خەندان-
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرازێک لەلایەن گەشتیارێکەوە لە ناوچەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان کوژرا، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەسەر روداوەکە هاتەدەنگ و رایگەیاند، ئەوەی رویداوە ناشارستانی و نایاسایی بوە بۆیە ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتوە دەستگیردەکرێت و سزا دەدرێت.
فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی راسپێردراوە هەماهەنگی بکەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە
ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێم بە خەندان-ی راگەیاند، روداوی کوشتنی بەرازێک لەناوچەیەکی سروشتی لەدۆڵی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان، روداوێکی نایاسایی بوە و لەگەڵ رێنماییەکانی ژینگەدا ناگونجێت، بۆیە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی راسپێردراوە هەماهەنگی بکەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە.
ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتوە 500000 (پێنج سەد هەزار دینار) سزای دارایی دەدرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستدرێژیکردن بۆسەر ئاژەڵان قەدەغەیە و بەگوێرەی یاسا سزای بۆ دانراوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2015 تایبهت به راوكردن و پاراستنی ئاژهڵی كێوی و باڵندهكان، ئەو کەسەی بەرازەکەی کوشتوە 500000 (پێنج سەد هەزار دینار) سزای دارایی دەدرێت.
ئاژەڵانیش پێکهاتەی ژینگەن و بۆ هاوسەنگی ژینگەیی دەبێت پارێزراوبن
دەستەی ژینگە باوەڕیوایە جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان ئەرکی هەمولایەکە و جەختیش دەکاتەوە لەڕوی بایۆلۆجیەوە هاوشێوەی ئاو و هەوا، ئاژەڵانیش پێکهاتەی ژینگەن و بۆ هاوسەنگی ژینگەیی دەبێت پارێزراوبن.
لەلایەن یەکێک لەو کەسانەی بۆ سەیران لەو شوێنە بوە تەقەی لێدەکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە لەگوندی باقلانی سەر بە ناحیەی خەلەکان بەرازێک دەچێتە شوێنێک کە ژمارەیەک گەشتیاری لێیە و لەلایەن یەکێک لەو کەسانەی بۆ سەیران لەشوێنەکە بوە تەقەی لێدەکرێت، روداوەکەش کاردانەوەی لەلایەن ژینگەپارێزان و لەناوتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتوەوە.