قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەت لە دو ساڵی رابردو، دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا و چاکسازی دەدوێت

12:04 - 13/07/2021

4871جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای دو ساڵ، كاتیەتى بوه‌ستن ئه‌م دو ساڵه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت هەڵسەنگێنن، دو ساڵی قورس بوه‌، له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌م كابینه‌یه‌ و بە ماوه‌یه‌كی كورت، هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ دوچاری كێشه‌ی كۆرۆنا بونەوە و ڤایرۆس به‌رۆكی جیهانی گرت و كاریگه‌ریشی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم، دەشڵێت، "قەیرانەکان مەجبوریان کردین کە دەست بەرین بۆ هەندێک چاکسازی".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبونی دو ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەم رایگەیاند، "قەیرانەکان مەجبوریان کردین کە دەست بەرین بۆ هەندێک چاکسازی، هەندێک لەو چاکسازیانە خەریکن بەرهەمیان دەبێت، چاکسازی سویچێک نیە دایگرسێنیت و بیکوژێنیتەوە، چاکسازی بەردەوامە و دەبێت بەردەوام بین لەسەری".

لەم دو ساڵەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چۆن ڕوبەڕوى قەیرانە گەورەکان بونەوە؟
قوباد تاڵەبانى: بێگومان دوای دو ساڵ، كاتیەتى بوه‌ستین ئه‌م دو ساڵه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت هەڵسەنگێنین، دو ساڵی قورس بوه‌، له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌م كابینه‌یه‌ و بە ماوه‌یه‌كی كورت، هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ دوچاری كێشه‌ی كۆرۆنا بونەوە و ڤایرۆس به‌رۆكی جیهانی گرت و بێگومان كاریگه‌ریشی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئابوری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بون و فشارێكی زۆری كرده‌ سه‌ر هه‌رێم، بەڵام حكوومه‌ت به‌ هه‌مو توانای خۆیەوە هه‌وڵی دا ئیداره‌ی ئه‌م دۆخه‌ بدات، ئێستا كۆرۆنا ماوه‌ به‌ڵام خه‌ریكه‌ سیستمه‌كه‌ خۆی ده‌گونجێنێ و حكومه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌ش خۆی گونجاندوه ‌و ڤاکسێن زیادی كردوه‌ و پرسى چاودێری ته‌ندروستی پەرەسەندوتر بوە، ئێمه‌ چاوه‌ڕێین كێشه‌ی كۆرۆنا خه‌فیفتر ببێت و‌ كاریگه‌رییه‌كانی كه‌متر ببنه‌وه‌ تا بازاڕ و بازرگانى زیاتر بكات.
لەم دو ساڵەدا بۆ چارەسەرى کێشەکانى هەرێم و عێراق، 20 جار چونەتە بەغدا و زیاتر لە 50 شەو لەوێ ماونەتەوە، ئەمانە دەستکەوتیان هەبو؟
قوباد تاڵەبانى: له‌ ماوه‌ی ئه‌م دو ساڵه‌دا، گفتوگۆی زۆرمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی هەبوە و ئەنجامەکەشى په‌سندكردنی پرۆژە‌ یاسای بودجه‌ی 2021ى زایینى بو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هیوادارین له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕە‌ی نوێ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی، بێگومان دوای ئه‌و هه‌مو سه‌ردان و دیداره‌ی هه‌مانبوه‌ خۆم و شانده‌كه‌مان كه‌ شاندێكی به‌توانا بون، هه‌ریه‌كه‌و له‌ بواری خۆی توانیمان بۆشاییه‌ك پڕ بكه‌ینه‌وه، له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر بێین هەڵسەنگاندن دەبینین کە یه‌كه‌مجار ڕۆشتین جه‌وێكی زۆر نا ته‌ندروست هه‌بو و‌ لێکدانەوەیەکى زۆر هه‌ڵه‌و مەترسیدار هه‌بو له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و‌ ژینگه‌ی سیاسی عێراق زۆر دژی هه‌رێم بون و ئێمه‌ تۆمەتبار ده‌كراین به‌ به‌شێكی كیشه‌ی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق و تۆمەتبار ده‌كراین به‌و كه‌م و كورتیانەى کە لە عێراق هەبون.

ده‌توانم بڵێم به‌ هەوڵی هه‌مو ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ توانیمان به‌شێك له‌و ڕوانگەیە بگۆڕین و قه‌ناعه‌ت به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری عێراق بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ هۆكار نین له‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ نییه‌ له‌ پارێزگاكانی باشور و خه‌تای ئێمه‌ نییه‌ كه‌ ڕێگه‌وبان باش نه‌بێت، خه‌تای ئێمه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌با له‌ باشوور خراپ بێت و ئێمه‌ خۆمان كێشه‌مان هه‌یه‌،‌ له‌ ساڵى 2014 تا 2018ى زایینى هیچ پاره‌یه‌كمان وه‌رنه‌گرتوە له‌ حكومه‌تی فیدراڵی و‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ وه‌رماننه‌گرتوه‌ ئاخۆ له‌ كوێ سه‌رف كراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ مه‌شروعێك سه‌رف یا بۆ ژێرخانی ئابوری ‌به‌شه‌كانی تری عێراق سه‌رف كراوه‌، ئه‌وه‌ گوتمان دیارى هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ ئەو ناوچانە، به‌ڵام سه‌رف نه‌كراوە، بۆیه‌ هه‌ندێ بەڵگەمان خستە بەر دەستیان كه‌ ده‌توانم بڵێم كاریگه‌رییه‌كی هه‌بو له‌سه‌ر تێڕوانینیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌ هه‌مان كاتیشدا توانیمان جۆرێك له‌ متمانه‌ دروست بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ته‌نیا خه‌می به‌شه‌كه‌ی خۆمان ناخۆین به‌ڵكو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێت قسه‌مان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ حكوومه‌تی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت و ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ دە‌مانه‌وێت بێته‌ دی.

زۆر کەس پێیان وایە گفتوگۆکانتان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى تەنیا لەسەر پرسى بودجە بوە؟
قوباد تاڵەبانى: ڕاسته‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و گفتوگۆیانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و موچه‌ی هه‌رێمی كوردستانەوە هەبو، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا باسی سیاسه‌تی نه‌وتی عێراق و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیمان ده‌كرد بۆیه‌ په‌یامێكان گه‌یاند كه‌ ڕاسته‌ ئێمه‌ پابەندین به‌ ده‌ستور و جێبه‌جێكردنی ده‌ستور و حه‌ق و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌وه‌ ئه‌وه ناگەیێنێت كه‌ ئێمه‌ ته‌نیا خه‌می به‌شه‌كه‌ی خۆمانە و قیروسیا بۆ به‌شه‌كه‌ی تر، نه‌خێر، ئێمه‌ په‌یامێكمان گه‌یاند كه‌ ده‌مانه‌وێت كاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌سه‌ر عێراقێك كه‌ به‌ره‌و دیموكراسی و بەدامەزراوەیی بچێت، عێراقێك كه‌ مەترسى نه‌بێت له‌سه‌ر خۆی و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، ئه‌مانه‌ به‌شێك له‌و ده‌ستكه‌وتى گفتوگۆیانەن کە ڕە‌نگه‌ ئێستا زۆر به‌رجه‌سته‌ نه‌بن، به‌ڵام ڕە‌نگه‌ له‌ قۆناغی داهاتوو ڕە‌نگ بداته‌وه‌. بەڵام ئه‌وه‌ی ‌زۆر دیار بوو، بودجه‌ی 2021 بو کە تییدا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شایسته‌كانییه‌وه‌ دیاری و په‌سه‌ند كران و بوونه‌ یاسا.

بۆیه‌ ئه‌مه‌ هەنگاوێکى مەزن بو له‌سه‌ر ته‌حه‌ددیاتێكی زۆر له ڕوی هه‌رێمی كوردستان و زۆر كه‌س هه‌بو وه‌یانده‌زانی ناتوانین بگه‌ینه‌ ده‌ره‌نجام و زۆر هه‌بو ده‌یانگوت ته‌واو و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مه‌جالی ئاشتبونه‌وه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵام به‌ هەوڵى هه‌مولایه‌ک‌ توانیمان یاساكه‌ تێپه‌ڕێنین و ئێستا ده‌بێت بزانین ئه‌و كه‌شوهه‌وا ئەرێنییەى كه‌ دروست بوه‌ چۆن وەبەرهێنانى لەسەر بكه‌ین و په‌ره‌ی پێ بده‌ین بۆ چارەسەرى ئەو به‌شانه‌ی تر كه‌ به‌شێكن له‌ قه‌زیه‌ی كورد و كوردستان له‌ عێراق.

به‌داخه‌وه‌ وای لێهاتوه‌ هه‌مو قه‌زیه‌ی كورد له‌ موچه‌ و بودجه‌ سنوردار کراوەتەوە كه‌ وانییه،‌ چونكه‌ چه‌ندین مه‌له‌فی دیكه‌ی گه‌وره‌ هه‌ن كه‌ حه‌قی خۆمانه‌ پێداگرییان لەسەر بکەین و گفتوگۆیان لەبارەوە بكه‌ین، بۆیە دەبێت سه‌ردانه‌كانمان بۆ به‌غدا زیادتر بكه‌ین و به‌رده‌وام بین تا ده‌سته‌به‌ریان بكه‌ین.

لە گفتوگۆکانتاندا چیتان بۆ پرسى ماددەى 140 و گەڕاندنەوەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کردوە؟
قوباد تاڵەبانى: مادده‌ی 140 ماده‌یه‌كی ده‌ستوری و زۆر گرنگه‌ و‌ حه‌ق ئەدا به‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ به‌ حوكمی بڕیاره‌ خراپه‌كانی رژێمی پێشووتر زوڵمی لێكراوه‌ و ئێستا پێویستە چاره‌سه‌ر ببن، بۆیه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ مادده‌یه‌كی زۆر چاره‌نووسسازه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و‌ له‌ هه‌مو كۆبونه‌وه‌یه‌كمان كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بودجه‌وه‌ هه‌بێت یان نا باسمان كردوه‌ و‌ ده‌بێت به‌رده‌وام پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌مه‌ پێویستیمان به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه،‌ پێویستیمان به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌هێزی كوتله‌ كوردستانییه‌كانه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، پێویستیمان به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانیەتییەکه‌، به‌ڵام مه‌له‌فێكه‌ كه‌ له ‌كاتی په‌سندكردنی ده‌ستووره‌وه‌ له‌ ساڵى 2005ى زایینییەوە تا ئێستا ڕاسته‌ هه‌ندێك هه‌نگاو چۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به ‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت، ئێستا كه‌ مه‌له‌فی بودجه‌مان تێپه‌ڕاندوە، پێویستە بێین له‌سه‌ر مادده‌ی 140 قسه‌ بكه‌ین، لەسەر پرسی هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌ به‌رگرییه‌كانی عێراق كێشه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌بێت یه‌كلایی بكرێته‌وه، لەگەڵ‌ چه‌ندین كێشه‌ی تر كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌ستور و به‌ فۆڕم و شێوه‌یی ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌وه‌ هه‌یه، بۆنمونە ته‌فسیر و بۆچونی جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر فیدراڵییه‌ت، تازه‌ له‌ ساڵى 2021 هێز هه‌یه‌ كه‌ له‌ وتار و‌ شیعاره‌كانیان، د‌یانه‌وێ وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و مه‌ركه‌زییه‌تێكی تر‌ ببه‌ن له ‌كاتێكدا ده‌ستور حه‌قی داوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی بكات، بۆیه‌ زۆر شت هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ شێوازی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، بە شێوازی ڕیكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یە، پرسە داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان حه‌قێكی ده‌ستورییە و ده‌بێت به‌ بیر براكانمان بێنینه‌وه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق و پێداگرییان لەسەر بكه‌ین.

پڕۆسەى پڕۆگرامى بایۆمەترى کە چەندین قۆناغەى پڕۆسێسى بەئەلیکترۆنیکردنە، بە کوێ گەیشتوە و چیترتان پێوە زیاد کردوە؟
قوباد تاڵەبانى: پڕۆگرامی بایۆمه‌تری كه‌ له‌ ساڵ 2016ى زایینى ده‌ست پێ كرا، له‌م كابینه‌ ده‌ستمان به‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغی دوه‌می ئه‌م به‌رنامه‌یه کرد کە‌ به‌شی یه‌كه‌می بریتی بو له‌ تۆماركردنی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر كه‌سێك موچه‌ یا مینحه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرێت چ كاتی بێت چ دایمی، له‌م  به‌رنامه‌یه‌ تۆماركرا و به‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت چه‌ند موچه‌خۆرمان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و چه‌ند پارە وه‌ره‌گرن و له‌ كوێ وه‌ریده‌گرن و هه‌ندێ داتاو زانیاریمان ده‌ستكه‌وت كه‌ پێشتر ئه‌گه‌ر هەشبوبن ڕەنگه‌ له‌ شوێنی جیاجیا هه‌بوبن و ئێستا ئێمه‌ خاوه‌نی داتا به‌یس و باندێكی زانیاری زۆر تۆكمه‌ین، هەر به‌و به‌رنامه‌یه‌ بندیوار یاخود موچه‌خۆری وه‌همی نه‌هێڵدرێت و بۆمان ده‌ركه‌وێت كێ به‌ نایاسایی زیاتر له‌ یه‌ك موچه‌ وه‌ره‌گرێت، بۆمان ده‌ركه‌وت كێ به‌ فعلی موچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ قۆناغی دوه‌می ئه‌م به‌رنامه‌ی كه‌ له‌م كابینه‌یه‌ كه‌وتوەته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە ئێمه‌ ده‌توانین به‌م داتایه‌ میلاك ڕێك بخه‌ینه‌وه،‌ ئه‌و میلاكه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌ ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كاراتری بكه‌ین و‌ دوای ڕێكخستنه‌وه هه‌ژمارێكی تایبه‌تی بۆ مووچەخۆرەکانمان بكه‌ینه‌وه.

ئیستا ئێمه‌ ژماره‌ی كه‌سی بێ هاوتامان دابه‌ش كردوه‌ به‌سه‌ر هه‌مو فه‌رمانبه‌رێكی شارستانی، له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌توانین به ‌كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆیان به‌ سستمێكی ئه‌لیكترۆنی موچه‌كه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ین، هەر به‌م ژماره‌ی كه‌سی بێهاوتایه‌، ده‌توانین هه‌ندێك خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش بكه‌ین، چ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بێت وەک بیمه‌ی ته‌ندروستیی یا ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، بۆیە بناغه‌یه‌كه‌ بۆ به‌ره‌و ئه‌لكترۆنیكردنی حكومه‌ته‌كه‌مان و ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات و به‌دیجیتاڵكردنی میلاكات و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ موچه‌خۆران، ده‌توانم بڵێم چاكسازییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ توانیومانه‌ تا ئێستا ده‌ستی پێ بكه‌ین و ئینشەڵا بیگه‌یێنینه‌ ئه‌نجام.

ژمارەى کەسى بێهاوتا لە فەرمانبەرانى مەدەنى حکومەت دەوەستێت یا فەرمانبەرانى شارستانى و سەربازى و هاوڵاتیانیش بە گشتى دەگرێتەوە؟
قوباد تاڵەبانى: هەڵبەت ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ناوه‌ستێت و ‌فه‌رمانبه‌رانی شارستانی و سه‌ربازیش ده‌گرێته‌وه، واتە‌ له‌ نه‌تیجه‌ ده‌مانه‌‌وێت ته‌واوی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ک حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا به‌رپرسیار نین له‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ میلاكات و بایۆمه‌تری خه‌ریكی چاكسازین له‌ شێوازی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، ئه‌مانه‌وێ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش بكه‌ین به‌ پرۆسه‌یه‌كی دیجیتاڵی كه‌ كۆمپانیایه‌ك دائه‌مه‌زرێ ئه‌بێت بە شێوەیەکى ئۆتوماتیكی وه‌زاره‌تی دارایی و زه‌ریبه‌ و وه‌زاره‌تی كاروده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پێ ببه‌ستیته‌وه، واتە له ‌ڕێگه‌ی سیستەمێكی ئه‌لیكترۆنی هاوشێوه‌ی بایۆمه‌تری یا گونجاوتر کار لەسەر دامەزراندنى كۆمپانیایەکى نوێ بکرێت.

له‌وكاته‌ی كۆمپانیایه‌ك داده‌مه‌زرێ، ژماره‌ی بێهاوتایی خۆی وه‌ره‌گرێ وه‌ك ژماره‌ی باج و له‌ هه‌مانكاتدا هه‌ر كارمه‌ندێك كه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كار بكات گەر لای حكومه‌ت تۆمار بكرێت ئه‌و كاته‌ حه‌قی هه‌یه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و خزمه‌ته‌ی ده‌ستمان پێ كردوه‌ بۆ كارمه‌ندی حكومی، له‌ به‌رنامه‌شمانه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له ‌كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، ئەمەش گرنگە هه‌م‌ بۆ ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌و كاته‌ش ده‌توانین ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له ‌كه‌رتی تایبه‌ت هەن، به‌ تایبه‌ت بۆ مافی خانه‌نشینی و مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا كار ده‌كه‌ن، ده‌مانه‌وێت هاوسه‌نگی ڕابگرێن له‌ نێوان هێزی حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت، چونکە ئێستا زۆر ناهاوسه‌نگه‌، ئاخر له‌ناو حكومه‌ت هه‌مو ئیمتیازێكت هه‌یه‌، خانه‌نشینیت هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ ئیلتزامات جیاواز بێت له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت و زه‌مانێكی هه‌یه‌ له‌چاو كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌مانه‌ی بۆ دابین بكه‌ی بێگومان وا له‌ خه‌ڵكێكی زیاتر دەکەى کە ڕو له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بكەن بۆ دامه‌زراندن، خه‌ریكه‌ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ده‌به‌ستینه‌وه‌ به‌ یه‌كتری تا به‌ یه‌ك جه‌سته‌ ئیش بكات نه‌ك به‌بێ ته‌نسیق ده‌ستی راست و چه‌پت ئیش بكات، ئه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئێمه‌یه‌ له ‌به‌رنامه‌ی چاكسازی کە دڵنیام ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام.

چەند ساڵێکە دەستتان بە بەرنامەى "خزمەت" کردوە و لەسەر پۆرتاڵێک شێوازى ئەو خزمەتگوزاریانەتان دیارى کردوە کە حکومەت پێشکەش بە تاکی دەکات، ئێستا گەیشتوونەتە کوێ لەم بەرنامەیەدا؟
قوباد تاڵەبانى: به‌رنامه‌ی خزمه‌ت له‌ ساڵى 2018ى زایینییەوە ڕاگه‌یێندرا كه‌ ئه‌مه‌ زۆر به‌ ڕونى په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌كه‌ی خۆیەوە هه‌یه‌ و خزمه‌ته‌ به ‌هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیشی چییه‌‌؟ ئیشی ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌ت به‌ دانیشتوانه‌كانی خۆی بکات، جا چ هاوڵاتی خۆی بێت یا بیانی، بۆیه‌ ئێمه‌ هاتین بەدواداچونێکمان بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌مان كرد كه‌ حكومه‌ت پێشكه‌شی هاوڵاتیانی ده‌كات، هاتین له‌ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كانمان پرسی كه‌ ئێوه‌ چ ده‌كه‌ن  و‌ چۆن ده‌یكه‌ین و هه‌مو ئه‌و زانیاریانه‌مان كۆكرده‌وه‌ و خستماننه‌ نێو پۆرتاڵێكی دیجیتاڵی ئۆنلاین كه‌ ئێستا ڕاگه‌یێنراوه‌ و‌ حكومه‌ت جگه‌ له‌ خزمه‌ته‌ گشتییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و ئاسایش، 405 خزمه‌تگوزارى پێشکەش بە خەڵک دەکات کە خزمه‌تی تاكین له‌ به‌ینی حكومه‌ت و تاكێكی هاوڵاتی و لێره‌وه‌ هاتوین خزمه‌ته‌كه‌مان پۆلێن و دابه‌ش كردوه‌ به‌سه‌ر هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كان و داوامان لێكردون له‌ پێناو باشتركردنی ئه‌و خزمه‌ته‌ و خێراكردن و شه‌فافبون لە چۆنیه‌تی گه‌یاندنی ئه‌و خزمه‌ته‌، ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان بۆ كه‌م بكه‌نه‌وه. واتە‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تێك به‌ 10 هه‌نگاو و 10 واژو جێبه‌جێ دەكرێت، داوامان كردوه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان بۆ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئیشێك به‌ 3 رۆژ ته‌واو ده‌كرێت داوامان كردوه‌ به‌ ڕۆژێك ته‌واو بكرێت.

تۆماركردنی كۆمپانیا له‌ زمنی به‌رنامه‌ی خزمه‌تدایه، پێش چاكسازی به‌ 28 بۆ 30 ڕۆژ ئه‌م پرۆسێسه‌ ته‌واو ده‌بێت، ئێستا من داوام له‌ وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌ به‌ ڕۆژێك ته‌واوی بكه‌ن، ئەمە ته‌حه‌ددایه‌كه‌ ئه‌بێت جێبه‌جێی بكه‌ین، چونكه‌ له‌ نه‌تیجه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته‌ خزمه‌تێكی باشتر بگه‌یه‌نێت به‌ هاوڵاتیان بۆیه‌ هه‌مو وه‌زاره‌ته‌كان له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌و بابەتە و له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كابینه‌كه‌مانایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2018ى زایینى ده‌ستی پێ كرا، له‌م كابینه‌یه‌ ته‌واوی بكه‌ین و‌ ئه‌وه‌ شتێك نییه‌ كه‌ تەواو بو وازی لێبینین، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت و خزمه‌تەکە ڕۆژانه‌ ده‌گۆڕێت و ڕێنمایی تازه‌ ده‌رده‌چێت، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لەسەر ئەوەى چۆن فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی خۆمان بگۆڕین بۆ گەیاندنى خزمه‌ت بە باشتر و خێراتر و شه‌فافانەتر به‌ هاووڵاتیانی خۆمان.
 
کەوابێت لەسەر بنەماى بایۆمەترى و کەسى بێهاوتا و بەرنامەى "خزمەت"، ڕۆتین زۆر کەم دەبێتەوە و ئەمەش سودى دەبێت بۆ هاووڵاتى؟
قوباد تاڵەبانى: ئێمه‌ خوازیارین کە ئەم بەرنامانە ڕۆتینێکى زۆر کەم بکەنەوە، هیچ مانایه‌كی نییه‌ به‌ 17 هه‌نگاو مۆڵه‌تی شۆفێری نوێ بکرێتەوە، پێموایه‌ ده‌توانیت به‌ دو تا سێ هه‌نگاو ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ كۆتایی پێ بهێنرێت، هه‌ندێك لە‌ دەسەڵاتەکان لاى خودى وه‌زاره‌ته‌كانە کە به‌ گۆڕینی ڕێنمایی قۆناغێك كه‌ به‌ 10 ڕۆژ ئەنجام دەدرێت، ده‌كرێت بكرێته‌ ڕۆژێك، کارێک کە به‌ 20 هه‌نگاو و 20 سه‌ردان و 20 واژو تەواو دەبێت، ده‌توانین بیكه‌ینە 2 یا 3 هەنگاو، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ته‌ داوامان لێكردون ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ كار بهێنن و كه‌می بكه‌نه‌وه و‌ هه‌ندێكیشی کە له‌ ده‌ره‌نجامی په‌یڕە‌و یا بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، دواتر خۆمان ده‌توانین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، بەڵام‌ هه‌ندێكیان پێویستیان به‌ گۆڕینی یاسایه،‌ چونكه‌ هه‌ندێك له‌و رۆتینه‌ له‌ یاساكانه‌وه‌ شۆڕ كراونه‌ته‌وه‌، ئیتر چ په‌یوه‌ندی به‌ ڕەزامه‌ندی سه‌ندیكا و هه‌ندێك لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ هەبێت، یا چ ئه‌و ڕۆتیناته‌ی كه‌ پەیوەندى به‌ قەبارەى هه‌یكه‌لیه‌ته‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌‌مانه‌وه‌ هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئاڵۆزتر بێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌نگاوی بۆ بهاوێین و هه‌نگاویشمان بۆ ناوه،‌ بۆیه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی خۆمان به ‌كار بهێنین لە وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌ كوێش پێویست بو یاسا بگۆڕین.

له‌ نه‌تیجه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هاوڵاتییه‌ك كه‌ سه‌ردانی دائیره‌یه‌كی حكومی دەکات، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ ژورێكی گه‌رم و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر و لە په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه بنێردرێته‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی تر و وه‌ك مار و په‌یژە‌ ده‌ستی ده‌ستی پێ بكرێت، دەمانەوێت له‌ یه‌ك په‌نجه‌ره‌ داواکارییەکەى خۆی پێشكه‌ش بكات و حكومه‌ت به‌ سیستەمێكی یه‌ك په‌نجه‌ره‌یی كارەکەى بۆ ئەنجام بدات، ئه‌وه‌ ته‌حه‌ددایه‌كه‌ ئێمه‌ خۆمان له‌ خۆمانمان كردوه ‌و له ‌وه‌زاره‌ته‌كانیشمان كردوه ‌و گه‌شبینم كه‌ بیگه‌یێنینه‌ ئه‌نجام.

ئەم بەرنامانە و بەئەلیکترۆنیکردنانەش پەیوەندییان بە ڕێکخستنەوەى میلاکات هەیە؟
قوباد تاڵەبانى: ڕە‌نگه‌ پێویستت به‌ 10 فه‌رمانبه‌ری جیا نه‌بێت بۆئه‌وه‌ی یه‌ك خزمه‌ت بگه‌یه‌نێت، تۆ ئه‌و 10 هه‌نگاوه‌ت كرد به‌ پێنج هه‌نگاو بۆ ئه‌مه‌ش پێویستت به‌ پێنج فەرمانبەر دەبێت بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ت بگه‌یه‌نێت، تۆ كه‌ زانیت كێ فه‌رمانبه‌ری خۆته‌ و له ‌كوێ ده‌وام دەکات و میلاكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ت ڕێك خسته‌وه‌ له‌سه‌ر بنەماى ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌یگه‌یه‌نێت نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ساسی یاسایەک كه‌ 15 ساڵ پێش په‌سه‌ند كراوه‌ (ڕە‌نگه‌ مه‌هامی وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌ته‌واوی گۆڕابێت،ڕە‌نگه‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌تمان له‌ داهاتوو پێویست پێی نه‌بێت) بۆیه‌ خزمەتگوزارییەکانیش ئاسانتر دەگەن.

حكومه‌ت ده‌بێت شتێكی زیندو بێت و بەردەوام خۆی هەڵسەنگێنێت، پرۆژەی "خزمه‌ت"، پەیوەندییەکى ڕاسته‌وخۆی به‌ بایۆمه‌ترییەوە هەیە، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌رچاوڕونییه‌كی زیاترمان له‌سه‌ر داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌رجییه‌كان هه‌بێت، یه‌كێك له‌و داهاته‌ سه‌ره‌كیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌نجامی ڕسوماته‌ و حكومه‌ت خزمه‌تێك پێشکەش ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر به‌ ڕە‌سمێك، گەر ئه‌و خزمه‌ته‌مان ڕێك خسته‌وه،‌ ده‌بێت ڕە‌سمه‌كه‌شی ڕێك بخه‌یته‌وه و لێکى بدەیتەوە کە‌ ئه‌و ڕسمه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ریده‌گری زۆره‌ یان نا، پێوییسته‌ یان نا؟! ئێمه‌ هه‌ندێك كات له ‌پێناو داهاتدا ڕسوماتمان زیادكردوه‌ و وامانزانیوه‌ به ‌زیادكردنی ڕسومات داهاتمان زیاد ده‌بێت، به‌ڵام  دوایی له‌ نه‌تیجه‌ی بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ بەو زیادکردنە ژماره‌ی مامه‌ڵه‌كان كه‌می كردوه‌ و به‌مه‌ش داهات كه‌می كردوه.‌ بۆیه‌ پێویستە حكومه‌تێكمان هه‌بێت كه‌ به‌ڕاستی یه‌ك حكومه‌ت بێت و وەزاره‌تەكان ئاگایان له‌ ئیشوكاری یه‌كتری بێت، ئه‌وكاته‌ سیاسه‌ته‌كانیشمان دروستتر دەبێت و‌ پێویست ناکات تەنیا بڕوا بکە‌ینه‌ سه‌ر داهاتی نه‌وت وه‌ك تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان و گرنگە داهاتی نانه‌وتی زیاد بكه‌ین، بە شێوه‌یه‌ك كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ باشترکردنى ئه‌و خزمه‌تانه‌ی پێشكه‌شی هاوڵاتانیانمانی ده‌كه‌ین تاكو زه‌مانێكمان هه‌بێت لەوەى هه‌ر كاتێك نرخی نه‌وت دابه‌زی دیسان توشی كێشه‌یه‌كی دارایی و ئابووری نه‌بینه‌وه‌.

بۆیه‌ بەرەبەرە من هه‌ستی پێ ده‌كه‌م، شه‌ش حه‌وت ساڵی قورسمان تێپه‌ڕاندوه‌ و ده‌توانم بڵێم ئیداره‌ی قه‌یرانەکانمان داوه‌. هەر له‌ ساڵى 2014ى زایینییەوە‌ قەیرانەکان ڕویان لە هەرێم کرد، به ‌بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی‌ و ‌شه‌ڕی نه‌گریسی داعش و ‌هاتنی ئاواره‌ و په‌نابه‌رێکی زۆر کە ڕویان لە هه‌رێمی كوردستان  کرد و كولفه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری خستە سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، لەگەڵ ‌دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ئەو كێشه‌ سیاسییه‌ ده‌ره‌كی و ناوچەیی و نێوخۆییەى هەبون، له‌و شه‌ش حه‌وت ساڵه‌دا ئیداره‌ی ئەو قەیرانانەمان داوه، ئیتر‌ باش یا خراپ خه‌ڵك ده‌توانێ هەڵمان سەنگێنێت، بەڵام ئیدارەمان دا، ئێستا کە ئیدارەمان داوە، ئه‌و قه‌یرانانه‌ ناچاریان كردین ده‌ست بۆ هه‌ندێك چاكسازی به‌رین، هه‌ندێك له‌و چاكسازییانه‌ خه‌ریكن به‌رهه‌میان ده‌بێت، چاكسازی سویچێك نییه‌ دایگرسێنیت و بیكوژێنیتەوە!، چاكسازی به‌رده‌وامه‌ و ده‌بێت به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری، به‌ڵام خه‌ریكه‌ له ‌پاڵ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان کە به ‌داخه‌وه‌ یه‌ك و دووانیش نه‌بوون، خۆشمان بۆ قه‌یرانی داهاتوش ئاماده دەکەین، چونكه‌ بەداخەوە ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كین کە قەیران لە دواى قەیرانى تێدا دروست دەبێت.

بۆیە ئەگەر ئه‌م چاكسازییه‌ پێی خۆی بگرێت و كاریگه‌ریی ماڵیشى هه‌بێت و خزمه‌تێكی باشتر بگه‌یێنرێتە‌ هاوڵاتیان و ئه‌و بارگرانییه‌ قورسه‌ی کە ئەمڕۆ له‌سه‌ر هاوڵاتیان و به‌ ده‌ره‌جه‌ یه‌كیش له‌سه‌ر موچه‌خۆران هەبوه‌، به‌ره‌به‌ره‌ كه‌م ببێته‌وه‌، ئەوا كوردستانه‌كه‌مان ئارام و ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه و‌ ئابوریه‌كه‌مان هه‌مه‌جۆر دەبێت و هەلێکى کارى زیاترمان بۆ دێنێتە پێشەوە و هەمو ئەمانەش دەمانگەیێنێتە كوردستانێكی به‌هێزتر.

ئەگەر خۆتان نمرەیەک بدەنە خۆتان بۆ ئەم دو ساڵە، ئەوا ئەو نمرەیە چەندە؟
قوباد تاڵەبانى: ئه‌و حه‌قه‌ به‌ خۆم ناده‌م نمره‌ بده‌مه‌ خۆمان بۆ دوساڵی ڕابردو و خه‌ڵك ده‌بێت ئەوە بڵێت، به‌ ویژدانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نمره‌یه‌‌كی كه‌میشمان بده‌نێ له‌ نه‌تیجه‌ ئێمه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵكین، ڕاسته‌ كێشه‌ هه‌ن كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێمه‌وه‌ن، له‌ كابینه‌ی هه‌شتیش كێشه‌ی زۆر ڕوبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بونه‌وه‌ کە له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆمان بون، به‌ڵام ناچار بوین ئیداره‌یان بده‌ین و له‌م كابینه‌یه‌شدا ڕوبه‌ڕوی كێشه‌ بوینه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێمەوە ‌بون و كه‌س پێشبینی ئه‌وه‌ی نەده‌كرد كه‌ نه‌خۆشییه‌كی وه‌كو كۆڤید ـ 19 بێت و جیهان و هه‌رێم بگرێتەوە و کاریگەرى گەورە لەسەر بازاڕ دابنێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام بین و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ‌ئامانجه‌كانمان بچین، به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی ستراتیژی خۆمان بچین كه‌ چاكسازییه‌ هەر له ‌ڕێكخستنی میلاكات و دیجیتاڵكردنی حكومه‌تەوە بگرە تا به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌یاندنی خزمه‌تێكی باشتر به‌ هاووڵاتیان، بۆیه‌ دوو ساڵ ڕۆیشت و دو ساڵ ماوه، من دایمه‌ گه‌شبینم، به‌ڵام پێم وایه‌ ئیراده‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر ئه‌م چاكسازییانه.