هەواڵی ئەمڕۆ

هێڵێکی کارەبای پارێزگای نەینەوا کرایە ئامانج

12:50 - 09/08/2021

1995جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە هێڵێکی کارەبای پارێزگای نەینەوا بۆ دوەمجار کرایە ئامانج و بەهۆیەوە سێ تاوەری کارەبا لەکارکەوتن، لەئەنجامی هێرشەکەش چەند گوندێکی رۆژئاوای پارێزگاکە بێ کارەباون.

 هێڵێکی گواستنەوەی کارەبا لەسنوری گەیارە- بەنداوی موسڵ کرایە ئامانج

وەزارەتی کارەبای عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ دوشەممە هێڵێکی گواستنەوەی کارەبا لەسنوری گەیارە- بەنداوی موسڵ بەتوانای 400 کەیڤی لەرێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە کرایە ئامانج، بەو هۆیەشەوە سێ تاوەری کارەبا لەکارکەوتن.

 ناوچەی مەزملات لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بێ کارەبابوە

ئەوەش هاتوە، بەهۆی روداوەکە ناوچەی مەزملات لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بێ کارەبابوە، لەماوەی رابردوشدا جارێکی دیکە ئەو سێ تاوەرە کراونەتە ئامانج.

تەقاندنەوەیان کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا هەبوە 
5ی ئەم مانگەش لە یەک کاتدا پێنج تاوەری کارەبا لەنێوان پارێزگای کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین تەقێندرانەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوشدا 13 تاوەر لەنێوان ئەو پارێزگایانە تەقێندراونەتەوە. تەقاندنەوەشیان کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا هەبوە لەو پارێزگایانە. 

نیشانەکردن

موسڵ