دكتۆر عبداللطیف سەلەفی باسی نیشانەکانی قیامەت، حوکمڕانی، تاڵیبان و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ دەکات

10:17 - 08/09/2021

21942جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دكتۆر عبداللطیف سەلەفی لە بەرنامەی دیداری خەندان باسی نیشانەکانی قیامەت، حوکمڕانی، تاڵیبان و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ دەکات و راشیدەگەیەنێت، "بەوە تۆمەتبارم لەلایەن کۆمەڵێک لە مسوڵمانانەوە، کە توندم لە وتارەکانم، وە فیعلەن ئەوەش بە دین دەزانم هەر خراپەیەک بکرێت جا گەورەترین کەس بیکات، سەرکردە بیکات، هەژار بیکات، یان دەومەڵەند بیکات  بە خراپە دەڵێین خراپە و بە زوڵم دەڵێین زوڵم".  

دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد سەلەفی، یەکێک لە رێبەرانی رەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "ئەوەی دەوترێت کە سەلەفییەت دو باڵە و سەلەفیەتی جیهادی و چەکداری و لەگەڵ سەلەفییەتی عیلمی و زانستی بەشێکیانی نەیپێکاوە، چونکە سەلەفییەت بریتی نیە لە حزبێک من دروستمکردبێت یاخود کەسێکی بەناو سەلەفی جیهادی دروستکردبێت و لە راوی بۆچوندا جیاوازیمان هەبێت، کەوتمان سەلەفییەت ئەم وشەیە واتا (پێشین) دینداریەیی بە تێپەڕبونی کات زۆر شت دێتە ناوییەوە لە گۆڕانکاری لەلایەن خەڵکی نەزان و بێئاگاوە لە دین ئەو دینە وەکو خۆی لێنامێنێت، بۆیە بانگەوازی سەلەفییەت واتا ئەی مسوڵمانان با ئێمە ئاو لە کانیاوە سەرچاوەکەوە بخۆینەوە، ئیسلامەتییەکەمان ئەو ئیسلامەتییە بێت کە پێغەمبەر (د.خ) لەلایەن خواوە هێنای و شوێنکەوتوانی لەسەری بون". 

ئەوانەی پێیان دەوترێت سەلەفی جیهادی فیعلەن سەلەفین؟ نەخێر، چونکە ئەوان فکرێکی توندڕەوی و تەکفیریان هەیە 
ئاماژەی بەوەشکرد، "دین ئەو دینەیەی کە خوا ناردی قابیلی ئەوەی نیە بۆچونی خۆتی تێکەڵ بکەیت و بەگوێرەی سەردەم بگۆڕێت، بۆیە سەلەفیەت یەک سەلەفییەتە، واتا دینی ئیسلام لەسەردەمی خۆی چۆن بو ئاوابێت، با لە دونیا پێشکەوتوبین ئەوا ئیسلام هانماندا، جا ئایا ئەوانەی پێیان دەوترێت سەلەفی جیهادی فیعلەن سەلەفین؟ نەخێر، چونکە ئەوان فکرێکی توندڕەوی و تەکفیریان هەیە و حەدیسەکەی پێغەمبەری خوا (د.خ) بەسەریاندا جێبەجێ بوە (يقتلون أهل الإسلام ويدعون أهل الأوثان) ئەوانە هاتن دەستیان خستە خوێنی مسوڵمانانەوە و ئەهلی ئیماندار دەکوژن و کافریش وازلێدێنن، بۆ نمونە داعش کاتێک دروستبو، لە ئەمریکا، بریتانیا، چین و وڵاتانی ئەوروپیەوە هاتن و وازیان لە وڵاتی کوفرهێنا و جیهاد بەرامبەر وڵاتی خۆیان ناکەن کە موسڵمان نین، هاتن بەرامبەر مسوڵمانان کە لە سوریا، عێراق و کوردستانە بەگشتی، بۆیە ئەوانە پێیان ناوترێت سەلەفی".
ناڵێم ئەوانەی بە کەمپینی "ناوی من، ناوی دایکمە" هەستاون نیەتیان خراپە و مەبەستیان پیسە نا، بەڵام دەبێت وریا بین ئەمە لایەکی تری لەگەڵ کە زۆر ترسناک و هەستیار و خەتەرە
لەبارەی راگەیاندنی کەمپەینی "ناوی من، ناوی دایکمە" دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد سەلەفی وتی، "ئەم پرسە لە چەند روانگەیەکەوە دەبێت سەیری بکەین، لە روانگەیەکەوە ئایا مەبەستی ئەو کەمپەینە دڵدانەوەی ئەو کەسانەیە کە باوکیان داعش بوە و لە پیاوێکی داعشی بون و ئێستا نازانرێت لە کوێن و ئەسڵ و نەسەبینان دیارنیە، یان دەستێکی تریشی لە پشتە کە لەمەودوا رێگە خۆشبکرێت بۆ ئافرەت لە هەرکەس منداڵی ببێت با بیبێت و کێشەی نیە، چونکە منداڵ بە ناوی دایکییەوە دەکرێت، بۆیە دەبێت وریا بین، من ناڵێم ئەوانەی بەم کەمپینە هەستاون نیەتیان خراپە و مەبەستیان پیسە نا، بەڵام دەبێت وریا بین ئەمە لایەکی تری لەگەڵە کە زۆر ترسناک و هەستیار و خەتەرە، چونکە خوای پەروەردگار تەبیعەتی پیاو و ژنی جیا دروستکردوە، ئافرەت منداڵی دەبێت بەڵام پیاو منداڵی نابێت، لەبەرئەوەشە ئەگەر بێت و پیاوێک چوار ژن، یان سێ ژن یان دوان یان یەکی هەبێت منداڵی هەرچواریان دیارە هی یەک پیاوە و کێشەی نیە و تێکەڵ نابێت هی کێیە، بەڵام ئەگەر ژنێک دو پیاو یان سێ پیاو یان زینای کردبێت و منداڵی هەبێت، ئێستا ئەم پیاوە هی کێیە؟".
 کچێک هاوسەرگیری نەکردوە و منداڵی بوە لەم حاڵەتەدا ئەو منداڵە بەناوی دایکییەوە بانگ دەکرێت چونکە باوکی دیارنیە
دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد سەلەفی رونیشیکردەوە، "ئافرەت کە منداڵی دەبێت لە دو حاڵەت بە دەری ناکات، یان هاوسەرگیری کردوە و منداڵی بوە یان هاوسەرگیری نەکردوە و منداڵی بوە بۆ نمونە زینای کردوە، ئەگەر هاوسەرگیری کردبو و منداڵی هەبو منداڵەکەی دەکرێت بەناوی باوکییەوە، حاڵەتی دوەم ئەوەیە کە کچێک هاوسەرگیری نەکردوە و منداڵی بوە لەم حاڵەتەدا ئەو منداڵە بەناوی دایکییەوە بانگ دەکرێت چونکە باوکی دیارنیە".   
هەرکەسێک مسوڵمان بێت و لە دینی ئیسلامی دەرنەچوبێت ئەوان من نوێژی لە دوا دەکەم
لەبارەی جیاکردنەوەی مزگەوتەکان لەلایەن رەوتە ئایینییەکانەوە، وتی، "هەرکەسێک مسوڵمان بێت و لە دینی ئیسلامی دەرنەچوبێت ئەوان من نوێژی لە دوا دەکەم، جا کە شیرکی گەورەی نەبێت و لە دینی دەرکردبێت ئەوا من بە ڕەوای دەزانم نوێژی لە دوا بکەم، هەرچی مزگەوتی مسوڵمانە بە مزگەوتی خۆمانی دەزانین و مزگەوتی بەهەشتیش مزگەوتی مسوڵمانانە".
 نزیکەی 700 وتاری هەینیم هەیە کە هەریەکەیان 30 خولەکە و سەرجەمیان دەکاتە  350 سەعات وتار، رەنگە سێ هەزار کاتژمێر وانەم هەبێت بەڵام رەنگە یەک سەعاتی  باسی ریشم کردبێت یان شەڕواڵم کردبێت
لەبارەی ئەوەی کە دەوترێت سەلەفییەکان ئەوەندەی توندگیری لەمەسەلە رواڵەتیەکاندا دەکەن ئەوەندە لە بابەتە ستراتیژی و جەوهەریەکان نایکەن، بۆنمونە دەوترێت لە نێوان ریش و پانتۆڵی کورت و مەسەلەی دەوڵەتداری و تەکنەلۆجیا و زانستەکانی فیزیا و کیمیا و ئەمانەدا ئێوە یەکەمیانتان زیاتر گرنگی پێداوە؟ دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد دەڵێت، "ئەم قسەیە هەندێک لە بانگخوازی حزبە ئیسلامیەکان دروستیان کرد، بۆ ناشیرینکردنی سەلەفییەکان، بۆ ئەوەی کە وێنایەکی خراپیان بکات، دەشزانین کێ رۆڵی گەورەی هەبو لەوەدا، بەم شێوازە ئەوە بکاتە سیمایەک بۆ سەلەفییەکان، بەڵام ئەمە قسەیەکە دورە لە راستی و ئەسڵ و ئەساسی نیە، هەرکەسێک بە ویژدانەوە سەیر بکات بۆ نمونە من نزیکەی 700 وتاری هەینیم هەیە کە هەریەکەیان 30 خولەکە و سەرجەمیان دەکاتە  350 سەعات وتار، رەنگە سێ هەزار کاتژمێر وانەم هەبێت، ئەگەر لەو سێ هەزار وانەیەم نەسیحەت و ئامۆژگار و قسەو باسم کردوە بهێنرێت رەنگە یەک سەعاتی دەستبکەوتێ کەمن باسی ریشم کردبێت یان شەڕواڵم کردبێت، سەرجەمیان باسی ناسینی خواو بە گەورە ناسینی خواو تەوحیدی خواو دەستگرتن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و شوێنکەوتنی پێغەمبەرە (د.خ) و عەدالەت و دادپەروەری و زوڵمنەکردن و ستەم نەکردنە، پێکەوە ژیان و برایەتییە، خۆڕازاندنەوەیە بە بەها گەورەکان و رەوشتە جوانەکان و بەهانای یەکترەوە هاتن".
دافعێکی سیاسی لە پشتە کە گوایە سەلەفییەکان خەریکی ئەوەن بە خەڵک بڵێن، ریشتان بهێڵنەوە و شەرواڵتان کورت بکەن
وتیشی، "ئەو پەیامە، هەروەها دافعێکی سیاسی لە پشتە کە گوایە سەلەفییەکان خەریکی ئەوەن بە خەڵک بڵێن، ریشتان بهێڵنەوە و شەرواڵتان کورت بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەری خوا (دخ) فەرمویەتی ئەی کۆمەڵی پیاوان ریشتان بهێڵنەوە، ئەوەمان وتوە و هیچی ترمان نەوتوە، لە بواری فیزیا و کیمیاش حزبەکانی تر بە عیلمانی و ئیسلامییەوە چیانکردوە با پێمان بڵێن، چیان کردوە میللەت ئیسراحەتی کردبێت، غەیری ئەوە نەبێت لە قوتابخانە حکومییەکان وانەی فیزیا و کیمیایان خوێندوە و هەمومان خوێندومانە، ئینجا لە بیریان نەچێت من پیاوێکی بانگخوازم و پزیشکێک نیم، هەروەها ئەندازیارێکیش نیم، چەندان پزیشکمان هەیە عەقیدە و بیروباوەڕێکی راست و پاکی ئیسلامیان لەسەر مەنهەجی سەلەفی هەیە و پزیشکە و خزمەت دەکات".
ئێمە پشتگیری لە زوڵم و ستەم و نادادپەروەری و بڕیارەکانی حکومەت بکەین حاشا و کلا
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد سەلەفی رای چیە لەسەر دەسەڵات و هێشتا باوەڕی وایە دەبێت گوێڕایەڵی دەسەڵات بکرێت، وتی، "ئێمە پشتگیری لە زوڵم و ستەم و نادادپەروەری و بڕیارەکانی حکومەت بکەین حاشا و کلا، هەر شتێک دەوترێت پێمان خۆشە بە بەڵگەوە بوترێت، یەک بەڵگەمان بۆ بهێننەوە بڵێن دەسەڵاتدار فڵان زوڵمی کردوە فڵان بڕیارە نادادپەروەری و ناشەرعییەی داوە ئێمە هاتوین پاساومان بۆ هێنابێتەوە یان هاتوین دیفاع و داکۆکیمان لێکردبێت حاشا و کلا، بگرە من بەوە تۆمەتبارم لەلایەن کۆمەڵێک لە مسوڵمانانەوە کە من توندم لە وتارەکانم بەرامبەریان، وە فیعلەن ئەوەش بە دین دەزانم هەر خراپەیەک بکرێت جا گەورەترین کەس بیکات، سەرکردە بیکات، هەژار بیکات، یان دەومەڵەند بیکات بە خراپە دەڵێین خراپە و بە زوڵم دەڵێین زوڵم".
دو گروپ هەن، یەکێکیان کورتڕەو یەکێکیان زێدەڕەو، میانڕەوی ئەوەیە ئێمە ئینکاری لە مونکەر بکەین، بەڵام ئاژاوە و فیتنە و خوێنڕێژی و کاوڵکاری دروست نەکەین
ئەوەشی وت، "دو گروپ هەن، یەکێکیان کورتڕەو یەکێکیان زێدەڕەو، میانڕەوی ئەوەیە ئێمە ئینکاری لە مونکەر بکەین، بەڵام ئاژاوە و فیتنە و خوێنڕێژی و کاوڵکاری دروست نەکەین، ئەم دو شتە تێکەڵ نەکەین، ئێمە بە خراپە دەڵێین خراپە و بە زوڵم دەڵێین زوڵم، نەسیحەتی کاربەدەستانیشمان کردوە تا خوارەوە کێ پێی گەیشتبین خوا خۆی شاهێدە نەسیحەتمان کردوە، وە بە نامە نوسیومە و بە نامەش تەسیلمم کردون، رۆژی قیامەت هەمو خەڵک دەزانێت، هەتا لە دونیا ئەگەر پێویست بکات ئەو نامانە بڵاوبکرێتەوە، ئایا ئێمە دینی خوا باس دەکەین و نەسیحەتی خێرمان کردون، یان چوین دەست لە ملبدەین و بڵێین قوربان ئەوەی ئێوە دەیکەن ئەوە راستەو تەواوە، بۆیە کۆمەڵێک زێدەڕەو هەن ئەوان لە ئاژاوە دەگەڕێن حەز لەوەدەکەن من لەسەر مینەبەر بڵێم خەڵکینە یەڵا راپەڕن و بڕۆن فڵان دائیرە بسوتێنن، من لەگەڵ ئەوە نیم چونکە ئەوە هیچ ناکات".
ئەمریکا 20 ساڵ خەڵکی کوشت، 20 ساڵ پارەی وڵاتانی برد، 20 ساڵ بە خەڵکی وت کە تاڵیبان تیرۆرستە، ئێستا لە پڕێکدا چو هێنانییەوە و تەسلیمیکردنەوە
لەبارەی گەڕانەوەی تاڵیبان لە دوای 20 ساڵ بۆ سەر حکوم لە ئەفغانستان،  دکتۆر عبداللطیف ئەحمەد سەلەفی دەڵێت، "ئەوە زیاتر لوعبەیەکی سیاسیە، ئەمریکا 20 ساڵ خەڵکی کوشت، 20 ساڵ پارەی وڵاتانی برد، 20 ساڵ بە خەڵکی وت کە تاڵیبان تیرۆرستە، ئێستا لە پڕێکدا چو هێنانییەوە و تەسلیمیکردنەوە (ئەفغانستان) ئێستاش حەقیقەتەن نازانرێت، ئینسان پەلە نەکات لە بڕیاردان لەسەر شتەکان، ئایا دەبێت سەفقەیەک و گرێبەستێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە ئارادا هەبێت و داهاتو دەیانەوێت چی بکەن و چی نەکەن، چونکە ئەمریکا لە خۆیەوە ئەو شتانە ناکات، پاشان دەبێت رۆڵی ئێران و روسیا لەم بابەتەدا چی بێت، نازانین، بەڵام دو شت هەیە لێکی جیابکەینەوە، وەکو سەرکەوتنی ئیسلامی و مسوڵمان من یەکێکم لەوانەی کە دڵم بە سەرکەوتنی ئیسلام و مسوڵمان خۆشە، ئەو رۆژە من دڵخۆشم کە عیزەت و دەسەڵات بۆ مسوڵمانی راستەقینە بێت، ئەمما مەترسی ئەوەمان هەبێت کە ئیسلامەتیەکە ئەو ئیسلامەتیە نەبێت کە خوا دەیەوێت و ببێتە هێلانەیەک بۆ تیرۆرستی بۆ گەرا نانەوە لە داهاتودا و دۆخی وڵاتانی تر تێکبدرێت هەروەکو چۆن بۆ نمونە قاعیدە لە ئەفغانستانەوە وردە وردە بڵاوبونەوە بەناو وڵاتاندا و لەولاوە داعش و نوسرەیان دروستکرد، ئەوە مەترسیدارە، بەڵام انشاالله وانابێت".

وتیشی، "داواکارین لە خودا هیدایەتیان بدات (تاڵیبان) دەوڵەتداریەک بکات کە بە دادپەروەری بێت و پابەندی دینەکەی خۆیان بن کە ئیسلامە و زوڵم و ستەم نەکەن و ژیانێکی ئەمن و ئاسایش بۆ میللەتەکەیان دابینبکەن".