سێ دەریاچەی دیكەی ئاو لەسەر مەریخ دەدۆزێنەوە

11:04 - 29/09/2020

9534جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە مەریخ ئاژانسی فڕینناسی و بەڕێوەبەرایەتی بۆشایی ئاسمان سێ دەریاچەی ئاوی دۆزییەوە و زانایان بە گرنگییەکی زۆرەوە لێی دەڕوانن.

بەهۆی بونی گومان و مشتومرێکی زۆر بونی ئەو دەریاچەیە پشتراستنەکرایەوە
ماڵپەڕی نەیچەر توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، دو ساڵ لەمەوبەر زانایانی بواری گەردونناسی دۆزینەوەی دەریاچەیەکی گەورەی ئاوی سوێریان لە ژێر سەهۆڵ لە جەمسەری مەریخ ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆی بونی گومان و مشتومرێکی زۆر بونی ئەو دەریاچەیە پشتراستنەکرایەوە.
 زانایان هەبونی ئەو دەریاچەیە پشتراستدەکەنەوە و سێ دەریاچەی دیکەشیان دۆزیوەتەوە
ئاماژەی بەوەشكردوە، وێڕای ئەوەی لەوكاتەدا بونی دەریاچەكە پشتڕاستنەكرایەوە، ئێستا زانایان هەبونی ئەو دەریاچەیە پشتراستدەکەنەوە و سێ دەریاچەی دیکەشیان دۆزیوەتەوە.
 
دۆزینەوەی ئەو زانیارییە نوێیە بە ڕێگای بەکارهێنانی ڕادار (سیستمی چاودێری) لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەوروپی لە بواری هەسارەناسیدا ئەنجامدراوە، بە هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی فڕینناسی و بەڕێوەبەرایەتی بۆشایی ئاسمان (ناسا).
هەمان دەریاچەی ئاومان ناسیەوە كە دو ساڵ لەمەوبەر ئاشكراكرا، لەگەڵ سێ دەریاچە دیکەی ئاویی لە دەوروبەری دەریاچە سەرەکییەكەدا
ئەلینا پیتینێڵی، گەردونناس لە زانکۆی رۆما و یەکێکە لە ئەندامانی ئەم توێژینەوەیە ڕایگەیاند، هەمان دەریاچەی ئاومان ناسیەوە كە دو ساڵ لەمەوبەر ئاشكراكرا، لەگەڵ  سێ دەریاچە دیکەی ئاویی لە دەوروبەری دەریاچە سەرەکییەكەدا، بۆیە توێژینەوەکە بوەتە سیستمێكی ئاڵۆز.

رادارە نوێیەكانی كە لە ناوچەكانی ئانتراكتیكا و گرینلاند جێگیركراون، بەكارهێنراون بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر هەسارەی مەریخ.
 پێنج جار لە وڵاتی ئەڵمانیا گەورەترە 
دەرچایە سەرەكییەكە نزیکەی 75000 کلۆمەتری چوارگۆشەیە کە پێنج جار لە وڵاتی ئەڵمانیا گەورەترە و سێ دەریاچەی دیكەش نزیکی دەریاچە سەرەکیەکە هەن ئەوانیش هەر یەكێكیان چەند کیلۆمەترێک پانتاییەكەیانە.

پیتینێڵی لەوبارەیەوە رونیشیكردوەتەوە، ئەگەر بتوانن بیسەلمێنن ئاو لەسەر هەسارەی مەریخ هەیە، هیوایەكیش هەیە بۆ ئاشكراكردنی شتی زۆر گەورەتر، ئەگەر ئاو هەبێت واتای ئەوەیە ئەگەری بونی ژیانیش لەسەر ئەو هەسارەیە هەیە.