ئەو سێ سەرکردەیەی ئەفغانستان کە ئامادەنەبون وڵاتەکەیان جێبهێڵن

10:58 - 17/08/2021

44492جار خوێندراوەتەوە
گوڵبەدین حکمەتیار حامد کارزا عەبدوڵا عەبدوڵا

 

خەندان- هیوا عەبدوڵا

دوای ئەوەی 15ی ئاب بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستانی راگەیاند و هێزەکانی ئەمریکا دوای 20 ساڵ لەو وڵاتە کشانەوە، لەماوەی چەند رۆژێکدا بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی حکومەتی پێشوی ئەو وڵاتە بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتن، بەڵام سێ سەرکردەیەی دیاری ئەو وڵاتە رۆیشتنە دەرەوەیان رەتکردەوە، ئێستا لەهەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە و چاودێریکردنی گواستنەوەی دەسەڵاتن بەشێوەیەک کە ئەفغانستان بخاتەوە سەر پێی خۆی.

هەردولا گەیشتونەتە رێککەوتن کە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات

یەکەم رۆژی هاتنە ناوەوەی تاڵیبان راستەوخۆ، حامد کارزای، سەرۆکی پێشوی ئەفغانستان رایگەیاند، لەگەڵ سەرکردەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆبونەتەوە و هەردولا گەیشتونەتە رێککەوتن کە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات و رێگریکردن لەدروستبونی پێشوی، لیژنەیەکی باڵای پێکهاتو لەسێ کەس دروست بکرێت.

سەرۆکی ئەفغانستان بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتوە و مەترسی پشێوی هەیە 

کارزای وەک نیشانی دەدات، دەیەوێت بەخێرایی ئەفغانستان لەپشێوی زیاتر بپارێزێت و بۆ ئەوەش رایگەیاند، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی گواستنەوەی دەسەڵات دوای ئەوە هات کەبەهۆی جێهێشتنی وڵات لەلایەن ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان مەترسی ئەوە هەیە پێشوی دروست ببێت، ئەندامانی لیژنەکەش پێکهاتون لە (حامد کارزای، سەرۆکی پێشوی ئەفغانستان، عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتبونەوەی نیشتمانیی ئەفغانستان و گوڵبەدین حکمەتیار سەرۆکوەزیرانى پێشوتری ئەفغانستان و ڕێبەرى حزبی ئیسلامی).

ئەو سێ سەرکردەیەی سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵات دەکەن لەئەفغانستان:

یەکەم: حامد کارزای


حامد کارزای کە لەدایکبوی ساڵی 1957-ەو بەکالیۆرۆسی لەزانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، یەکەمین سەرکردەی دیاری ئەفغانستان بو کە 15ی ئاب رەتیکردەوە وڵاتەکەی جێبهێڵێت و رایگەیاند، لەنزیکەوە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی ئەفغانستان و بزوتنەوەی تاڵیبان کاردەکەن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە و رێگریکردن لەدروستبونی ئاژاوە.
اعتراف بالهزيمة.. خطوة نحو السلام - RT Arabic

حامد کارزای تەمەن 64 ساڵ، لەناوچەیەکی ویلایەتی قەندەهار لەدایکبوە و بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە هیدنستان بەدەستهێناوە، ناوبراو لەساڵانی داگیرکردنی یەکێتی سۆڤیەتدا لە ئەفغانستان لەبواری پەروەردەییدا کاریکردوە تا ساڵی 1996 لەحکومەتەکەی موجاهیدنی ئەفغانستاندا بوە بە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە.

ساڵی 2001 وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و تا ساڵی 2014 لەپۆستەکەیدا مایەوە

ساڵی 2001 کاتێک دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان  لەلایەن ئەمریکاوە روخێنرا، حامد کارزای لەو وڵاتەدا مایەوە و یەکێک بو لەسەرکردە دیارەکان کەسەرۆکایەتی روخاندنی تاڵیبانیان کرد لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، بەو هۆیەش ناو و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد.حامد کارزای ساڵی 2001 وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و تا ساڵی 2014 لەپۆستەکەیدا مایەوە، لەو ماوەیەشدا چەندینجار روبەڕوی هەوڵی تیرۆکردن بویەوە.

دوەم: عەبدوڵا عەبدوڵا


عەبدوڵا عەبدوڵا دوەمین کەسایەتی دیاری ناو ئەو لیژنە باڵایەیە کە سەرۆکایەتی گواستنەوەی دەسەڵات دەکەن لە ئەفغانستان، ئەو ساڵی 1960 لەکابوڵ لەدایکبوە و ساڵی 1983 بەکالۆریسی لەپزیشکی چاودا بەدەستهێناوە، ناوبراو ساڵی 1996 لە حکومەتەکەی موجاهیدیندا جێگری وەزیری دەرەوە و ساڵانی 2001 تا 2006یش لەحکومەتی کاتی ئەفغانستاندا وەک وەزیری دەرەوە کاریکردوە.
محادثات السلام بين المسؤولين الأفغان وحركة طالبان تبدأ في سبتمبر المقبل |  شبكة الأمة برس

عەبدوڵا عەبدوڵا ساڵانی 2009  و 2014 دوجار خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەفغانستان بەرامبەر حامد کارزای و ئەشرەف غەنی کاندیدکردوە بەڵام دەنگی پێویستی بۆ سەرکەوتن بەدەستنەهێناوە و هەردو جارەکەش رکابەرەکانی بە ساختەکاری تۆمەتبارکردوە، عەبدوڵا عەبدوڵا ساڵی 2009 لە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا وتی پشتیوانی دەکەن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیبان و هێزەکانی ئەمریکاشی بە کوشتنی ژمارەیەک زۆری خەڵکی مەدەنی لەکاتی هێرشەکانیاندا تۆمەتبارکرد.

سێیەم: گوڵبەدین حیکمەتیار


گوڵبەدین حیکمەتیار کەسی سێیەمی ئەو لیژنە باڵایەیە کە بۆ ئاشتی پێکهێنراوە، ناوبراو 1947 لە ویلایەتی قەندۆزی باکوری ئەفغانستان لەدایکبوە، لەقوتابخانەی سەربازی خوێندویەتی و بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانیدا بەدەستهێناوە، وەک رێبەر و دامەزرێنەری حزبی ئیسلامی ئەفغانستان لەجیهاندا ناسراوە و یەکێک بوە لە سەرکردەکانی روبەڕوبونەوەی داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوەوە.

حیکمەتیار ساڵی 1989 و لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت وەک سەرۆک وەزیرانی ئەفغانستان دیاریکرا و دوای چەند ساڵێک وڵاتەکەی توشی شەڕی ناوخۆیی هات، ئەو بەهۆی هەوڵەکانی بۆ روخاندنی حکومەتەی حامید کارزای ساڵی 2003 لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە ناوی خۆی و حزبەکەی خرایە لیستی رەشەوە.
إيران وطالبان.. كيف جمعت واشنطن بين العدوّين؟ | أفغانستان أخبار | الجزيرة نت

گوڵبەدین حکمەتیار لەلێدوانەکانی ساڵانی رابردویدا داوایکرد بزوتنەوەی تاڵیبان بەشداربێت لەسەرجەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گفتوگۆی نیشتیمانی لە ئەفغانستان، هەروەها داواشی لە ئەمریکا کردوە دوای کشانەوەی هێزەکانی بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی ئەفغانستاندا نەکات، حیکمەتیار بەمەبەستی بەشداریکردنیشی لەکۆبونەوەکانی لیژنەی باڵای گواستنەوەی دەسەڵات 16ی ئاب رایگەیاند، لەقەتەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ کابوڵ.

نیشانەکردن

ئەفغانستان ئەمریکا