خەندان-
گەردونناسان دۆزینەوەی گەلەستێرەیەکی نوێ لە گەردوندا ئاشکرا دەکەن، کە تەمەنی دروستبونی هاوشێوەی گەلەستێرەی رێگای شیری (یاخود کاکێشان)ە و بە دوانەی رێگای شیری ناوی دەبەن.
شێوە و پێکهاتەی گەلەستێرەکە هاوشێوەی ئەو گەلەستێرەیە، کە کۆمەڵەی خۆر و هەسارەی زەوی تیادایە
بەگوێرەی دۆزینەوەی ئەو گەردونناسانە، شێوە و پێکهاتەی گەلەستێرەکە هاوشێوەی ئەو گەلەستێرەیە، کە کۆمەڵەی خۆر و هەسارەی زەوی تیادایە.
ناوی دوانەی گەلەستێرەی رێگای شیرییان بەسەردا سەپاندوە
تەمەنی ئەو گەلەستێرەیە بە 13.8 ملیار ساڵ مەزەندە دەکرێت، کە ئەوەش هاوشێوەی گەلەستێرەی کاکێشانە و بۆیە ناوی "دوانەی گەلەستێرەی رێگای شیری"یان بەسەردا سەپاندوە.
بە تەواوی لە شێوە و فۆڕم و کاتی دروستبوندا هاوشێوەی گەلەستێرەی رێگای شیریە
لەوبارەیەوە فرانسێسکا ریتزۆ، گەردونناس لە پەیمانگای ماکس پلانک بۆ توێژینەوەی گەردونی و لێکۆڵینەوە لە دروستبونی تەنی ئاسمانی و هەسارە دەڵێت، "ئەو گەلەستێرەیە کە ناونراوە SPT0418–47 بە تەواوی لە شێوە و فۆڕم و کاتی دروستبوندا هاوشێوەی گەلەستێرەی رێگای شیریە".
ریتزۆ دەشڵێت، "دوری گەلەستێرەی SPT0418–47 دوانزە ملیار ساڵی روناکییە لە گەلەستێرەی خۆمان، بۆیە ئەو وێنایەی ئێستا ئێمە دەیبینین هی 1.4 ملیار ساڵ دوای دروستبونی گەردونە".
"رێگای شیری" یان "کادز" یان "ڕێی کاکێشان" (Milky way) ئەو گەلەستێرەیە، کە (کۆمەڵەی خۆر) ی تێدایە و مرۆڤی تیادا دەژی، ناوی شیری ئاماژە بە شێوازی بینرانی ئەم گەلەستێرە لە زەویەوە دەکات، کە بەھۆی ھەبونی ژمارەیەکی فراوان لە ئەستێرەکان تیایدا (کە بە ھێزی بینینی ئاسایی چاو نابینرێن و لێک جیا ناکرێنەوە) لە ئاسمانی تاریک و دور لە پیسبونە تیشکیەکانەوە وەک ھێڵێکی روناک دێتە پێش چاو.
"رێگای شیری" بە شێوازی مارپێچێکی پەلکەپەلکە و لەسەر شێوەی بازنە بڵاوبوەتەوە کە تیرەکەی لە نێوان 100 هەزار بۆ 180 هەزار ساڵی تیشکی دەبێت، تەمەنی گەلەستێرەی رێگای شیری 13.8 ملیار ساڵە.