سه‌رۆكی هه‌ڵاتوی ئه‌فغانستان كێیه‌؟

06:46 - 16/08/2021

13155جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌شره‌ف غه‌نی سه‌رۆكی هه‌ڵاتوی ئه‌فغانستان، سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی، ساڵانێكه‌ بۆته‌ سیمبولی ڕوخانی ده‌وڵه‌ت له‌ وڵاته‌كه‌یدا، به‌یه‌كێك له‌ له‌و سه‌رۆكانه‌ ده‌ناسرێت كه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیه‌كانی له‌خۆبایی بو.

ئه‌شره‌ف غه‌نی پاش گه‌یشتنی چه‌كدارانی تاڵیبان بۆ سنوره‌كانی كابوڵی پایته‌خت، وڵاته‌كه‌ی به‌جێهێشت، به‌رله‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌ربگرێت وه‌ك كه‌سێكی ئه‌كادیمی و ئابوریناسێك خۆی ناساند و بانگه‌شه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد، به‌ڵام له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی، بوه‌ سیمبولێك بۆ داڕوخانی وڵاته‌كه‌ی.

 

غه‌نی به‌ڵێنی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵیدا و وڵاته‌كه‌ی جێهێشت

ئه‌شره‌ف غه‌نی له‌ ساڵی 2014دا پاش هه‌ڵمه‌تێك كه‌ به‌ڵێنی چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و كۆتاییهێنان به‌گه‌نده‌ڵیدا، به‌ سه‌رۆكی ئه‌فغانستان هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا هیچكام له‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێنه‌كران و دوای ئه‌وه‌ی تاڵیبان كابولیان گه‌مارۆدا ناچار بو وڵاته‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت.

 

غه‌نی و خوێندن و وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا

ئه‌شره‌ف غه‌نی ته‌مه‌ن 72 ساڵ، ئه‌فغانستانی له‌ ساڵی 1977 به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌جێیهێشت و له‌زانكۆی كۆڵۆمبیا له‌ ویلایه‌تی نیویۆرك له‌ بواری ئه‌نترۆپۆلۆژی و زانستی سیاسی وانه‌ی خوێندوه‌، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی له‌ كاتی داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵی 1980دا وانه‌ی وتوه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ له‌ بانكی جیهانی كاری كردوه‌ و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كابوڵ، ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ ساڵی 2001 له‌ ده‌سه‌ڵات دورخرایه‌وه‌، وه‌ك ڕاوێژكاری تایبه‌ت به‌رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كاری كردوه‌.

ئه‌شره‌ف غه‌نی له‌ ساڵانی 2002 و تا 2004ه‌وه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی له‌پێكهێنانی حكومه‌تی ئینتیقالی گێڕا پۆستی وه‌زیری دارایی وه‌رگرت و یه‌كێك بو له‌وكه‌سانه‌ی روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی بوه‌وه‌ و دژایه‌تی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕی.

 

خۆبه‌زلزانین كردی به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی ره‌ق

نوسه‌ری پاكستانی ئه‌حمه‌د ڕه‌شید كه‌ نزیكه‌ی 30 ساڵه‌ به‌كه‌سایه‌تیه‌كی نزیك له‌ ئه‌شره‌ف غه‌نی ناسراوه‌ رایگه‌یاندوه‌، "به‌م دواییانه‌دا غه‌نی رێگه‌ی نه‌داوه‌ كه‌س لێی نزیك ببێته‌وه‌ و پێی وابو، " هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و خۆبه‌زلزانیی دوباره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هاونیشتمانانی ئه‌فغانی كردویه‌تیه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ڕق"

له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی 2009دا، ئه‌شره‌ف غه‌نی ئه‌نجامی 3%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و چواره‌م ده‌نگ بو، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2014دا چه‌ندین ئه‌فغانی توشی شۆك كرد به‌ هه‌ڵبژاردنی جه‌نه‌راڵ عه‌بدولڕه‌شید دۆستم بۆ خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی جێگری سه‌رۆك كۆمار، چونكه‌ ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ ئۆزبه‌كییه‌ به‌ چه‌ندین پێشێلكاری مافی مرۆڤ تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

 

گومان له‌ ساخته‌كاری پرۆسه‌ی ده‌نگدان

ئه‌شره‌ف غه‌نی له‌ خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2014دا، ئه‌نجامی باشتری به‌ده‌ستهێنا ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی پێشسبینی به‌شێكی زۆر له‌ چاودێران بو، توانی به‌ڕێژه‌ی 31.6% ی ده‌نگه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ڕكابه‌ره‌كه‌ی عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا 45%ی به‌ده‌ستهێنابو، به‌ڵام له‌خولی دوه‌مدا به‌ به‌ده‌ستهێنانی 55% پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌فغانستانی برده‌وه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ندین گومان له‌ ساخته‌كاری پرۆسه‌ی ده‌نگدان.

جگه‌ له‌ ئاگربه‌ستی "مانگی ڕه‌مه‌زان" له‌ مانگی (حوزه‌یران/6)ی ساڵی 2018دا، تاڵیبان هه‌مو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئاشتیی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌شره‌ف غه‌نیه‌وه‌ خرایه‌ڕو، ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ "بوكه‌ڵه‌" ی ئه‌مریكا وه‌سفیكرد و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ئه‌شره‌ف غه‌نی به‌ڵێنیدا ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كان شكستیان هێنا شه‌ڕی یاخیبوان بكات "بۆ نه‌وه‌یه‌ك".

 

هاوسه‌رگیری و چاره‌سه‌ری بۆ شێرپه‌نجه‌

ئه‌شره‌ف غه‌نی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ڕۆلا غه‌نی كردوه‌ و له‌كاتی خوێندنی زانكۆی به‌یروتی ئه‌مریكیدا ناسیویه‌تی، خاوه‌نی دو كوڕه‌ و له‌م دواییانه‌ش، نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌ی تێپه‌ڕاندوه‌ و چاكبوه‌ته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی به‌ سه‌رۆكیش هه‌ڵبژێردرێت، ڕایگه‌یاندبو،" من به‌نیازم ژیانێكی گۆشه‌گیریی بژیم"،  به‌ڵام له‌ كۆتاییدا پێچه‌وانه‌كه‌ی كرد و له‌ كۆشكه‌كه‌یدا زیاتر و زیاتر گۆشه‌گیر بو و متمانه‌ی به‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی هه‌بو.

 

هه‌ڵاتن و رێگریكردن له‌ جه‌نگێكی خوێناوی
یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو، چه‌كدارانی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان چونه‌ نێو كۆشكی كۆماریی ئه‌فغانستان و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت و كۆنتڕۆڵی ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ی كرد، به‌رله‌چونه‌ ژوره‌وه‌ی تاڵیبانیش، ئه‌شره‌ف غه‌نی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا به‌ره‌و تاجیكستان هه‌ڵات و پاشانیش خۆی گه‌یانده‌ وڵاتی عوممان.

له‌دواین لێدوانێكیدا، ئه‌شره‌ف غه‌نی رایگه‌یاند، جێهێشتنی كابوڵ بۆ ئه‌وه‌بو رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی جه‌نگێكی خوێناوی روبدات و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ تاڵیبان جه‌نگی برده‌وه‌، به‌ڵام "دڵی گه‌لی ئه‌فغانستانی دۆڕاند".

نیشانەکردن

ئەفغانستان تاڵیبان