ئاری هەرسین لە دیداری خەندان: لاوازبونی یەکێتی بریتی دەبێت لە لاوازبونی کوردستان

10:00 - 10/08/2021

7590جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە رایگەیاند، بۆ ئەوان وەک پارتی لە قازانجیانە مامەڵە لەگەڵ "یەکێتییەکی یەکڕیز و کۆدەنگ و موستەقیر و سەقامگیر بکەن، نەک لەگەڵ یەکێتییەکی شڵەژاو"، دەشڵێت، "هیچ ئینسانێکی نیشتیمانپەروەر نیە حەزی لێبێت حزبێکی عەریقی وەکو یەکێتی بەو هەمو خەباتە خوێناویەوە، بەو هەمو شۆڕشگێڕێتیەوە لاواز ببێت، لاوازبونی یەکێتی بریتی دەبێت لە لاوازبونی کوردستان،  بەشێکی هەرێم ئیدارەکەی لە ژێر دەستی یەکێتیدایە، بۆ بەهێزبونی ئەو ئیدارەیە دەبێت یەکێتییەکی بەهێز هەبێت". 

ئاری هەرسین لەمیانی لە بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە پێشکەش دەکرێت، لەبارەی چەند پرسێکەوە دواو رایگەیاند، "سیستمی هەڵبژاردن ئەمجارە گۆڕاوە و لەسەر بنەمای بازنەیە، ئەو بازنانەی کە دەکەونە سنوری ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئێمە بەرنامەی باشمان بۆ داناوە و ئەرکەکان دابەشکردوە، بۆ پڕۆسەکە ئامادەین، نفوزی ئێمە لێرەش هەیە، ئێمە کوڕی شارەکەین، چەند پارتی لە دهۆک و هەولێر هەیە لە سلێمانی و هەڵەبجەش هەیە، بەڵام چۆن خۆمان ئامادەکردوە نایڵێم، چونکە ئەوە (سری میهنە)یە و هەتا زیاتر لە هەڵبژاردن نزیک بینەوە زیاتر رەنگدانەوەی ئەو بەرنامەیەی ئێمە دامانناوە دەردەکەوێت بۆ سلێمانی و هەڵەبجە".

 بە قەناعەتی من و بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە دامانناوە ژمارەی دەنگەکانمان زیاد دەکات
لەبارەی پێشبینی خۆیان بۆ ژمارەی کورسی و دەنگەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا، ئاماژەی بەوەکرد، بە قەناعەتی ئەو بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە ژمارەی دەنگەکانیان زیاد دەکات، "ئەگەر رێژەکەیم لێبپرسیت ناتوانم پێت بڵێم، شتی واپێشبینی ناکرێت، بەڵام بە نیسبەت زیاددەکات، ئەم هەڵبژاردنە جمکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەیە بۆ ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان".
 ئەو حزبەی کە زۆرترین پێداگری کردوە لەسەر مافی کوردستان لای حکومەتی ئیتحادی پارتی بوە
لەبارەی ئەوەی ئایا لە دوای هەڵبژاردنی رابردوەوە بەجۆرێک کاریان کردوە کە ئێستا بتوانن داوای دەنگ لە هاوڵاتیان بکەن، ئاری هەرسین وتی، "بەڵێ، ئەو حزبەی کە زۆرترین پێداگری کردوە لەسەر مافی کوردستان لای حکومەتی ئیتحادی پارتی بوە، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە دینامۆی دانوستان کە حکومەتی هەرێم کردویەتی، سەرۆکی حکومەتەکە لە ئێمەیە، راستە ئەوەی سەرۆکی لیژنەی دانوستان بوە کاک قوباد بوە و کارێکی زۆر جوانی کردوە، زۆر حەکیمانە، دیپلۆماتکارانە و سەرکەوتو بوە لە کارەکەی خۆیدا، بەڵام دواجار کاک قوباد بەشێکە لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران، جگە لەوەی ناردنی 200 ملیار دینار بە بەغداو باشبونی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا هەموی ناڵێم ئێمە بەتەنیا کردومانە و سۆپەرمان بوین، لەگەڵ رەفیقەکانمان لە گۆڕان و یەکێتی و حزبەکانی تر کردومانە، بەڵام حەتمەن بەشێکی باشیشی بەر ئێمە دەکەوێت".
پێمانوایە هەمو هاوپەیمانیی و کۆدەنگی و یەکڕیزیەک سود بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت
لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان، ئاری هەرسین باسی لەوەکرد، "پێمانوایە هەمو هاوپەیمانیی و کۆدەنگی و یەکڕیزیەک سود بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت، ئەمە هەتا ئەوکاتەی هاوپەیمانی نەکرێت لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە، بۆ نمونە ئێمە بچین لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی یان کۆمەڵی ئیسلامی بەرەیەک پێکبهێنین بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمە خراپە، چونکە ناو ماڵی کرد تێکدەدەین، بەڵام ئەگەر لەبەرئەوەی بۆچونمان لەسەر هەندێک بابەت نزیکە و باشتر لێک حاڵی دەبین و بچین بەرەیەک دروستبکەین و هاوکاری یەک بکەین شتێکی زۆر باشە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ئەوان بەشداریان لە هاوپەیمانێتیەکە نەکردوە، ئاری هەرسین وتی، "لەوانەیە ئەو پڕەنسیپانەی ئەوان رێککەوتبن لەسەری، ئێمە جۆرێکی دیکە بیر بکەینەوە لەبارەیەوە".
هیچ ئینسانێکی نیشتیمانپەروەر نیە حەزی لێبێت حزبێکی عەریقی وەکو یەکێتی بەو هەمو خەباتە خوێناویەوە، بەو هەم شۆڕشگێڕێتیەوە لاواز ببێت
پەیوەست بەو دۆخەی کە ئێستا یەکێتی روبەڕوی بوەتەوە کێشە لە نێوان هاوسەرۆکان دروستبوە، ئاری هەسین وتی، "ئەمە قسەی دڵە، زۆر بەداخین بۆ ئەو دۆخەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێی کەوتوە، بۆ ئێمە وەکو پارتی لە قازانجمانە مامەڵە لەگەڵ یەکێتییەکی یەکڕیز و کۆدەنگ و موستەقیر و سەقامگیر بکەین، نەک لەگەڵ یەکێتییەکی شڵەژاو، لەوەش موهیمتر مەسڵەحەتی خەڵکی کوردستانە کە قازانجی خەڵکە، یەکێتییەکی یەکڕیز و موستەقیر هەبێت، نەک شڵەژاو، بۆیە هیچ ئینسانێکی نیشتیمانپەروەر نیە حەزی لێبێت حزبێکی عەریقی وەکو یەکێتی بەو هەمو خەباتە خوێناویەوە، بەو هەم شۆڕشگێڕێتیەوە لاواز ببێت، لاوازبونی یەکێتی بریتی دەبێت لە لاوازبونی کوردستان، خۆمن و تۆ ناتوانین بیشارینەوە بەشێکی هەرێمی کوردستان ئیدارەکەی لە ژێر دەستی یەکێتیدایە، بۆ بەهێزبونی ئەو ئیدارەیە دەبێت یەکێتییەکی بەهێز هەبێت، بۆیە ئەو قسانەی کە دەوترێت ئێمە پێمان خۆشە بوە هەموی ئیدعایەی سەر فەیسبوکە و دورە لە راستییەوە".
ئێمە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر نیگەران، بێتاقەت و توڕە بوین لە مەوقیفی هەندێک کەس لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا 
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەوترێت مەسرور بارزانی پێشتر لەگەڵ یەکێک لە هاوسەرۆکان لە ململانێدابون و لە میدیاکانیانەوە هێرشیانکردوەتەسەر یەکتر، بۆیە زیاتر دەوترا کە پارتی بەشێکە لە کێشەکە، ئاری هەسین وتی، "ئێمە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر نیگەران، بێتاقەت و توڕە بوین لە مەوقیفی هەندێک کەس لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا تەنها پەیوەندی بەوەوە هەیە، پەیوەندی بە مەسەلەی شەخسی نێوان مەسرور بارزانی و یەکێکی دیکەوە نیە، چونکە خۆ شەڕە گەڕه‌ک نیە، ئێمە سیاسەت دەکەین، مەوقیف کە وەردەگریت لەسەر مەسەلەی سیاسی وەریدەگری و ئێمە حەزمان لێیە ئیستیقرار لەناو یەکێتیدا هەبێت نەک دابەشببێت".
بەهیچ جۆرێک رێگە بەخۆمان نادەین هێڵی سیاسی بۆ یەکێتی دیاری بکەین، لەبەرئەوەی لە کەسی قبوڵ ناکەین سیاسەتمان بۆ دیاری بکات و هێڵی سیاسی ئێمە دیاری بکات
لەبارەی ئەوەی لەکەیەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو سەنتەرەی لەدەستداوە، کە پارتی دەڵێت، ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە وتی، "ئێمە بەهیچ جۆرێک رێگە بەخۆمان نادەین هێڵی سیاسی بۆ یەکێتی دیاری بکەین، لەبەرئەوەی لە کەسی قبوڵ ناکەین سیاسەتمان بۆ دیاری بکات و هێڵی سیاسی ئێمە دیاری بکات، بەڵام ئەمە شتێکی رون و ئاشکرایە ک لەدوای نەخۆشکەوتنی رەحمەتی سەرۆک مامجەلال ئەو مەرکەزیەتەی کە لەناو یەکێتیدا هەبو، وەکو گۆمێک بو شڵەقا".
 هیچ پارتییەکی نیشتیمانپەروەر نیە لەسەر ئەم زەویە لە ئەندامێکی ماڵی مەلا مستەفای قبوڵ بکات نیازی هەبێت ئەو ماڵە شەق بکات
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا چاوەڕوانکراوە کە ئەو کێشانەی لەناوی یەکێتیدا رویانداوە، لە ئایندەدا لەناو پارتیشدا روبدات، کە ئێستا زۆرجار رایان جیاوازە، ئاری هەرسین دەڵێت، "ئەگەر جەنابی سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی و جەنابی سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی ئەگەر بۆچونیان وەک یەک بێت ئەوە خەتەرە، مانای وایە ئەوانە رۆبۆتن و نوسخەی یەکترین، ئەمە نابێت، بەڵام ئەگەر بەو مانایە پرسیار دەکەیت لەناو حزبی ئێمەدا کوتلەی لەو بابەتە هەیە ئەوەندە دژ بە یەک بن و دوژمنداری یەکتری بکەن و چاڵ بۆ یەکتری هەڵبکەنن بۆ ئەوەی قاچی یەکتری بشکێنن شتی وانیە، ئەوان ئەندامی بنەماڵەی بارزانین، هیچ پارتییەکی نیشتیمانپەروەر نیە لەسەر ئەم زەویە لە ئەندامێکی ماڵی مەلا مستەفای قبوڵ بکات نیازی هەبێت ئەو ماڵە شەق بکات، لەبەرئەوەی ئەوان رابەرایەتی حزبی ئێمە دەکەن، ئێمە لێیان قبوڵ ناکەین".