کوێستان محەمەد لە دیداری خەندان: لە هەندێک لە زیندانەکان ژوری VIP و شوێن بۆ کاری بەدڕەوشتی دروستکراوە

10:55 - 17/08/2021

13833جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری کارو کاروبارباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەندێک گۆڕانکاریان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و "لە هەندێک لە چاکسازییەکانی گەندەڵی گەورە هەبو، وەک بردنەوە ژورەوەی مۆبایل و تلیاک، لە چاکسازی وا هەبوە شوێن دروستکراوە بۆ کاری بەدڕەوشتی، هەمو ئەوانەمان کۆتایی پێهێناوە، لە هەندێک لە چاکسازییەکان ژوری VIP هەبو خۆم چوم تێکمداوە".

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروبارباری کۆمەڵایەتی لەمیانی لە بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "لە ماوەی دو ساڵی رابردودا گۆڕانکاریمان کردوە لە بەشێک لە بەڕێوەبەری چاکسازییەکان و بەرپرسی هێزی جێبەجێکار، هەر هەفتەی رابردو لە شاری هەولێر کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەمان کرد، بەداخەوە لە هەندێک لە چاکسازییەکانی ئێمە گەندەڵی گەورە هەبو، وەک بردنەوە ژورەوەی مۆبایل و بردنە ژورەوەی تلیاک، لە چاکسازی وا هەبوە شوێن دروستکراوە بۆ کاری بەدڕەوشتی بەداخەوە، هەمو ئەوانەمان کۆتایی پێهێناوە، لە هەندێک لە چاکسازییەکان ژوری VIP هەبو خۆم چوم تێکمداوە". 

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هەیە لەسەر یەکێک لە چاکسازییەکان کە بە بڕوای من رەنگە لە دواجاردا دادگاییکردنیشی تێبکەوێت
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لیژنەی پشکنین بەردەوام سەردان دەکه‌ن و گەندەڵییەکان دەخاتە بەردەستی وەزارەت بۆ گۆڕانکاری، بەڵام "مەسەلەی دادگاییکردن دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوە کە ئەندامی داواکاری گشتی تێیدایە پێشنیاری ئەوە بکات، ئەو پێشنیارانەی کە تا ئێستا بۆمان هاتوە تەنها لادانە، بەڵام لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هەیە لەسەر یەکێک لە چاکسازییەکان کە بە بڕوای من رەنگە لە دواجاردا دادگاییکردنیشی تێبکەوێت". 
هەوڵی دەستدرێژیکردن هەبو بۆ سەر منداڵەکان لەناو خانەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد باسی لەوەشکرد، "لە گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەچاودێرییەکانی کردومانە کە بەداخەوە منداڵەکان لە هەمو تەمەن پێکەوە بون، کە ئەوە وایکردبو بەتەمەنەکان توندوتیژی بەرامبەر بە تەمەکان بکەن، جگە لەوەی کە خواست و مەیلی منداڵ لەگەڵ گەورەکاندا جیاوازە، تەنانەت هەوڵی دەستدرێژیکردن هەبو بۆ سەر منداڵەکان لەناو خانەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی".
ئێستا 1150 کەس لە چاکسازی گەورانی سلێمانین، هەولێر بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام 2200 کەسی لێ بوە بەڵام ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین
لەبارەی ئەوەی ئایا ئێستا چاکسازییەکانی هەرێم جێگەیەکن بۆ ئەوەی چاکسازی لەو کەسانە بکرێت کە تاوان ئەنجامدەدەن، کوێستان محەمەد دەڵێت، "نەخێر، لەبەرئەوەی هەریەکێک لەو چاکسازیانە بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام ئێستا 1150 کەس لە چاکسازی گەورانی سلێمانین، هەولێر بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام 2200 کەسی لێ بوە بەڵام ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین، دهۆک بۆ 900 کەس دروستکراوە بەڵام 2500 سزادراوی لێیە، بۆیە ناتوانین بڵێین 100% چاکسازی لە سزادراوان بکەین تاوەکو بەوجۆرە بێت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی لە ساڵی 2013ەوە وەزارەتی کار هیچ کەسێکی نوێی لە لیستی کەمئەندامان تۆمارنەکردوە، کوێستان محەمەد وتی، "هەر کە وەزارەتمان وەرگرت راپۆرتێکمان دا بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی تۆماری نوێ دەستپێبکەینەوە، لیژنەیەکی باڵا دروستکرا، لە بەڕێزان لیژنەی تەندروستی، وەزیری دارایی، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و خۆم، کۆبونەوەمان کرد و راپۆرتێکی ئەرێنیمان دا بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەست بکەینەوە بە تۆماری نوێ، بەڵام بەداخەوە کۆرۆنا هات و قەیرانی دارایی دروستبو و نەخرایەوە بەرنامەی کار، دوای ئەوە دۆخەکە باش بو داوامکرد جارێکی دیکە بخرێتەوە بەرنامەی کار و بەڕێز سەرۆکی حکومەت داوای رونکردنەوەی کردوە لە وەزارەتی کار کە  بەرچاونییەکی هەبێت بۆ ئەم بابەتە و راپۆرتی خۆمان پێشکەشکردوە".
لە ساڵی 2013ەوە تا ئێستا 25 هەزار کەس ناویان لە لیستی کەمئەندامان کوژاوەتەوە، پڕۆسەکە ماوەی شەش مانگی پێویستە چاوەڕوانم سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەی بگەڕێتەوە 
باسی لەوەشکرد، "لە ساڵی 2013ەوە تا ئێستا 25 هەزار کەس ناویان لە لیستی کەمئەندامان کوژاوەتەوە، پڕۆسەکە ماوەی شەش مانگی پێویستە چاوەڕوانم سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەی بگەڕێتەوە و خۆم سەردانی بکەم، بۆ ئەوەی دەستبکەینەوە بە تۆمار نوێ، ئەم بابەتە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە و دەبێت وەزارەتی دارایی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران پێمان بڵێ تا چەند تەمویل دەکات بۆ ئەوەی تۆماری نوێ دەستپێبکەین".
لیستی موچەی چاودێری خێزان پڕ بوە لە گەندەڵی، ناعەدالەتی و تەداخولی حزبی
لەبارەی ئەو پارەیەی کە بەناوی موچەی چاودێری خێزان دەدرایە منداڵی بێسەرپەرشت، ئافرەتی هەتیوبار و بەساڵاچوی پەککەوتە و ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەکی بژێویان نیە کە لە ساڵی 2015ەوە راگیراوە، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وتی، "پێشتر 88 هەزار خێزان ئەو موچەیەیان وەرگرتوە، کۆتا موچەیان مانگی 9ی 2015 وەرگرتوە، بەڵام بە بڕیاری (1617)ی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەت دەکات کە پێداچونەوە بەو لیستانەدا بکات، چونکە ئەو لیستانە پڕ بوە لە گەندەڵی، ناعەدالەتی و تەداخولی حزبی، بەڵام نازانم پێش من بۆچی وەزارەت هەموی بڕیوە کە نەدەبو بیبڕێت، دەبوایە چاکسازیان تێدا بکردایە، چونکە ئێستا ئێمە هیچ بنەمایەکمان نیە بۆ دەستپێکردنەوە".
لە کابینەی پێشو دەستیان کردوە بە ئامادەکردنی پەیڕەوێک بۆ ئەوەی لیستێک ئامادەبکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی موچەی چاودێری خێزان کە دوربێت لە گەندەڵی و ناعەدالەتی و دەستتێوەردانی حزبی 
وتیشی، "هەر لە کابینەی پێشو دەستیان کردوە بە ئامادەکردنی پەیڕەوێک بۆ ئەوەی لیستێک ئامادەبکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی موچەی چاودێری خێزان کە دوربێت لە گەندەڵی و ناعەدالەتی و دەستتێوەردانی حزبی و ئەو خەڵکانە بگرێتەوە کە بە فیعلی هەژارن، ئەو پەیڕەوە ئامادەکراو ناردمانە ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەداخەوە کەموکورتی زۆر تێدابو، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی رێنماییەکین بەڕێز بریکاری وەزیر سەرپەرشتی دەرکردنی ئەو رێنماییە دەکات بەهاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، هەرکاتێک ئامادەکرا دەبێت بچێتە ئەنجومەنی وەزیران و پەسەندی بکات، ئەوکات دەرگا دەکرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە خۆیان بە هەژار تۆماردەکەن و دواتر لیژنەکان سەردانیان دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەراستی هەژارن، هاوکات خەریکی پڕۆژە یاسایەکین بۆ مەودای درێژ تاوەکو بابەتەکە بنەمایەکی یاسایی پێبدرێت".
داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردوە بە یاداشت کە دەستبکەینەوە بە پێدانی قەرزی بچوک لەو قەرزەی مانگانە وەریدەگرینەوە

لەبارەی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچوک، کوێستان محەمەد وتی، "داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردوە بە یاداشت کە دەستبکەینەوە بە پێدانی قەرزی بچوک لەو قەرزەی مانگانە وەریدەگرینەوە، ئێمە ئێستا مانگانە ملیۆنێک دۆلار وەردەگرینەوە، بەڵام تا ئێستاش حکومەتی پێویستی بەو پارەیە هەیە و بەکاریدەهێنێت بۆ موچە، ئێمە داوامان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردوە کە تەمویلی سندوقەکانی ئێمە بکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی بچوک بۆ گەنجان دابینبکەین، هەروەها خۆم چەند جارێک لەگەڵ وەزارەتی کاری عێراق قسەم کردوە کە بانکی ناوەندی عێراق کە پارە دەدات بە گەنجان ئێمەش پشکێکمان هەبێت، بەڵام تا ئێستا بانکی ناوەندی عێراق رەزامەندی نەداوە و رێکخراوەکانیش دەیانەوێت لە رێگەی خۆیانەوە ئەو قەرزە بدەن، ئەنجومەنی وەزیرانیش پێیان وتوین کە لەگەڵ باشبونی باری ئابوریدا وادەکەین کە قەرزی بچوک بەردەم بێت".

 

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم