دەستەوانەی زیرەک.. باری دەرونیت بۆ بەڕێوەبەرەکەت ئاشکرادەکات

11:29 - 19/01/2021

4210جار خوێندراوەتەوە

خەندان- زانست و تەکنۆلۆژیا

لەنوێترین داهێنانی کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا، دەستەوانەی زیرەک هاتوەتە ئاراوە، کە دەتوانێت باری دەرونی کەسی بەکاربەر ئاشکرا بکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی عەرەبی، ئەو دەستەوانە زیرەکە لە دو دوگمە پێکهاتوە، یەکێکیان بە ڕەنگی زەرد و ئەوی دیکەیان بەڕەنگی شین، نەخشێندراوە، ڕەنگی زەرد لە دەستەوانەکەدا بەمانای دڵخۆشی کەسەکە دێت و شینیش بە مانای دڵتەنگی و خەمباری.

بەشێکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاو دامەزراوەکانی جیهان پێشنیاری ئەوەیان کردوە کە کارمەندەکانیان ئەو دەستەوانە زیرەکە لەدەستبکەن، تاکو بتوانن ڕێژەی باری دەرونیان بزانن کاتێک لە ماڵەوە کاردەکەن.

ئەو کاتەی کارمەندەکە دەستەوانەکە لەدەستدەکات، بەڕێوەبەرەکەی لەڕێگەی ئامێری مۆبایلەکەیەوە ڕێژەی باری دەرونی کارمەندەکەی بۆ دەردەکەوێت، دوای ئەوەی کۆنێکتی ئەپڵیکەیشنەکە لە مۆبایلەکەیدا دەکات.

 

کاتێک کەسەکە دەست بەهەر یەکێک لەو دوگمە شین یان زەردەدا بنێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەرەکەی لە باری دەرونیەکەی ئاگاداردەبێتەوە.

بەڕێوەبەرەکان ئەو پێشنیارەیان بۆ کارمەندەکانیان کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ئەو دەستەوانەیە کارێکی ئارەزومەندانەیە، بەمانایەکی دیکە بەڕێوەبەری هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت وەک فەرمان بیسەپێنێت.