بەهۆی زۆری بەشداربوانیەوە سیگناڵ کێشەی تێدەکەوێت

05:28 - 17/01/2021

3639جار خوێندراوەتەوە

خەندان- زانست و تەکنۆلۆژیا

سەرپەرشتیارانی تۆڕی پرۆگرامی سیگناڵ ئاشکرایانکردوە بەهۆی زۆری بەشداربوانییەوە لەماوەیەکی کورتدا، بۆ چەند سەعاتێک کێشەی تەکنیکی بۆ دروستبوە.

نوێنەرو وتەبێژی ئەو کۆمپانیایە بۆ دڵنیاییکردنەوەی بەشداربوەکانی ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەو کێشە تەکنیکییەی بۆ پرۆگرامەکەیان دروستبوە، بەهۆی پێشوازیکردنی سیگناڵ بوە لە ملیۆنان بەشداربو لە ماوەیەکی کەمدا.

زۆرێک لەو کەسانەی لەڕێگەی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانەوە ئەپڵیکەیشنی سیگناڵ بەکاردەهێنن، بۆ ماوەی چەند سەعاتێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە بێبەشبون، بەڵام دواتر کێشەکە لەلایەن کۆمپانیاکەوە چارەسەرکرا.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردو بەکار‌هێنەرانی واتسئاپ توڕەییان نیشاندا لە بڕیارێکی ئەو کۆمپانیایە سەبارەت بەگرێدانەوەی زانیارییەکان لەگەڵ فەیسبوکدا، زۆرێک لە بەشداربوانی ئەو ئەپەیان لەسەر مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوەو ئەپڵیکەیشنی سیگناڵیان لە شوێنیدا دابەزاندوە.

بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایە ئاشکرایانکردوە کە پەرەیان بە سێرڤەرەکانیان داوەو زیادیانکردوە، بۆ ئەوەی چیدیکە بەکار‌هێنەرانیان دوچاری ئاریشەی لەو جۆرە نەبنەوە.

 

سیگناڵیش هاوشێوەی واتسئاپ و ڤایبەر بۆ گۆڕینەوەی نامەو زانیارییە کەسییەکان بەکاردەهێندرێت.