بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و ئەمجارە پڕۆسەکە ​جیاواز دەبێت

12:25 - 01/09/2021

4384جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا هیچ ئاڵنگاریەک نیە لەبەردەم کۆمسیۆندا، کە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق زۆربەی ئامادەکاریەکانیان تەواوکردوە، دەشڵێت، "لەبەرئەوەی کە پشت بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبەسترێت بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان تەنها کاتژمێرێکی پێویستە".

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە ئامادەو پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "ئێمە بەرپرسین لە سەرپەرشتیکردن و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەوە، هەر لەدوای دەرچونی یاسای نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ژمارە 9ی ساڵی 2020، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دەستمان بە کارەکان کردوە و ئێستا لە کۆتایی ئامادەکاریەکانین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق ببەین بەڕێوە، کە بڕیارە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".

لە ئێستادا هیچ ئاڵنگاریەک نیە لەبەردەم کۆمسیۆندا کە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق زۆربەی ئامادەکاریەکانمان تەواوکردوە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاڵنگاریانەی کە پێشتر روبەڕوی کۆمسیۆن کرابوەوە هەمویان تێپەڕیون، کە بریتی بو لە پێکهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە لە ئێستادا دادگاکە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن تەواوبو ئەنجامەکەی لەلایەن ئەوانەوە پەسەند بکرێت، "لە ئێستادا هیچ ئاڵنگاریەک نیە لەبەردەم کۆمسیۆندا کە نەتوانێت هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات، ئێمە لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق زۆربەی ئامادەکاریەکانمان تەواوکردوە و هەر لە سەرەتاوە دەستمان کرد بە تۆماری بایۆمەتر بۆ دەنگدەرەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە هەڵە هەبو لە زانیاریەکانیان ئەو پڕسەیە کۆتایی پێهێناوە و دواتر چوینە سەر قۆناغی پێدانی ژمارە بە پاڵێوراوەکان، ئەو پاڵێوراوانەی کە لە سنوری هەر پێنج بازنەکەی سلێمانی خۆیان پاڵاوتبو".
هەڵبژاردنی ئەمجارە تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی رابردو، لەبەرئەوەی کە ئێستا لەسەر کارتی دەنگدان تەنها ناوی پاڵێوراو هەیە و ناوی پارتی سیاسی نیە بۆیە کێبڕکێکە لە نێوان پاڵێوراوانە
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی رێگریکردن لەلایەن هێزێکی سیاسیییەوە کە لەناوچەیەک باڵادەستە وتی، "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەوجۆرە روی نەداوە، هەڵبژاردنی ئەمجارە تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی رابردو، لەبەرئەوەی کە ئێستا لەسەر کارتی دەنگدان تەنها ناوی پاڵێوراو هەیە و ناوی پارتی سیاسی نیە بۆیە کێبڕکێکە لە نێوان پاڵێوراوانە، راستە کۆمەڵێک پاڵێوراو هەن لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە دیاریکراوە و پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ئەوەی دەنگدەر دەیبنێت لەسەر کارتی دەنگدەر تەنها ناوی پاڵێوراوەکە و ژمارەکەیەتی، بۆیە تا ئێستا کارەکانمان بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان دەبەین بەڕێوە و هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبوە".
ئامادەکاریەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوان وەکو کۆمسیۆن دڵنیان کە لەوادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت، ئامانج عەزیز وتی، "ئێمە ئامادەکاریەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەوەی پەیوەندی بە پڕوپاگەندە و هۆشیاری دەنگدەرانەوەی هەیە پەیوەستە بە لایەنە ماددیەکەی، ئێمە دەرخستەیەکمان ئاڕاستەی ئۆفیسی نیشتیمانی کردوە و چاوەڕوانین پەسەند بکرێت، بە پەسەندکردنی ئەو بڕە پارەیە راستەوخۆ دەست دەکەین بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانمان لە رێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە".
 داوای زیاتر لە 100 ملیۆن دینارمان کردوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پلانەی کە دامانناوە بەشێوەیەکی باش جێبەجێی بکەین و سەرجەم دەنگدەرانی پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 
پەیوەست بە تێچوی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە سلێمانی، ئامانج عەزیز وتی، "ئێمە داوای زیاتر لە 100 ملیۆن دینارمان کردوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پلانەی کە دامانناوە بەشێوەیەکی باش جێبەجێی بکەین و سەرجەم دەنگدەرانی پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هۆشیار بکەینەوە لە چۆنێتی دەنگدان لە رۆژی دەنگدان".
هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێکی ئەلیکترۆنیە و بەردەوام لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە پشکنین بۆ ئەو ئامێرانه‌ دەکرێت و هەفتانە راپۆرتی خۆی دەداتەوە بە ئەنجومەنی کۆمسیارا
لەبارەی ئەوەی تاوەکو چەند گەرەنتی ئەوە هەیە کە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەڵێت، "ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ئەو لایەنانەی کە سکاڵایان هەبوە و سکاڵاکان لەلایەن ئۆفیسی پارێزگاکان بەرزکرابوەوە و دواتر لەلایەن لیژنەیەکی مەرکەزی کە لە ژمارەیەک دادوەر پێکهاتبو دوایین بڕیاری لەبارەوەدراو ئەوەبو هەڵبژاردنەکە پەسەندکرا و پەرلەمانتاران چونە ناو پەرلەمان، ئەوەی پەیوەندی بەم هەڵبژاردنەوە هەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی گرێبەستێک کراوە کە تایبەتمەندی هەیە لە پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، وەک دەزانن هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێکی ئەلیکترۆنیە و بەردەوام لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە پشکنین بۆ ئەو ئامێرانه‌ دەکرێت و هەفتانە راپۆرتی خۆی دەداتەوە بە ئەنجومەنی کۆمسیاران، بۆ ئەوەی ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت لە ئامێرەکان چارەسەر بکرێت تاوەکو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوی بێکەموکورتی ببەین بەڕێوە".
دەنگدەری تایبەت تەنها دەتوانێت لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگی خۆی بدات و بەهیچ شێوەیەک ناوی لە تۆماری دەنگدانی گشتیدا نیە

ئەوەشی وت، "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داتاو زانیاری لە لایەن ئەمنییەکان وەرگرتوە و پاشان ئەو کەسانەی ناویان لە دەنگدانی تایبەت تۆمارکراوە لە تۆماری گشتی دەریکردون، واتا دەنگدەری تایبەت تەنها دەتوانێت لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگی خۆی بدات و بەهیچ شێوەیەک ناوی لە تۆماری دەنگدانی گشتیدا نیە، هەروەها دەنگدەری تایبەت بەو کاری ئەلیکترۆنیەی کە دەنگ دەدات لە رۆژی دەنگدانی تایبەت کارتەکەی لێوەردەگیرێتەوە، واتا ناتوانێت بەوکارتی دەنگدانە لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگی پێدەدات لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگی پێبدات". 

لەبارەی وادەی جیاکردنەوە و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان رونیکردەوە، "لەبەرئەوەی کە پشت بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبەسترێت بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان کاتی ئەوەنده‌ی پێناچێت، راستەوخۆ دوای تەواوبونی دەنگدان تاوەکو یەک کاتژمێر دەتوانرێت لەلایەن ئەو تیمەی کە لەناو وێستگەکەدایە پڕۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئاشکرا بکرێت".

نیشانەکردن

عێراق سلێمانی