دیداری خەندان لەگەڵ دکتۆر میران؛ پرسیاری جددی و وەڵامی ڕاشکاو لەسەر گرنگترین دۆسیە گرنگەکانی ڕۆژ

10:33 - 06/07/2021

4747جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم کەموکورتی زۆرە و بڕیاری نامەدروسیشی زۆرە، یەکێتی لە رێگەی ئەو هەوڵانەی کە خۆی دەیدات، هەوڵدەدات چاکسازییەک لەم حکومەتەدا بکرێت لەشێوازی حکومڕانیدا بەشێوازی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت، راستە لە حکومەتدان بەڵام چاو لە کەموکوڕییەکان نانوقێنن، ده‌شڵێت، "له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا بەدڵنیاییەوە ئەو کورسییانەی گۆڕان لە رابردو هێناویەتی یان ئێمە لە هەڵبژاردنی 2018 هێناومانە ئەگەر زیاتر نەهێنین هی هیچمان کەمنابێتەوە".

د. میران محەمەد لەمیانی لەبەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پارتی نەلە خراپترین حاڵین نەلەباشترین حاڵین، چەندجارێک هەڤاڵانی هاوسەرۆک دوپاتیانکردوەتەوە کە یەکێتی ناچێتە هیچ رێککەوتێکی سیاسییەوە کە جەماوەری یەکێتی لێی ناڕازی بێت یان خەڵک لێی ناڕازی بێت، ئێستا شێوازی کارکردن لە ناو یەکێتی رەنگە بەلاتەوە سەیر بێت، هەمو شتێک هاوسەرۆکان دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی، مەکتەبی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بۆیە هیچ بڕیارێک نادرێت کە خەڵک و جەماوەری یەکێتی لێی نیگەران بن". 

خەندان: لە سەرەتا لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی دەستپێدەکەم، دوای کۆنگرەی چوارەم یەکێتی چوە چی قۆناغێکەوە، هەلسەنگاندنی خۆتان چیە بۆ قۆناغە، ئایا یەکێتی دوای کۆنگرە لە یەکێتی پێش کۆنگرە دەچێت؟
د. میران محەمەد: ئێمە کۆنگرەی چوارەممان کرد لە دوای وەفاتی جەنابی مام جەلال بۆیە هەرخۆی بەستنی کۆنگرە تەحەدییەکی گەورە بو بۆ ئێمە و هەمو هەڤاڵانی یەکێتی، بەڵام خۆشبەختانە ئەم کۆنگرەیە یەکێتی خستە قۆناغێکی بەهێزترەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی زیاتر چەسپاند لەناو یەکێتی کە بە هەڵبژاردن خوێنی گەنجانە زیاتر تێکەڵی یەکێتی بو وەکو جاران، لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێک بو بۆ ئەوەی کە ناکۆکییە نێوخۆییەکان یەکێتی پێچارەسەر بکرێت، بەهۆی ئەوەی ئێستا یەکێتی ستراتیژ و بنەمایەکی گشتگیر و گشتی هەیە کە هەمو بیروڕا جیاوازەکان کۆکن لەسەر ئەو بنەمایەی کە لەدوای کۆنگرەی چوارەم هاتوەتە کایەوە.
خەندان: پێتانوایە ئەو کێشانەی هەتانبوە ئێستا چارەسەر بوە؟
د. میران محەمەد: ئێستا کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەربوە و حزبێکی یەکگرتوین هەر لە پێکهاتەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیەکەمان نوێنەری هەمو شار و شارۆچکەکانی سنوری چالاکییەکانی یەکێتی تێدایە، جاران گلەیی هەبو رەنگە هەڤاڵێکمان لە سۆران دەیوت ئێمە سەرکردایەتیمان نیە ئێستا نزیکەی سێ سەرکردایەتیمان هەیە لە سۆران و بادینان لە موسڵ و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان لە شنگال و مەخمور، واتا پێکهاتەی سەرکردایەتیەکەمان گونجاوە بۆ ئەو جەماوەرەی کە لە هەمو شوێنەکان هەمانە، ئێستا ئەگەر یەکێتی رەئییەکی هەبێت، رەئییەکی رون و ئاشکرامان هەبێت لەسەر بابەتێک هەموی کۆکە لەسەری، وە بەهیوای ئەوەی کە نوێبونەوە بەردەوامە و یەکێتی هەنگاوی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر بە خۆوە دەبینێت.
خەندان: بڕیاربو دوای کۆنگرەی چوارەم پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بکرێتەوە و دەسەڵاتی ئۆرگانەکان دیاریبکرێت، ئەو دەسەڵاتەش درایە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بۆچی نەکراوە تا ئێستا؟
د. میران محەمەد: کراوە، لەدوای کۆنگرە لەدوای ئەوەی کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا لیژنەیەکی تۆکمە لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی کە خەڵکێک بون شارەزاییان هەبو لە پەیڕەوی یەکێتی و خەڵکانی یاسایی تێدابو پەیڕەویان بۆ یەکێتی داناوە و دەسەڵاتی هەمو ئۆگان و مەکتەبەکان جیاکرایەوە  و هەر بەپێی ئەو پەیڕەوە بو کە سیستمی هاوسەرۆکی لە یەکێتی دانراو ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگاکان و لەدوای ئەوەش ئێمە بەرنامەی کارمان دانا، مەکتەب و ئۆرگانەکان بەرنامەی کاریان دانا و دەنگی لەسەر دراو لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەسەندکرا، بەپێی ئەو پەیڕەوە لەدوای شەش مانگ لە بڵاوکردنەوەی پەیڕەوەکە دەتوانیت هەندێک دەستکاری لە پەیڕەوەکەدا بکەیت ئەمەش دەسەڵاتی مەتڵەقی ئەنجومەنی سەرکردایەتییە و دەتوانێت پەیڕەو هەموار بکاتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکات.
خەندان: لە کۆنگرە سیستەمێکی نوێتان بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی دانا، ئەویش هاوسەرۆکی بو، ئەو جۆرە لە بەڕێوەبردن سەرکەوتو بوە، ئایا باشتان کرد پۆستی سکرتێری گشتییتان لادا و کردتان بە هاوسەرۆکی؟ 
د. میران محەمەد: سیستەمی هاوسەرۆکی، یەکێتی لە هەسارەیەکی دیکەوە نەمان هێناوە ئەحزابە کوردییەکانی دیکە چەند ساڵە لە تورکیا پەیڕەویان کردوە و سەرکەوتوش بون، کۆنگرە و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕوای وابو کە ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستان پێویستی بەوە هەیە کە سیستمی هاوسەرۆکی دابنرێت و ئێستا ئێمە دو هاوسەرۆکمان هەیە و زۆربەی هەڤاڵان و ئۆرگانەکانی یەکێتی پێی رازین و کۆکن لەسەر سیستمی هاوسەرۆکی، بەپێی ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستان سەرکەوتو بوە و هاوسەرۆکان هەردوکیان لەسەر یەک رێگەن و بە یەک ئاڕاستە کاردەکەن ئاڕاستەکەی ئەوان ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی خەڵک پارێزراو بێت و جارێکی تر یەکێتی ناخەنە ناو رێککەوتنێک یان سیاسەتێکەوە کە کادرەکانی خۆمان یان جەماوەری خۆمان پێی نیگەران بێت، یان خەڵک بەشێوەیەکی گشتی پێی نیگەران بێت.
خەندان: ئێستا کەسانێک لەناو یەکێتی دەڵێن، سیستمی هاوسەرۆکی تاڕادەیەک سەرکەوتو نەبوە و داوای یەک سەرۆکی دەکەن بۆ یەکێتی، ئێوە پێتان وایە ئەو بۆچونە تەواوە؟
د. میران محەمەد: سیستمی هاوسەرۆکی هەر لە سیاسەتدا نیە، ئێستا لە زۆربەی بوارەکانی بەڕێوەبردنیشدا سیستمی هاوسەرۆکی جێبەجێ دەکرێت، لە دائیرەیەک رەنگە دو مدیر باشتربێت و باشتر ئیشەکان رابپەڕێنن، بۆیە ئێستا کادیرەکانیش هەمویان دڵخۆشن بە سیستمی هاوسەرۆکی کە لەناو یەکێتی پەیڕەو دەکرێت.
خەندان: ھیچ جۆرە کاردابەشکردنێک ھەیە لە نێوان ھاوسەرۆکاندا؟ بۆ نمونە یەکێکیان کاروباری ناوخۆی حزب و ئۆرگانەکان بکات و ئەوی دیکەیان کاروباری دەرەکی و پەیوەندیە گشتیەکان؟
د. میران محەمەد: نەخێر هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە نەدراوە کە یەکێک لە هاوسەرۆکان سەرپەرشتی کاروباری ناوخۆی حزب بکات و هەڤاڵێکی دیکە سەرپەرشتی کاروباری دەرەوەی حزب بکات، بەڵام دۆسیەیەک هەیە هاوسەرۆکێک جێبەجێی دەکات لەدوای ئەوەی کە جێبەجێ کرد، هەڤاڵەکەی دیکەی هاوسەرۆک و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لێئاگادار دەکاتەوە کە ئەم دۆسیەیەی بەم شێوەیە جێبەجێ کردوە، ئەگینا بڵێی کاردابەشکراوە نەخێر دابەشنەکراوە و هاوسەرۆکان سەرپەرشتی هەمو ئۆرگان و مەکتەبەکان دەکەن. 
خەندان: جەنابت لە کاك شێخ لاهور شێخ جەنگی زۆر نزیکیت و زۆر جاریش لەگەڵ کاک بافل دەردەکەویت، ئایا بەڕاستیی نێوانی ئەوان چۆنە؟ 
د. میران محەمەد: پەیوەندی بەندە لەگەڵ کاک لاهور پەیوەندیەکی هاوڕێیەتیە، کاک لاهور هاوسەرۆک نەبوە هاوڕێم بوە و منیش مەکتەب سیاسی نەبوم هەر هاوڕێم بوە، ئێستا دو هاوسەرۆکمان هەیە کاک لاهور و کاک بافڵە هاوسەرۆکی ئێمەن بۆ کاروباری رێکخراوەیی و هەردوکیشیان پشتیوان و هاوکارن. 
خەندان: دۆخی دارایی و ئیدارەی گشتی یەکێتی چۆنە؟ کام لەھاوسەرۆکان سەرپەرشتی ئەو مەکتەبە گرنگەی یەکێتی دەکات؟
د. میران محەمەد: هەمو مەکتەبەکان و مەڵبەند و ئۆرگانەکان هەردو هاوسەرۆکان بەیەکەوە سەرپەرشتی دەکەن، بۆ هەم شتێکیش مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لێئاگادار دەکەنەوە.
خەندان: لەبارەی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، ئەو رێککەوتنە درێژکراوەی ڕێکەوتنی دەباشانە؟ یان تەنها بۆ ئەوەیە بە جەماوەرەکەتان بڵێن ئەوە ئێمە هەردولامان ڕێکەوتوین و یەک سەرچاوی بڕیاڕ و کەمپەین و ھەڵبژاردنمان هەیە؟ 
د. میران محەمەد: هاوپەیمانی ئێمە کە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کراوە وەکو رای شەخسی خۆم درێژکردنەوەی رێککەوتنی دەباشان نیە، بەڵکو ئەمە هاوپەیمانێتییەکە بۆ هەڵبژاردنی عێراق کردومانە، هەدەف چیە لەم هاوپەیمانییە کردومانە، یەکێتیش و گۆڕانیش و هەمو حزبەکانی تریش بڕواناکەم نکۆڵی لەوە بکەن کە بارودۆخی دارایی و ژیانی خەڵک زۆر زۆر خراپە، خەڵک لە نەهامەتییەکی گەورەدایە، بۆیە ئەم هاوپەیمانێتییەمان لەگەڵ گۆڕان هەدەفەکەمان ئەوەیە لەگەڵ گۆڕان یان لەگەڵ حزبەکانی دیکە لە بری ئەوەی کە مەشغوڵی ئەوەبین کە رەخنە لە یەکتری بگرین یان هێرش بکەینە سەر یەکتری بەڵکو هێزێکی گەورە دروستبکەین لە پەرلەمانی عێراق کە رەنگە ئەگەر سەرکەوتو بین و ئەگەر ئاسۆییەکی رونمان هەبێت بۆ کاری تەبایی و پێکەوە ژیان رەنگە حزبەکانی تریش بێنە ناو ئەو شێوازی ئیشکردنە تەباییەوە، بەمە دەمانەوێت هەوڵێک بدەین کە بارودۆخی خەڵک تۆزێک باشتر بکەین و ئەم نەهامەتییەی بەسەر خەڵک هاتوە تۆزێک کەمتری بکەینەوە، ئەگەر سەرکەوتو بوین کاری هاوبەشی زیاتر دەکەین لەگەڵ گۆڕان و دەچینە قۆناغێکی ترەوە و رەنگە لەگەڵ حزبەکانی دیکەش کاری هاوبەش بکەین.
خەندان: لەگەڵ گۆڕان کۆمیتەی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانتان دروستکردوە؟ بۆ نمونە ئەگەر کێشەیەک لە هاوپەیمانی کوردستان روبدات لە دیاریکردنی کاندیدێکدا، ئێوە چۆن چارەسەری دەکەن؟
د. میران محەمەد: لەگەڵ گۆڕان هاوپەیمانێتیەکەمان ئیمزا کردوە و دیارە لیژنە دروستدەکرێت بۆ ئەوەی کارەکان بە باشی بەڕێوە بڕوات، بەڵام ئەمانە شتی تەکنینی زۆر بچوکن لەبەرئەوەی رێککەوتنەکە لەسەر ئاستی سەرەوە کراوە، ئێمە لەسەر بنەما و هێڵە گشتییەکان و ئێمە هەردوکمان کۆکین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان. 
خەندان: پێتانوایە لەگەڵ گۆڕان چەند کورسی دەهێنن لە هەڵبژرادنەکانی پەرلەمانی عێراق؟ 
د. میران محەمەد: وەڵایی ناتوانم ژمارەکەت پێبڵێم بەڵام بەڵنیاییەوە ئەو کورسییانەی گۆڕان لە رابردو هێناویەتی یان ئێمە لە هەڵبژاردنی 2018 هێناومانە ئەگەر زیاتر نەهێنین دڵنیابە هی هیچمان کەمنابێتەوە.
خەندان: لەکەرکوک و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان پێشبینیتان بۆ ھەڵبژاردن چییە؟ بەتایبەت کەرکوک کە بەشاری جێنفوزی یەکێتی ناسراوە، هاوپەیمانێتیەکەتان چەند کورسی دەهێنێت؟
د. میران محەمەد: رەنگە کەرکوکییەکان گللەییان لە یەکێتی هەبێت، بەڵام بەڕای شەخسی بەندە قەد پشتی یەکێتی نادەن لە ئەرز، پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ کەرکوکییەکان پەیوەندییەکی سیاسی نەبوە، یەکێتی بەشێک بوە لە کەرکوک و کەرکوکیش بەشێکە لە یەکێتی، بۆیە بەبۆچونی من ئێمە لە کەرکوک هەر حزبێک جا ئەو حزبە عێراقی بێت یان حزبی کوردستانی بێت کە بیەوێت جێگەی یەکێتی بگرێتەوە لە کەرکوک بەهەڵەدا چوە، جێگەی یەکێتیان پێناگیرێتەوە.
خەندان: ئێوە راتان لەسەر کارەکانی حکومەتی هەرێم چۆنە، بەتایبەتی پارتی کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتەکەیە دەڵێت یەکێتی کارتی گوشار بەکاردەهێنێت، ئەوەش هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، پێتانوایە حکومەت کارەکانی بە باشی ئەکات؟ 
د. میران محەمەد: ئەمە رەئی خۆشم و رەئی هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیشە کە رۆژانە قسە دەکەین و گوێم لە هەڵوێستەکانیانە، ئەم حکومەتی هەرێمە کەموکورتی زۆرە و بڕیاری نامەدروسیشی زۆرە، یەکێتی لە رێگەی ئەو هەوڵانەی کە خۆی دەیدات، هەوڵدەدات چاکسازییەک لەم حکومەتەدا بکرێت لەشێوازی حکومڕانیدا بەشێوازی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت، بەڵام ئەگەر پارتی بە گوشار ناوی ببات یان هەوڵێکە بۆ ئەوەی یەکێتی زەخت لە پارتی بکات، یەکێتی ئەم هەوڵانەی بۆ ئەوەیە کە نەهامەتی خەڵک تۆزێک کەمبێتەوە، ئێمە راستە لە حکومەتداین بەڵام چاو لە کەموکوڕییەکان نانوقێنین لە حەقیقەت، ئەگەر بەو قسەیەی تۆ بێت، ئێمە بەرژەوەندی خەڵک و بەرژەوەندی پارتیشمان هەیە ئەگەر لەنێوان ئەو دوانەدا بێت بێ سێ و دو ئێمە بەرژەوەندی خەڵک هەڵدەبژێرین، مەسڵەحەتی خەڵک پێش دەخەین.
خەندان: ئێوە خۆتان پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن و جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک وەزیرتان هەیە، کە ناڕازین بۆچی هێشتوتانە حکومەت ئەو بڕیارە هەڵانە بدات وەکو جەنابت باسی دەکەین؟
د. میران محەمەد: راستە ئێمە لە حکومەتین و پێکهێنەری حکومەتین، ئێمە بە هەڵبژاردن چوینەتە حکومەتەوە و ئێمە دەنگی جەماوەری خۆمان هەیە لەهەمو شارو شارۆچکە و قەزاو ناحییەکان و قاعیدەی جەماوەری خۆمان هەیە بۆیە چوینەتە حکومەتەوە، بەڵام بونمان لە حکومەتدا مانای ئەوە نیە کە ئێمە چاوی خۆمان بنوقێنین لە کەموکورتییەکان، ئێمە رەخنە لەو هەڤاڵانەی خۆشمان دەگرین کە لە حکومەتن، هەڤاڵانی ئێمە بە وەزیرەکانمانەوە و بە جێگری سەرۆکی حکومەتەوە زیاد لە حەد خۆیان ماندو دەکەن بۆ ئەوەی رەزامەندی حزبەکەی خۆیان وەبگرن، رەنگە لە وەزیرەکانی تر زیاتر خۆیان ماندو بکەن، بەڵام ئەگەر کەموکورتییەک هەبێت لە حکومەت ناکرێت ئێمە خۆمانی لێبێدەنگ بکەین، کە ماوینەتەوە لەم حکومەتە بەدیلمان نیە، بەدیلی پۆست نا، پێمانوایە ئەگەر معادەلەیەک هەبێت کە ئێمە لە حکومەت بکشێینەوە و وەزعی خەڵک باش دەبێت و خراپتر نابێت دودڵی لێناکەین و جێبەجێی دەکەین، بەڵام تا ئێستا ئەو قەناعەتە دروستنەبوە.
خەندان: واتا تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەو بڕیارەی بکشێنەوە لە حکومەت؟
د. میران محەمەد: تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەو بڕیارە، لەبەرئەوەی یەکێتی هەمو بابەتەکانی لەبەردەمدایە و تەقیمی دەکات ئەگەر کشانەوە لە حکومەت وەزعەکەی پێچاک بێت بەدڵنیاییەوە ئێمە جێبەجێی دەکەین، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی کشانەوەمان لە حکومەت وەزعی خەڵکی پێچاک بێت، ئەم وەزعەی لە گۆڕانکاری لە شێواز و سیستمی حوکمڕانی حەل دەبێت.
خەندان: پێتانوایە ئەو بڕیارە هەڵانە کامانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردودا داویەتی؟
د. میران محەمەد: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵک متمانەی نەماوە، خەڵک متمانەی بە حکومەت نەماوە لەبەرئەوەی خەڵک زانیاری نیە و سیستمی دارایی حکومەت خراپە، خەڵک زانیاری لەسەر داهات نیە، خەڵک نازانێت ئەو موچەیەی کە دەیدرێت کەمە یان زۆرە، حکومەت پارەی تری هەیە یان نا، خەڵک نازانێت حکومەت چەندی پارە داناوە بۆ هەلی کار، حکومەت چەندی پارە داناوە بۆ پڕۆژە چەندی پارە داناوە بۆ موچە، بەبۆچونی من ئەگەر خەڵک متمانەی پەیدا کرد کە حکومەت شەفاف بو و شتەکانی باسکرد رەنگە خەڵک بە موچەیەکی کەمتریش قەتاعەت بکات، بەڵام ئێستا خەڵک تێگەیشتوە ئەگەر موچە بە کاملیش بدرێت دۆخی دارایی هەرباش نابێت لەبەرئەوەی کە متمانە نەماوە، بۆیە زۆرجار کە ئێمە باسی لامەرکەزییەمان دەکرد کە زەرورەتێکی حەتمیە ئامانجەکە ئەوەبو، کە پارێزگارەکان و قائیمقامەکان بزانن داهاتی سنورەکەیان چەندە لە خەڵکی دەگەیەنن و خەڵکیش رازی دەبێت، بۆیە هەتا زوتر ئەمە بکرێت و خەڵک زوتر بزانێت داهات چەندە و پارەی موچە و هەلی کار چەندە بۆ گەنجان ئەگەر هەبێت بەرەئی من متمانەکە دەگەڕێتەوە، ئەوە هەڵەکانە و تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەو قۆناغەی کە ئەوە جێبەجێ بکات.  
خەندان: دەوترێت یەکێتی پێیەکی لە حکومەتە و پێیەکی لە ئۆپۆزسیۆن، بۆچی خۆتان یەکلایی ناکەنەوە، لەکاتێکدا پێکهێنەری سەرەکی حکومەتە؟ 
د. میران محەمەد: ناکرێت کە کەموکورتییەکان ببینین چاوی خۆمان بنوقێنین، حکومەتی هەرێم کە پێکهات کارنامەیەکی هەبو، ئەم کارنامەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراو لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوبوەتەوە ئێمە لەسەر ئەساسی ئەو کارنامەیە چوینەتە ئەم حکومەتەوە کە بتوانین خزمەتی خەڵک بکەین و بتوانین خەڵک دابمەزرێنین، بۆیە هەر بڕیارێک پێچەوانەی ئەم کارنامەیە بێت دژی دەوەستینەوە، ئەگەریش لەمن بپرسیت حەز دەکەم لە حکومەت بێینە دەرەوە، هەندێک وەکو من بیردەکاتەوە و هەندێکیش وابیر ناکاتەوە، یەکێتی هەردو ئەگەرەکەی لەبەردەمە و هەرکاتێک زانی کشانەوە لە بەرژەوەندی خەڵکە بەدڵنیاییەوە دودڵی لێناکات بەڵام یەکێتی تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەو قەناعەتەی کە هاتنەدەرەوەی لە حکومەت دۆخی خەڵک باش ببێت، بۆیە بڕیار نەداوە و لە حکومەت ماوەتەوە.
وەزیرەکانیشمان زۆر چالاکن، ئەگەر شتێکیش لەبەرژەوەندی خەڵک نەبێت خۆمان بێدەنگ ناکەین لەبەرئەوەی لە حکومەتداین، شتی وانیە من لەبەرئەوەی لە حکومەتدام شتی باش بکەیت بڵێم دەستت خۆش بێت بڕیای نامەدروسیش بدەیت هەربڵێم دەستت خۆش بێت.
خەندان: لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەت باسی ئەوەتان کردوە کە حکومەت بڕیاری هەڵە دەدات وەکو خۆت باسی دەکەیت؟
   د. میران محەمەد: بەڵێ، تیمی حکومەت زۆربەیان سەرکردایەتین و لەزۆربەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەشدارن، پێش هەمو شتێک کە دێنە کۆبونەوە ئێمە لەگەڵیان باس دەکەین، زۆرجارهەبوە دەستخۆشیمان لێکردون وەکو ئەو هەوڵەی کە تیمی یەکێتی نواندی و دانوستانێکی باشی کرد کە وایکرد میزانیەی 2021 جێگیربکرێت، بەڵام لە شتی دیکەش ئێمە رەخنەیان لێدەگرین، پێش ئەوەی رەخنە لە حکومەت بگرین بەشێوەیەکی گشتی رەخنە لە تیمەکەی خۆمان دەگرین.
خەندان: خەڵک ئەوانە نابینێت، خەڵک ئەوە دەبینێت کە تیمی یەکێتی لە حکومەت بەشێکە لە کابینەکە و بەشدارە لە هەمو بڕیارەکاندا؟
د. میران محەمەد: خەڵک دەشبینێت کە یەکێتی تا چەند لەم کابینەیە ناڕازییە، رەنگە لەم کابینەیە لە هەمو کابینەکانی تر تیمەکەی ئێمە کێشەیان زیاتر بێت  و گلەییان هەبێت و بەیاننامەیان دەرکردوە، قەت تیمی حکومەت نەبوە پێکەوە بەیاننامە دەربکات، ئەوە تیمەکەی ئێمە بوە لەبەرئەوەی ئەوانیش رازی نین، ئەگەر لە وەزیرەکانی خۆشمان بپرسیت رەنگە لە ئەدای حکومەت رازی نەبن چ جای هەڤاڵاتی سەرکردایەتی خۆمان، ناکرێت ئەو رەخنانەی کە یەکێتی دەیگرێت بڵێن ئەمە بۆ هەڵبژاردنە یان گوشارێکە لە پارتی دەکات.
خەندان: یەکێتی حەز ئەکات ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە؟
 د. میران محەمەد: وەڵا من حەز دەکەم بەیانی حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، لەبەر کەموکرتییەکان و بڕیارە نامەدروسەکانی، هەندێک هەڤاڵی دیکە رەنگە وەکو من بیربکەنەوە و هەندێکی دیکە رەنگە بە شێوازێکی دیکە بیر بکەنەوە، یەکێتی ئەگەرەکانیش لەبەردەمدایە هەروەختێک زانی دۆخی خەڵکی پێچاکناکرێت و کشانەوە لە حکومەت نەهامەتییەکانی خەڵک کەمدەکەنەوە رەنگە ئەو بڕیارە بدات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەو بڕیارە.
  
خەندان: ئێوە ئەگەر پێتان خۆشە حکومەت هەڵبوەشێتەوە، ئەوکات بەدیلی خەڵک چی دەبێت؟
د. میران محەمەد: من وتم وەکو خۆم پێمخۆشە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام یەکێتی ئەنواع رای هەیە لەوبارەیەوە، دەتوانین حکومەتێکی بچوک دابێنین و مەسرەفی کەمتر بێت و چوار تا پێنج وەزارەت پێکبهێنرێت لەوانە وەزارەتی دارایی، تەندروستی و شارەوانی و ئەو وەزارەتانەی کە خزمەتگوزارین و خەڵک پێویستی پێی هەیە تاوەکو بڕیار دەدرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەوکات پێدەچێت ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئامانجی هەڵبژاردنە بۆ گۆڕانکاریە نەک بۆ پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن دۆخەکە نەگۆڕێت ئەوکات شێوازێکی حوکمڕانی ستەمکار جێگیر دەبێت، ئەگینا بۆ وەلانانی هیچ حزبێک نیە.  
شتێکی دیکە کە یەکێتی زۆر سوربو لەسەری مەسەلەی لامەرکەزی بو، کە دەسەڵاتەکان بدرێت یەکە ئیدارییەکانی هەمو کوردستان، کاتێک قائیمقام و کەسی یەکەمی ئیدارەکە زانی داهات چەندە خەڵکی لێئاگاداردەکاتەوە، بەمەش متمانە دەگەڕێتەوە، ئەوکاتە خەڵک بەم دۆخە رازی دەبێت، بەبۆچونی من سیاسەتی دارایی هەرێم ئەوەندە خراپە ئەگەر موچەش بدرێت دۆخی خەڵک رەنگە کەم بگۆڕێت، گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی پێوە دیارنابێت.
خەندان: لەبارەی لامەرکەزییەت کە جەنابیشت باست کرد، هەروەها پڕۆژەیەکیش هەبو کە هەرێمێک بۆ سلێمانی جیابکرێتەوە، بەشێک لە سەرکردایەتی پارتی دەڵێن، بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی لە پشت ئەو هەوڵەوە بوە، ئایا یەکێتی لەگەڵ لامەرکەزیە یان لەگەڵ جیاکردنەوەی سلێمانیە؟
د. میران محەمەد: ئەگەر بەشێک پێیوابێت بۆئەوەیە کە ئیشەکە نەکات، ئەگینا پڕۆژەی یەکێتی وازح بوە و هی ئەو خزبانەش بوە کە چونەتە ناو حکومەتەوە و رێککەوتون لەسەری، کە لامەرکەزی ئیداری و دارایی بۆ هەمو شارەکان هەبێت، یەکێتی نەیوتوە بۆ سلێمانی بێت و بیدەنە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر وتویەتی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاری دهۆک بۆ پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری سلێمانی و پارێزگارەکەش دەسەڵاتە داراییەکە بەرێوەبەری گشتی و قائیمقامەکە، پاشان چەند کەسێک بۆچونی وابوە کە هەرێمێک بۆ سلێمانی جیابکرێتەوە، کاتێک ئەوان دەڵێن بەشێک لە یەکێتی داوای جیاکردنەوەی سلێمانی دەکات بۆ ئەوەیە لامەرکەزی ئیداری و دارایی جێبەجێ نەکرێت، ئەگینا بەرنامەی لامەرکەزی یەکێتی کاری لەسەر کردوە و چەندین سەرکردایەتی یاسایی پڕۆژەکەیان ئامادەکردوە و پەیوەندیان کردوە و چونەتە لای کۆمەڵ و یەکگرتوی ئیسلامی بۆئەوەی شتێکی دەستەجەمعی بێت.
ئاسانترین نمونەت بۆ بهێنمەوە، ماوەی پێشو کۆرۆنا هات دۆخەکە ئەوەندە خراپ بو لە کەلار خەستەخانەی کۆرۆنا دادەخرا، ئەگەر لامەرکەزییەتێکی دارایی هەبوایە بەدەست بەرپرسی ئیداری گەرمیانەوە دەیتوانی بۆخۆی پارەی فەرمانبەر و کارمەندەکات بدات، ئەوەبو ئێمە وەکو یەکێتی چوین تا ئێستاش بەردەوامە و جێبەجێمان کرد، لە رانیە نەخۆشخانەیەک پێویستی بە یەک ملیار دینار واتا 100 دەفتەر بو، 100 دەفتەر ئەمڕۆ بۆ هەندێک خەڵک پارەی خانویەکە کە پێی دەکڕن، پەکی کەوتبو، ئێمە و هاوسەرۆک چوین جێبەجێمان کرد، لە شارەزور و سلێمانی بەهەمان شێوە، ئەگەر لامەرکەزی هەبێت راپەڕین بۆ ملیارێک دینار پەکی ناکەوێت کە ژیانی خەڵکی پێڕزگاربکرێت، یەکێتی پێداگیری دەکات کە دەبێت لامەرکەزی ئیداری و داراییەکەشی لەگەڵدا بێت، ئەمە نە بۆ هەڕەشەیە و نەبۆ ئیعاجکردنی هیچ لایەنێکە، بەڵام لامەرکەزی دارایی لەگەڵ نەبێت دەسەڵاتی گواستنەوە هەر بدەن بە پارێزگارەکان دەسەڵاتی گواستنەوە چیە؟ ئەمڕۆ خەڵک پێویستی بەوەیە میزانیەیەک لەبەردەم یەکە ئیدارییەکان بێت بۆئەوەی کارەکان پەکیان نەکەوێت، لە سلێمانی باخ وشک دەبێت و چیمەن وشک دەبێت، ئەگەر پارێزگاری سلێمانی یان پارێزگاری دهۆک کە پارەیەکی باشیان لەبەردەست بێت لەو داهاتەی کە هەیە چی پێویست بەوەیە حزب بچێت باخەوان بگرێت بۆ چیمەت و شار جوان بکات هەربەراستی، حزب کارەکەی ئەوەیە دەچێتە هەڵبژاردنەوە و خەڵک دەنێرێت بۆ حکومەت و پێویستە کارەکانی بکات، لەکاتی کۆرۆناکەدا ئێمە لەلایەنێکی سیاسیەوە ببوین بە لایەنێکی خزمەتگوزار. 
خەندان: ئەوکاتیش بەشێک لە خەڵک وادەیانبینی کە زیاتر بۆ بانگەشەیە ئەو چونە ناو خەڵکەی ئێوە؟ 
د. میران محەمەد: وەڵایی نەچوینایە بۆ کەلار و مانگانە یەکێتی دەعەمی نەکردایە خەستەخانەی کۆرۆناکە دادەخرا ئەوە با پێت بڵێم، چونکە ئەمڕۆ خەڵک پێویستی بە هاندانە، کارمەندێکی تەندروستی و دکتۆرێک دەبێت هان بدرێن کە قەیران و مەترسییەکی کوشندە هاتوە لەکاتێکدا دەوامی پێدەکەیت لەو شوێنانە، دەبێت هاندانێک هەبێت بۆ ئەو کەسانە. 
خەندان: پەیوەندی ئێوە لەگەڵ پارتی چۆنە، تاکەی لە حکومەت پێکەوە ئەبن و لە حزبیشدا لێک دور ئەبن؟ 
د. میران محەمەد: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پارتی نەلە خراپترین حاڵین نەلەباشترین حاڵین، چەندجارێک هەڤاڵانی هاوسەرۆک دوپاتیانکردوەتەوە کە یەکێتی ناچێتە هیچ رێککەوتێکی سیاسییەوە کە جەماوەری یەکێتی لێی ناڕازی بێت یان خەڵک لێی ناڕازی بێت، ئێستا شێوازی کارکردن لە ناو یەکێتی رەنگە بەلاتەوە سەیر بێت، هەمو شتێک هاوسەرۆکان دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی، مەکتەبی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بۆیە هیچ بڕیارێک نادرێت کە خەڵک و جەماوەری یەکێتی لێی نیگەران بێت، یەکێتی ئێستا خەڵک بەڕێوەی دەبات، ئەوەنیە کە سەرکردایەتییەکەی جەماوەری یەکێتی بەڕێوەبەرێت، ئەگەر رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی خەڵک بێت یەکێتی هێڵی سوری لەسەر هیچ حزبێک نیە، بەڵام بەخوا ئەگەر جەماوەر و خەڵکی خۆمان پێی نیگەران بێت ناچێتە ژێر بارییەوە.
خەندان: ئێستا باس لە زیادبونی داهات دەکرێت و دەوترێت 200 ملیار دیناریش لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێوە لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەت باسی ئەوەتان کردوە کە دەبێت کۆتایی بە لێبڕینی موچە بێت؟ 
د. میران محەمەد: بەڵێ لە هەمو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لەگەڵ تیمی حکومەت کۆبونەوەمان کردوە باسکراوە، بەبۆچونی من ئەگەر 200 ملیارەکەش بێت و ئەگەر موچەش بدرێت رەنگە وەزعی دارایی بەوشێوەیە نەگۆڕێت، سەرلەنوێ دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە شتەکان لای خەڵک ئاشکرا بێت و بزانرێت داهات چەندە و پارەی موچە چەندە و پارەی هەلی کار چەندە و متمانەیەک دروستببێتەوە، ئەگینا رەنگە بە 200 ملیارەکەش حەل نەبێت.
خەندان: ئەگەر 200 ملیارەکە گەیشت و پاشەکەوتی موچە لانەبرا، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟
د. میران محەمەد: کاتی خۆی دێینە سەر ئەوە، ئێمە ئەنجومەنێکی سەرکردایەتیمان هەیە و هەموی رەئی خۆی دەدات دانوستانێکی زۆر دەکەین و لەدوای ئەوە بڕیاری لێدەدەین.
خەندان: ئێوە ئێستا سنورێکی جوگرافیتان بەدەستەوەیە و لەروی هێز و ئەمنەوە هێزی سەرەکین، لەگەڵ گۆڕانیش هاوپەیمانێتیەکتان پێکهێناوە، لە بەغداش پۆستێکی باڵاتان هەیە کە پۆستی سەرۆک کۆمارە، ئایا لە دوای هەڵبژاردنی داهاتو هەوڵدەدەن ئەم پۆستە بپارێزن یان چی رێکارێک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی پێگەی خۆتان لە عێراق زیاتر بەهێز بکەن یان لانیکەم وەکو ئێستا بیهێڵنەوە؟
د. میران محەمەد: ئێمە باوەڕمان بە هەڵبژاردن هەیە و هاوپەیمانێتی دەکەین لەگەڵ حزبەکانی تر بۆئەوەی کە بەسودی خەڵک بێت و لەبەرژەوەندی خەڵک بێت، چونکە پێمانوایە شێوازی حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمیش کوردستانیش پێویستی بە پێداچونەوەیەک هەیە، ئەگەر ئەو پێداچونەوەی نەکرێت مەترسییەکی گەورە لەسەر خەڵک هەیە، مادام بڕوامان بە هەڵبژاردن هەیە هەوڵدەدەین لە رێگەی هەڵبژاردنەوە شێوازی حکمڕانی چاکسازی تێدا بکەین یان پێداچونەوە پێدا بکەین، هەڵبژاردن بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ستەمکاری حوکمڕانی جێگیر نەبێت و نەبێت مۆدێل.