خەندان-
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) لەچوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەگەری بونی ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ، هێلیكۆپتەرى (ئینجنویتى) رەوانەی سەر هەسارە سورەکە کردوە و چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی 10 رۆژی داهاتودا هێلیكۆپتەرەکە یەکەم فڕینی لەئاسمانی مەریخ ئەنجام بدات و زانیاری لەبارەی هەسارەکە کۆبکاتەوە.
5 گەڕانی ئەنجامداوە کە ماوەی هەر یەکێکیان 90 چرکە بوە
بەوتەی بەرپرسانی ناسا هێلیكۆپتەرى (ئینجنویتى) لەو ماوەیەی رەوانەی سەر مەریخ کراوە 5 گەڕانی ئەنجامداوە کە ماوەی هەر یەکێکیان 90 چرکە بوە و بۆجوڵەکردنیشی وزە لە تیشکی خۆر وەردەگرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی زۆر ساردیشدا بتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن.

هێلیكۆپتەرەکە لەئێستادا دەتوانێت ماوەی 30 چرکە و نزیکەی 10 پێ لە سەر ڕوی مەریخ بەرزببێتەوە و بەرپرسانی ناسا هیواخوازن تەکنەلۆژیا ڕێگە بە توێژەران بدات لە داهاتودا بتوانن جوگرافیای هەسارەکە باشتر ببینن.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا دیمەنی زیاتری هەسارەکە بڵاوبکرێنەوە
ئەمریکا بوە یەکەم وڵات لە جیهاندا وێنە و ڤیدیۆی سەر مەریخ لە نزیکەوە نیشانبدات. ناسا 25 کامێرا و دو مایکی بە گەڕۆکەکەوە لکاندوە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا دیمەنی زیاتری هەسارەکە بڵاوبکرێنەوە.

ئاژانسی ناسا تاوەکو ئێستا 2400000000000 (دو ملیار و چوار سەد ملیۆن) دۆلاری خەرجکردوە بۆ ناردنی رۆبۆت و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەگەری ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە و بەدوای ئاسەواری ژیاندا دەگەڕێت.

بەشێک لە زانایانی ناسا پێیانوایە بەر لە 2500000000000 (دو ملیار و پێنج سەد ملیۆن) ساڵ، ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ هەبوە و ستیڤ جورزیک، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناسا بەوەکالەت ئاماژەی بەوەکردوە، "لەوانەیە لە ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی 2030 بتوانین لە چوارچێوەی زەوی و مانگ بچینە دەرەوە و مرۆڤ بنێرینە سەر مەریخ".