واتسئاپ تایبەتمەندییەکی گرنگی بۆ بەکارهێنەرانی زیاد کرد

04:17 - 30/01/2021

15576جار خوێندراوەتەوە

خەندان- زانست و تەکنۆلۆژیا

لەنوێترین گۆڕانکارییەکانیدا تۆڕی پرۆگرامینەکانی واتسئاپ تایبەتمەندییەکیان بۆ ئەو ئەپڵیکەیشنەیان زیادکردوە، لەڕوی سەلامەتی زانیارییەکانییەوە پێشکەوتنی زیاتریان پێبەخشیوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ئەو کۆمپانیایە، لەمەودوا بەکارهێنەران زیاتر دڵنیادەبن لەو ئەپڵیکەیشنەی دایانبەزاندوەو بەکاریدەهێنن، چونکە ئەپەکە بە بینینی چاو یان لێدانی پەنجەی خاوەن هەژمارەکە دەکرێتەوە، ئەوەش پێشکەوتنێکی گەورەی ئەو کۆمپانیایەیە بۆ بەکارهێنەرانی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی بیزنس ئینسایدەری ئەمریکی، کۆمپانیای واتسئاپ ئەو خزمەتگوزارییەی لەپێناو سەلامەتی داتاو زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی زیاد کردوە، بەمانایەکی دیکە هیچ کەس ناتوانێت ئەو ئەپڵیکیشنە بەکاربهێنێت، تەنها لەڕێگەی چاو یان لێدانی پەنجەی خاوەن هەژمارەکەوە دەکرێتەوەو بەکاردەهێندرێت.

لەڕاگەیاندراوێکیدا کۆمپانیای واتسئاپ ئێوارەی دوێنێ هەینی رایگەیاندوە کە بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانەی کە بە سیستمی ئەپڵ و بە ڤێرژنی (IOS14) و سیستمی ئاندرۆید کاردەکەن، دەتوانن بەشداربن لەبەکارهێنانی پەنجە یان نیشاندانی چاو وەک پاسپۆردێک بۆ واتسئاپەکانیان.

لەماوەی ڕابردودا زۆرێک لە بەشداربوانی واتسئاپ بەهۆی چەند بڕیارێکی ئەو کۆمپانیایەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی و دەستبەرداری خزمەتگوزارییەکانیان بون، چونکە یەکێک لە بڕیارەکانیش بەستنەوەی واتسئاپ بو بە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە، ئەوەش وایکرد دەنگۆیەکی زۆر بڵاوببێتەوە کۆمپانیاکەش بەناچاری بڕیارەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە.