جەمیل هەورامی لەبارەی نیوسەدە هاوڕێیەتی لەگەڵ مام جەلال، دۆخی یەکێتی و پێشمەرگە دێرینەکان بۆ خەندان دەدوێت

10:20 - 15/06/2021

6622جار خوێندراوەتەوە
جەمیل هەورامی

خەندان- هیوا عەبدوڵا 

جەمیل هەورامی،  سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی یەکێتی باسی لەوەکردوە نابێت سیاسەت و بازرگانی تێکەڵ بکرێن چونکە هیچ کاتێک مام جەلال کەنزیکەی نیوسەدە لەپێشمەرگایەتیدا بەیەکەوە بون و بۆ ئەوان سەرکردە و رابەرێکی روحی بو،  لەگەڵ ئەوەدا نەبوە پۆست و بەرپرسیاریەتی بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاربهێنرێن، دەشڵێت،  "دۆخی پێشمەرگە دێرینەکان زۆر خراپە و 17 موچەیان لە 2015، 2016 و 2017 وەرنەگرتوە".

کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان 20ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت
جەمیل هەورامی، لەبەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەدەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان 20ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، هۆکاری دواخستنی کۆنگرەش لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بۆ شەڕی داعش و قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە، بەوپێیەی پێش قەیرانی دارایی مانگانە 60000000 (شەست ملیۆن دینار)یان وەردەگرت و مام جەلالیش تا لەژیاندا بو مانگانە 20000 (بیست هەزار دۆلار) هاوکاری کردون، لەئێستاشدا لەلایەن هاوسەرۆکانی یەکێتی بڕی 50000 (پەنجا هەزار دۆلار) و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بڕی 50000 (پەنجا هەزار دۆلار)ی دیکەی پێداون و بەنیازن بەو بڕەپارەیە کۆنگرە ئەنجام بدەن.
بەنیازم جارێکی دیکە خۆم بۆ  سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان کاندید بکەمەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی دامەزرێنەران لەسەرجەم حزبەکان، ئەنجومەنی راوێژکاری و پێشمەرگەکانی ساڵی 1976 راستەوخۆ بەشداردەبن لەکۆنگرە بەوپێیەی "شەرەفی" هەڵگیرسانەوەی شۆڕی نوێ بەو کەسانە بڕاوە و بەگوێرەی دەستور بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک ئەندامی دیکەش لەرێگەی هەڵبژاردن و لەکۆنفرانسی مەڵبەندەکانی  كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانەوە دێنە ناو کۆنگرە، وتیشی "بەنیازم جارێکی دیکە خۆم بۆ  سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان کاندید بکەمەوە".
  لەکۆمەڵەکەمان زۆرینەی لایەنەکان لەیەکێتی، سۆسیالیست، شیوعی و گۆڕانیش نوێنەریان هەیە 
سەبارەت بە نوێنەرایەتی لایەنەکانیش لەكۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان جەمیل هەورامی وتی، زۆرینەی لایەنەکان لەیەکێتی، سۆسیالیست، شیوعی و گۆڕانیش نوێنەریان هەیە لە ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەکەیان و لەماوەی رابردوشدا پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان پەیوەندییان پێوەکردون، بڕیارە ئەوانیش لەکۆنگرەدا نوێنەرایەتیان هەبێت، "سەبارەت بە برادەرانی پارتیش کە ئەوان دەزگای گوڵانیان هەیە، ئێمە کاتی خۆی لەگەڵ کاک مەسعود کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بو ئەو بابەتەمان باسکرد کە  پێشمەرگە دێرینەکانی پارتیش ببنە ئەندام، هەرچەندە کاک مەسعود وتی بەلایەوە باشە و داوایکرد لیژنەیەک دروست بکرێت لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام دواتر برادەرانی پارتی نەهاتن و هۆکارەکەشی دەبێ لەئەوان ببپرسین".
دۆخی پێشمەرگە دێرینەکان زۆر خراپە و 17 موچەمان وەرنەگرتوە
لەبارەی دۆخی پێشمەرگە دێرینەکانیش وتی، دۆخی پێشمەرگە دێرینەکان زۆر خراپە و 17 موچەیان لە 2015، 2016 و 2017 وەرنەگرتوە، تەواوی موچەکانی دواتریش بەلێبڕینەوە وەرگیراون، پێشمەرگە دێرینەکان زۆربەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و پێویستییان بە چارەسەری هەیە، منداڵەکانیان وەک زیندانیە سیاسییەکان و پێشمەرگەی سەنگەر لەخوێندندا هاوکارییان ناکرێت، "لەکۆبونەوەکانیشمان لەگەڵ بەرپرسان لەوانە کاتی خۆی کە کاک مەسعود سەرۆکی هەرێم بو، کاک نەوشیروان و کاک قوباد سەردانمان کردون، هەمو جارێک دوای کۆبونەوەکان زۆر خۆشحاڵ دەبوین و دەیانوت داواکارییەکانتان مافی خۆتانە، بەڵام هیچ کامیان راستیان لەگەڵ نەکردین، لەکاتێکدا لەسنوری زەرد نەک پێشمەرگەی دێرین هیچ کادرێکی پارتی نەماوە زەوی پێ نەدرابێت، کەچی پێشمەرگەکانی ئێمە تائێستا زەوییان وەرنەگرتوە لەکاتێکدا فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەیە".
باوەڕم بەم جۆرە سیاسەتە نیە کە خەڵک بەرپرسیاریەتی هەبێت و بڕوات موڵک و ماڵی خەڵک داگیربکات
جەمیل هەورامی کە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بو لەبارەی خۆکاندیدنەکردنەوەی لەکۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی هۆکاری خۆ کاندیدنەکردنەوەی ئەوە بو کە تەمەنی هەیە و ناکرێت مرۆڤ تا دەمرێت هەر لەو پلەیەدا بمێنێتەوە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە "من باوەڕم بەم جۆرە سیاسەتە نیە کە خەڵک بەرپرسیاریەتی هەبێت و بڕوات موڵک و ماڵی خەڵک داگیربکات و بیخوات و کوڕەکانی دەوڵەمەند بکات بڕوات کۆمپانیا دابنێن، سیاسەت سیاسەت و کاسبیش کاسبییە، ئێمە کۆمەڵێک سەرکردە و پێشمەرگەی دێرینمان هەبون، کاتێک وازیان لەپۆستەکانیان هێنا و دەستیان بەکاسبی کرد، هیچ کەسێک قسەی پێ نەوتن، بەڵام من ئەندامی سەرکردایەتی، وەزیر،جێگر و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بم و لەپاڵ پۆستەکەدا سەرقاڵی کەسابەت بم ئەوە بەکارهێنانی پۆستەکەیە، بۆیە خەڵک لێت دەترسێت کەنەک ئیشی پێت بکەوێت یان توشی کێشەی بکەی تەندەر و زەویت دەدەنێ ".
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیشدا وابو کەباسی هیچ شتێک نەکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر پرسی سیاسەت و کاری بازرگانی قسەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی کردوە و ئەوانیش وتویانە چارەسەری دەکەن، بەڵام تائێستا دۆخەکە وەک خۆیەتی و لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیشدا ئەم بابەتە باس نەکراوە "ئەسڵەن کۆنگرەکە وابو کەباسی هیچ شتێک نەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت لەکۆنگرەدا گفتوگۆی بەرنامە بکەیت و بەگوێرەی سەردەمی ئێستا بەرنامە بنوسییەوە".
 مام جەلال وەک رابەرێکی روحی خۆم سەیر دەکەم
جەمیل هەورامی لەبارەی دەستپێکی هاوڕێیەتی و پێکەوەکردنی لەگەڵ مام جەلال وتی، ئەوان لەساڵی 1967ەوە یەکتریان ناسیوە کاتێک تەمەنی 17 ساڵان بوە و مام جەلال وەک رابەرێکی روحی خۆی سەیر دەکات. لەئێستاشدا هەمو هەڵوێست و گفتوگۆکانی لەسەر رێنماییەکانی ئەو جێبەجێ دەکات.
ساڵی هەشتاکان لەبەیتەرە 13000 (سێزدە هەزار دینار)مان بۆ پێشمەرگە برد
سەبارەت روداوی بردنی پارەی هەردو دامەزراوەی ئەوقاف و ڤێرتێرنەرییش کە مێژوەکەی بۆ دو ساڵ دوای بونی بە پێشمەرگە و سەرەتای ساڵی هەشتاکان دەگەڕێتەوە و وتی،  لەو کاتەدا شەڕی ئێران و عێراق لێک نزیک ببونەوە لەناوچەکانی ئەوان و شاخێک هەبو ناوی هەرزەلە و لای ناڵپارێز بوە لەو کاتەدا سوپای ئێران لەو شوێنە نزیک ببوە، ئێمەش هێزی شارەزورمان بردە ئەو ناوچەیە کە کاک مەلا بەختیار بەرپرسی بو، پێشمەرگە پارە و خۆراکی نەمابو و بەهۆی ئەوەی شەڕیش بو خەڵک نەیدەتوانی بێتە ئەو ناوچەیە، پێشمەرگەش مانگانەی 5 دینار بو و دومانگیش بو موچەیان وەرنەگرتبو، بۆیە بیرم کردەوە بچم داهات و پارەیەک لەشوێنێک بێنم، دوای ئەوەی نەخشەی هێنانی پارەکەمان داڕشت خۆم و پێشمەرگەیەک چوینە نزیک بەیتەرە، لەو کاتەدا دەممانزانی کارمەندی حسابات بەدەرگای پشتەوەدا دێت و بەرنامەمان وابو میلی دەمانچە لەو کەس بێنینەوە و پارە و ئۆتۆمبێلەکەی لێ بسەنین، هەرچەندە ئەو کەسە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا نەهات، بەڵام لەکاتی گەیشتنی پارەکەدا ئێمە بەدەرگای پشتەوە کە دەرگایەکی بچوک بو چوینەوە ژورەوە و چەکم لەکارمەندی حسابات راگرت کەهیچ جوڵەیەک نەکات و دواتریش پارەکەمان برد کە 13000 (سێزدە هەزار دینار) بو.
مام جەلال وتی دار لێرە سەوز نابێت، منیش وتم ئاخر دار وەک منداڵ وایە بیڕوێنی و بەجێیبهێڵیت دەمرێت
سەبارەت بە هەڵمەتی نەمام چاندن و زیادکردنی رێژەی سەوزاییش کە جەمیل هەورامی بەکەسێکی چالاکی ژینگەدۆست ناودەبرێت و هەزاران نەمامی لەماوەی ژیانی خۆیدا چاندوە، ناوبراو لەو بارەیەوە وتی، ئەوان لەتەوێڵە هەر لەمنداڵییەوە لەناو باخ و سەوزاییدا گەورەبون و ئەوەش کاریگەری هەبوە لەسەر دۆستایەتی بۆ ژینگە، ساڵی 1991 لەقەڵاچوالان لەگفتوگۆیەکدا مام خەلال پێی وتم هەرچەندە تۆ خەریکی دار ڕواندنیت بەڵام من شەش ساڵە لێرەم دار لێرە سەوز نابێت، منیش وتم ئاخر دار وەک منداڵ وایە بیڕوێنی و بەجێیبهێڵیت دەمرێت. بۆیە ژمارەیە دارمان ڕواندا و لەنێوان سلێمانی و سیتەک و لەچەند شوێنێکی دیکەش تا چوارتا ژمارەیەکی زۆر دارمان ڕواند، دواتریش مام جەلال وتی بڕۆ لەشارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی سەوزکردنی شارەکە، ئێمە لەپارکی ئازادییەوە دەستمان پێکرد، نەخشەی ئێستای پارکی ئازادی و گەشەپێدانی من کردوە.
کە من بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بوم 153 باخچەمان دروستکردوە
ئەوەشی خستەڕو، "لەو ماوەیەدا کە من بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بوم 153 باخچەمان دروستکردوە کە یەکێکیان پارکی ئازادی بوە، پێشتر بەرپرسان چالێنجیان کرد کە هەرکەسێک دارێک بڕوێنێت، من چالێنجی هەمو کورد دەکەم لەساڵێکدا هەر کەسێک با 10 دار بڕوێنێت بزانە کوردستان دەبێت بەچی، من لەفەرماندەی گشتی بەیەک وەجبە 43000 (چل و سێ هەزار) دارم ڕواندوە، هەروەها لەخورماڵ تا تەوێڵە ساڵانە 8000 بۆ 15000 نەمامم ڕواندوە بڕۆ بزانە بوەتە چ سەوزاییەک".
کارگەیەکی شەراب دەکەمەوە و داهاتەکەی بەسەر منداڵانی بێ سەرپەرشت دابەش دەکەم

لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی کارگەی شەرابیش لەشارباژێڕ کەپێشوتر باسی کردبو جەمیل هەورامی وتی، سورە لەسەر ئەو بیرۆکەیە و ئەگەر لەبەر بڵابونەوەی کۆرۆنا نەبوایە پلانی هەبو بچێتە ئەرمینیا کە ناسراوە بەوەی شەڕابی باشی هەیە، لەوێ شارەزایەکی دەهێنا و کارگەیەکی دروست دەکرد، ئەوەش سودی بۆ جوتیاران دەبێت و نرخی ترێ بەرزدەبێتەوە، پلانی ئەوەشی هەیە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتو ئەو پڕۆژەیە بکاتەوە و داهاتەکەشی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و خەڵکی کەمدەرامەت خەرج دەکات، چونکە وەک خۆی باسی کرد لەبنەمادا ئامانجی پڕۆژەکەی بۆ خزمەتکردنی جوتیارانە و رێگریکردنە لەچونەدەرەوەی پارەی کوردستان.