڵی 2014 یان 2018 ئێستا معادەلەکان گۆڕدراون، هەڵبژاردنی ساڵی 2021 پێمان دەڵێت کێ یەکەم هێزە و کێ دوەمە و کێ سێیەم هێزە، بۆیە مادام هەڵبژاردن نەکراوە، ئەوە لایەنە سیاسیەکانن کە دەبێت رێکبکەون و چاو لە هەندێک ئیستحقاقی خۆیان بپۆشن، بەڵام رێکناکەون".

من بۆخۆم کەرتی تەندروستی بەوجۆرە خراپە نابینم، وەزارەتی تەندروستی هیچ جیاوازییەک لە نێوان کەرتی تەندروستی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر ناکات

لەبارەی گلەیی و ناڕەزاییەکان لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق وتی، "لە شاری سەیدسادق، لە شارۆچکەی پێنجوێن و لە هەڵەبجە تازە خەڵک نەخۆشی کۆرۆنای هەبوە و هاتوە لای ئێمە ماوەتەوە و بێدمان بۆ تەرخانکردون و سوپاس بۆ خوا چاکبوەتەوە، کەرتی تەندروستی گرنگی تایبەتی هەیە، من بۆخۆم کەرتی تەندروستی بەوجۆرە خراپە نابینم، بۆ نمونە دەرمانی دەبێت وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم پەیدای بکات، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هیچ جیاوازییەک لە نێوان کەرتی تەندروستی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر ناکات".

پەیوەست بە مانەوەی بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە کە ئێستا هەندێکیان ماڵیان لە پارێزگاکەدا نیە بەڵکو ماڵەکانیان لە سلێمانیە، ئازاد تۆفیق وتی، "چی لەو مەزوعە دەگۆڕێت کە ماڵی لە هەڵەبجە بێت یان سلێمانی، ئەگەر من سەعات 2:00 بچم بۆ سلێمانی سەعات 3:00 ئاگام لە هەڵەبجە نیە؟، ئێستا دنیا وای لێهاتوە لە دوای کاتژمێرێک دەزانیت چی رودەدات، هەڵەبجە تەنها پارێزگایە لە هەرێمی کوردستاندا کە رێگای دو سایدی هەیە، لە بازگەی سلێمانی بەڕێبکەوە بۆ هەڵەبجە بە 40 خولەک دەگەیتە بازگەی هەڵەبجە، واتا نێوانی هەڵەبجە و سلێمانی 40 خولەکە، جاری وا هەیە خەڵک لە سلێمانی بە 40 خولەک ناگاتە بەردەرکی سەرا و ئەسحابە سپی، بۆیە ئەوە نەکرێت بە پێوەر بەڵکو کار بکرێت بە پێوەر". 

نیشانەکردن

هەڵەبجە